نەتەوە یەکگرتووەکان: بوومەلەرزە هەڕەشە لە گەیاندنی یارمەتە مرۆییەکان بۆ سووریا دەکات




میترۆ، رووداو 

وتەبێژی ئاژانسی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بوومەلەرزەکە مەترسی بۆ سەر گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان لە رێگەی سنوورەوە بۆ سوریا دروستکردووە، چونکە ستافی نەتەوە یەکگرتووەکان و شوفێری بارهەڵگرەکانیش وەکو هەمووانی دیکە لە نێو داروپەردووەکاندا بەدوای ئەندامانی خێزانیان دەگەڕێن. 
 
یێنس لەیارک، باس لەوە دەکات، بوومەلەرزەکە "کاریگەریی تراجیدی لەسەر خەڵکێکی زۆر هەبووە، لەوانەش ستافەکەمان". ئەو، داوای یارمەتی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات و دەڵێت: "تکایە، ئەمە هیچی بە سیاسی مەکەن، با یارمەتییەکە بگەیێنینە دەستی خەڵکەکە کە زۆر پێویستیان پێیەیتی".
 
تاکە دەروازەی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ باکووری رۆژئاوای سوریا، دەروازەی بابلهەوایە لەنێوان ئیدلب و هاتای، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بوومەلەرزە 7.8 پلەکەی رۆژی دووشەممە زیانی گەورەی بە رێگەوبان و ژێرخانی ناوچەکانی دەوروبەر گەیاندووە. 
 
وتەبێژەکەی ئاژانسی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە لە بارەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان، باشووری تورکیا و باکووری سوریاوە لە جنێڤ رایگه‌یاند: "ئەوێ ناوچەی کارەساتە".
 
رێکخراوە مرۆییەکان باس لەوە دەکان، چەند هەزار باڵەخانەیەک لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا رووخاون. 
 
نیگەرانییەکان بە دیاریکراوی لەبارەی سوریا و رۆژئاوای کوردستان لە زیادبووندان، چونکە کارەساتە سرووشتییەکە لە کاتێکدایە ناوچەکە رووبەڕووی هەژاری، سەرماوسۆڵەی زستان، قەیرانی ئاوارە و پەتای کۆلێرا دەبێتەوە.  
 
یەکێک لە نیگەرانییەکان چۆنیەتیی گەیاندنی یارمەتییە بە هەموو ئەوانەی، لە سوریا پێویستیان پێیەتی. 
 
گەیاندنی یارمەتییەکان بە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی نەیاری دیمەشق لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی تورکیاوە، میکانزمێک بوو لە ساڵی 2014 لەلایەن ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتیی رەزامەندی لەسەر درا، بەڵام لەو کاتەوە بەردەوام لە لایەن دیمەشق و مۆسکۆوە دژایەتیکراوە و ژمارەی دەروازە کراوەکان لە چوارەوە بۆ یەک کەمکراوەتەوە. 
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان تاساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە چوارشەممە، کاژێر 09:30ـی بەیانیی 8-2-2023 لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا 2370 کەس گیانیان لەدەستداوە و رێکخراوی مافی مرۆڤ عەفرین - سوریا دەڵێ زیاتر لە 2300 کەسیش بریندارن، بەڵام ئامارەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان بەهۆی رەوشی ئەو وڵاتە کە بوومەلەرزەکان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت و ناوچەی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنیان گرتووەتەوە، جیاوازن. 
 


PM:08:27:08/02/2023




ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌