36 گەشتیاری ئەوروپی چوار رۆژە گەشتیان بۆ هەرێمی کوردستان کردووە. ئەوان بە 18 کەرەڤانەی گەشتیاری لە ئەوروپاوە گەیشتوونەتە هەولێر، کەرەڤانەکانیان هەموو پێداویستییەکی نوستن و حەوانەی تێدایە، بۆیە پێویستیان بە هۆتێل نییە.
تایلەر هایندس، گەشتیارێکی سویسرییە و دەڵێت، "ئێمە لێرە زۆر ئاسوودەین چونکە هەست بە ئاسایش دەکەین؛ خەڵکی ئێرە زۆر باشن و هەمیشە حەز دەکەن هاوکاریت بکەن، ئەوەش شتێكی گرنگە."
گەشتیارە ئەوروپییەکان لە وڵاتانی ئەڵمانیا، سویسرا و هۆڵەنداوە هاتوون، هەموویان بە تەمەنن و لە نێوان 50 بۆ 100 وڵاتیان بینیوە، دوای خانەنشین بوونیان دەیانەوێت سرووشت، کولتوور، شوێنەوار و خەڵکی جیاوازی دیکەی جیهان ببینن.
جەن وێلبێرگ، گەشتیارێکی هۆڵەندییە و گوتی، "ئێمە دوێنێ هەولێرمان بینی، چووینە قەڵای هەولێر و بازاڕی کۆنی شارەکە و پاشانیش چووینە چیای کۆڕەک، خەڵکی ئێرە زۆر باشن."
ئەوان جگە لە چاو و زوومی کامێراکانیان، بە نووسین و وشە یادگاری رۆژانەیان تۆمار دەکەن، بۆ ئەوەی قۆناخ بە قۆناخی گەشتە جیهانییەکەیان بۆ هەمیشە وەک چیرۆکێک لە یاد و یادەوەرییان بمێنێتەوە.
ئولغیکا هێت، گەشتیارێکی ئەڵمانییە و دەڵێت، "لە دەفتەری یادەوەرییەکانم، یادەوەرییەکانی ئەم گەشتەم نووسیوە."
هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ بەبازاڕکردن و هێنانی سەرنجی گەشتیارانی بیانی، چونکە تائێستا لە کۆی ژمارەی گەشتیارانی ساڵانە، گەشتیارانی بیانی رێژەی 15%یان تێنەپەڕاندووە.
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: هاتنی گەشتیاری بیانی بۆ ئێمە زۆر گرنگە، جگە لە رەهەندی ئابووری و کۆمەڵایەتی، رەهەندی سیاسیشی هەیە.
پلانی ئەمجارەی گرووپە گەشتیارییەکە، سەردانی نۆ وڵات و هەرێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەو گرووپە گەشتیارییە، یەکەم وێستگەی گەشتەکەیان بۆ هەرێمی کوردستانە، دوای سەردانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی و کەنداو، بڕیارە هەر بە هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە ئەوروپا.
بڕیاریشە دوای گەڕانەوەیان چەند رۆژێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە و سەردانی ژمارەیەک ناوچەی دیکەی گەشتیاری و شوێنەواریی بکەنە بەشێک لە تۆماری رۆژانەی گەشتەکەیان.
-Rudaw