دی دەبلیو: بەهۆی گوشاری بەرپرسانەوە تیمەکەمان عێراقی جێهێشت




میترۆ،رووداو 

کەناڵی دۆچە ڤللەی عەرەبی رایگەیاند، تیمەکەیان بەهۆی "گوشاری قبووڵنەکراو"ی بەرپرسانی عێراقەوە، رۆژی پێنجشەممە عێراقیان جێهێشت. 
 
دۆچە ڤللە تۆڕێکی میدیایی ئەڵمانییە و کەناڵە ئاسمانییەکانی بە چەندین زمان پەخشدەکەن، لەوانەش عەرەبی. دۆچە ڤللەی عەرەبی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، نامەیەکی ناڕەزاییان داوەتە باڵیۆزخانەی عێراق لە بەرلین. 
 
جەعفەر عەبدولکەریم کە میدیاکارێکی ئەڵمانی بە رەچەڵەک لوبنانییە و بەرنامەی "جەعفەر تۆک" پێشكێشدەکات، بڕیاربوو لە بەغدا بەرنامەیەک لەسەر "بێکاریی گەنجان، بەشداری سیاسی و مافەکانی ژنان" پێشكێش بکات.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی DW، بڕیاربوو نوێنەرانی خۆپێشاندانەکانی تشرین لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی لە بەرنامەکەدا بەشدار بن. بەڵام DW دەڵێت، "تا دەهات گوشاری بەرپرسانی باڵای عێراق" لەسەر تیمەکەی زیاد دەبوو، ئەوەش دوای ئەوەی کە میدیایەک ڤیدیۆیەکی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە کە تێیدا پێشكێشکاری بەرنامەکەی تۆمەتبارکرد بەوەی هەوڵی بڵاوکردنەوەی "لادان و رەفتاری نابەجێی سێکسی" لە بەغدا دەدات. 
 
بەرنامەکە پێشتر لە چەند ئەڵقەیەکدا باسی لە هاوڕەگەزخوازی کردبوو؛ بابەتێک کە لەگەڵ کولتوور و ئایینی عێراق و وڵاتانی ئیسلامی بە گشتیی ناگونجێت. 
 
میدیا ئەڵمانییەکە گوتی، بەرنامە هەفتانەییەکە "باس لەو بابەتانە دەکات کە لە ناوچەکە بە قەدەخەکراو دادەنرێن." DW ئاماژەی بەوەش کرد کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق "لە ناکاو داوایانکرد مۆڵەتێکی تایبەت بۆ تۆمارکردنی بەرنامەکە وەربگیرێ، وێڕای ئەوەی کە پێشتر داوای مۆڵەتی ئاسایی کردبوو و پێی درابوو."
 
کەناڵەکە باس لەوە دەکات، رۆژی چوارشەممە چەند کەسێک لە وەزارەتی نێوخۆی عێراقەوە چوونەتە هۆتێلی جەعفەر عەبدولکەریم و پێیانیان راگەیاندووە کە بێ مۆڵەت، رێگەی پێ نادرێت کاربکات و "دەکرێت رووبەڕووی دەستگیرکردن بێتەوە ئەگەر پابەند نەبێت،" بۆیە رۆژی دواتر تیمەکە عێراقی جێهێشتووە. 
 
مانوێلا کاسپەر کلاریج، سەرنووسەری دی دەبلیوی عەرەبی دەڵێت: "شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژنامەڤانان لە عێراق، مایەی نیگەرانییە. هەڕەشەکردن لە تیمەکەمان و پێشكێشکارەکەمان جەعفەر عەبدولکەریم لە لایەن هێزەکانی عێراق کە دەیانەوێت کۆتایی بە ئازادیی رادەربڕین بهێنن، مایەی قبووڵکردن نییە."
 
لە پێنوێنی پەیامنێرانی بێسنوور بۆ مەترسیدارترین وڵاتان بۆ رۆژنامەڤانان، عێراق لە کۆی 180 وڵات لە ریزبەندی 172دا دێت.
 



AM:09:55:06/02/2023




ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌