سینەماکارانی باکووری کوردستان لە فیلمە فێستیڤاڵی دهۆک بەشدارن: فیلمەکانیان لە ئاستێکی بەرزدان




کوردانی باکووری کوردستان بە 14 فیلم بەشداریی فیلمە فێستیڤاڵی دهۆک دەکەن، لەنێو ئەو 14 فیلمەشدا فیلمی درێژ، کورت و دۆکیۆمێنتاری هەن، گوتەبێژی فیلمە فێستیڤاڵەکەش دەڵێت، هەموو ساڵێک کوردانی باکووری کوردستان بەشدارییەکی زۆریان لە فێستیڤاڵەکەدا هەیە.
 
گولبین بۆزان، ئەکتەری باکووری کوردستان و دەرهێنەری فیلمێکی کوردییە، بە فیلمی "60 خولەک" بەشداریی فیلمە فێستیڤاڵی دهۆکی کردووە و دەڵێت، چیرۆکی فیلمەکە چیرۆکی ژن و بەرخودانی ژنە، "خۆشحاڵم لە باشووری کوردستان بەشداریی فێستیڤاڵەکە بووم، هیوادارم لە چوار پارچەی کوردستان فێستیڤاڵی لەم شێوەیە هەبێت."
 
بوونی فیلمە فێستیڤاڵی دهۆک بۆ بەشێک لە بەشداربووان دەبێتە دەرگەی لێکنزیکبوونەوەی بیروڕایان بۆ بەرهەمهێنانی کاری زیاتر.
 
سەمیر یەڵدزەز، وێنەگری سینەمایی دەڵێت، بەڕاستی فێستیڤاڵەکان چەند زیاتربن و لە شارەکاندا هەبن، وەکو مارکێتینگە و هەموو سینەماکاران لە باشوور، باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا لەدەوری یەکدی کۆدەکاتەوە.
 
کوردانی باکووری کوردستان بە 14 کورتە فیلم، فیلمی درێژ و دۆکیۆمێنتاری بەشداربوون، کە چیرۆکەکانیان لەسەر بابەتی جیاوازن؛ هەروەها سێ فیلمی تورکیش لە فێستیڤاڵەکە بەشدارن.
 
مەسعود عارف، گوتەبێژی فیلمە فێستیڤاڵەکە دەڵێت، فیلمەکانی کوردانی باکووری کوردستان لە ئاستێکی بەرزدان، فیلمی جۆراوجۆرن، ئەمەش هەوڵ و بزاڤێکی زۆر باشە سەرەڕای قەیرانی ماددی.
 
نۆهەمین فیلمە فێستیڤاڵی دهۆک، لە 1 تاوەکو 8ی کانوونی یەکەمی 2022 لە شاری دهۆک بەردەوام دەبێت.

-Rudaw



AM:10:39:05/12/2022




ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌