وردەکاریی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی کەمپی چەمشکۆ و گیانلەدەستدانی دوو منداڵ




ميترو,رووداو 

ئاگر لە کامپی چەمشکۆ کەوتەوە و دوو منداڵ بەناوەکانی محەمەد حەمزە تەمەن ساڵێک و نیو و حەکیم حەمزەی برای تەمەن چوار ساڵ، سووتان و گیانیان لەدەستدا.
 
سێ خێوەت ئاگریان گرت. لەکاتی ئاگرکەوتنەوەکە، محەمەد و حەمزە لە خیوەتەکەیاندا نووستوون، باوکیان لە عەلوە بووە کرێکاری کردووە، دایکیشیان چووەتە خێوەتی ماڵە دراوسێیەکیان، کاتێک لەپڕ ئاگر تەشەنەی کردووە، تەشەنەسەندنی ئاگرەکە ئەوەندە خێرا بووە، کەس نەیتوانیوە فریای منداڵەکان بکەوێت.
 
حەسەن حازم، خاڵی منداڵەکان قسە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و باسی رووداوەکە دەکات، دەڵێ "ئەوە چادری خوشکەکەمە و لە چادری ئێمە نزیکە، ئەو بە کاری ماڵ هاتبووە لای ئێمە و لەگەڵ دراوسێکانی وەستابوو کە ئاگر لە ماڵەکەی بەربووە، ئەویش کەمێک سووتاوە بەڵام توانیوەتی کوڕە گەورەکەی رزگار بکات".
 
عەمار نووری، کەسوکاری قوربانییەکانە و باس لەوە دەکات ئاگرەکە زۆر بەهێز بووە و کەس نەیتوانیوە بیکوژێنێتەوە، "هەندێک دەڵێن ئاگر لە سۆپا بەربووە".
 
لە رووداوەکەی کەمپی چەمشکۆ، دوو خێوەت بەتەواوی سووتان و یەکێکی دیکەش نیوەی. رووداوەکە جگە لە زیانی گیانی، زیانی ماددیی زۆریشی هەبووە. تائێستا هۆکاری تەواویی دروستبوونی ئاگرەکە نازانرێت، بەڵام لیژنەیەک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لقی دهۆک بۆ خەمڵاندنی زیانەکان و دەستنیشانکردنی تەواوی هۆکارەکەی پێکهاتووە.
 
ئەسکەندەر محەممەد سەلیم، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لقی دھۆک باس لە هۆکاری ئاگرەکە دەکات و دەڵێ "هۆکارەکەی ئەو جۆرە وایەرانەن کە چەند ساڵێکە نەگۆڕاون، بەمەش هێزێکی زۆری دەکەوێتە سەر".
 
لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، ئەمە حەوتەمین روودانی ئاگرکەوتنەوەیە لە کەمپی ئاوارەکانی شنگال لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ. لە کامپەکەدا شەش ئەمپێر کارەبای نیشتمانی دەدرێتە هەر خێوەتێک، بەهۆی سەرما و کەمیی نەوتیشەوە، هەموو ماڵەکان هیتەری دادەگیرسێنن کە ئەمەش دەگوترێت هۆکاری زۆربەی ئاگرەکانە.
 


AM:10:20:06/02/2023




ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌