چیرۆكی پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوس عەزیز رەسوڵ لەكاتی روماڵكردن-دا





میترۆ، كه‌ركوك ناو 
ماوەی‌ دوو رۆژبوو لە ژمارەیەك پەڕە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سۆسیال میدیا، هەواڵی ناوتۆماركردن بۆ دامەزراندنی 1000 كەس، وەكو پێشمەرگە، بۆ هێزێكی تایبەت بە محەمەد حاجی‌ مەحمود، سكرتێری گشتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بڵاوبۆوە، ئێمەش وەك دەزگای‌ راگەیاندنی وشە دەستمانکرد بە کۆکردنەوەی‌ زانیاریی‌ لەسەر هەواڵەكە و بڕیارماندا روماڵی بكەین.

سەرلەبەیانی 7ی شوباتی 2023، سۆسیال میدیا پڕبوو لە بڵاوبونەوەی وێنە و ڤیدیۆی سەدان گەنج كە بەرەو گوڵەخانە بەڕێدەكەوتن، منیش چومە نزیك گوڵەخانە - بارەگای سەرەكی سكرتێری حزبەكەی لێیە- هەرلەوێ بۆ وەرگرتنی زانیاریی قسەم لەگەڵ سكرتێرێكی محەمەد حاجی مەحمود كرد، لەبارەی ناوتۆماركردن بۆ پێكهێنانی هێزەكە، بەڵام ئەو وەڵامێكی سەیری دامەوە، وتی "شتی وا نییە و ئاگام لە هیچ نییە". من لەو تەلەفونەدا خۆم وەكو رۆژنامەنوس ناساند و داوای زانیارییم لێكرد.

بڕیارمدا بۆ ئەوەی لە راستیی و دروستی هەواڵەكە دڵنیاببمەوە لە هەڵەبجەوە بچمە گوڵەخانە.

نزیك كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ بوو،  گەیشتمە بازگەی یەكەمی چونە ناو گوڵەخانەوە – بازگەكە تایبەتە بە پاسەوانەكانی سۆسیالیست-، وەك پەیامنێری‌ وشە خۆم ناساند، بەڵام وتیان ئەمڕۆ بۆ هیچ میدیایەك نییە بچێتە گوڵەخانە و ناتوانیت رێگەت پێبدەین.

لەوێ زۆر هەوڵمدا لەگەڵ کەسێکی‌ باڵای‌ حزبەكە قسە بكەم، بۆ ئەوەی رێگەپێدانم بۆ بكەن، بەڵام كەسیان بەردەست نەبون، وێنەگرێكی محەمەد حاجی مەحمودم ناسی، داوام لێكرد هاوكارییم بكات بۆ رێپێدان، ئەوەش لەگەڵ كەسێكی سەروی خۆی قسەی كرد و وتی "دەڵێن ناتوانێت بێتە گوڵەخانە، بەڵام دەتوانێت لە دورەوە راستەوخۆ بكات و روماڵ بكات".

منیش لە دوری بازگەی یەكەمی شەقامی سەرەكی گوڵەخانە، راستەخۆیەكم كرد، ئەو زانیارییانەی دەستمكەوتبوو لەسەر ناو تۆماركردن بۆ هێزێكی تایبەت بۆ ئەو حزبە گواستمەوە، هەروەها راستەوخۆ ژمارەیەك گەنجم دواند و لێدوانیان پێدام كە چوبونە گوڵەخانە و هەندێكیان ناوی خۆیان تۆماركردبوو بۆ ئەوەی لە هێزەكە وەربگیرێن.

لەگەڵ تەواوبونی كارەكەم، كەسێك كە پێشتر دەمناسی و ناوی هەڵكەوت عەلی-یە و لە نوسینگەی سكرتێری گشتی حزب دەوام دەكات، لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەك بەرەو روم هات و وتی "پێماننەوتی نابێت كار لەسەر ئەم بابەتەی ئێمە بكەیت".

ئەو كەسە بەبێ سڵاوكردن، دەستیكرد بە هەڕەشەكردن و چاوسوركردنەوە، ئەمە یەكەمجارم بوو لەلایەن هێز و كەسەكانی نزیك لەو حزبەوە سوكایەتیم پێبكرێت.

مۆبایلەكەیان لێسەندم، كە مۆبایلی شەخسی خۆمبوو، مایكی ووشەی برد، منیش وتم هیچ كارێكم نەكردووە دروبێت لە ئیتیكی رۆژنامەوانی و سوكایەتیشم بە كەس نەكردووە، ئەوەتا دەبینی رۆژنامەنوسم و تەنیا زانیاریم گواستۆتەوە. بەڵام ئەو هاواری بەسەرمدا كرد و جنێوێكی زۆری پێدام كە ئێرە شوێنی گواستنەوەی نییە. هەروەها هەڕەشەی لێكردم.

مۆبایلی‌ دووەمم کە تایبەتە بە کاری‌ میدیاییم لە گیرفانمدا بوو، ئەویشی بەزۆر لێسەندم وتی خۆ دەنگت ریكۆرد نەكردوم، منیش وتم لەبەرئەوەی‌ پێشتر تۆم ناسیوە نەمدەزانی‌ بەمشێوەیە سوکایەتییم پێدەکەیت دەنگم تۆمار نەكردویت، بەڵام ئەگەر بمزانیایە ئاوا مامەڵە دەكەیت، دەنگم تۆماردەكردیت.

هەر كە واموت زیاتر هەڵچوو،  چی جنێوی ناشرینە پێیدا، پێشیوتم "دەنگم بڵاوببێتەوە وەڵڵاهی‌ لە دەرەوەی‌ حزبیش بێت و بە شەخسیی‌ش بێت واتلێدەکەم نەبێتەوە".

نزیکەی‌ نیو کاتژمێرێ مۆبایل و مایکەكەی بردم و لای خۆیان لەسەر شەقامەكە هێشتیانمەوە، بەردەوام هەڕەشەی لێدەكردم و سوكایەتی پێدەكردم.

دواتر كەسێكی تر كە لەگەڵیان بوو، نەمدەزانی كێیە، وتی "شتەكانی بەرەوە و با بڕوات، ئەویش شتەكانی پێدامەوە و وتی بەڵام نابێت یەك ڤیدیۆ لەسەر ئەم هێزەی ئێمە بڵاوببێتەوە، دەنگی منیش بڵاوبێتەوە خۆت بەرپرسیاریت لەوەی چی روبدات".

دوای ئەوەی كەلوپەلەكانم وەرگرتەوە، قسەم لەگەڵ سەندیكای رۆژنامەنوسان و رێكخراوەكانی داكۆكیكەر لە مافی رۆژنامەنوسان كرد، بۆ ئەوەی زانیارییان پێبدەم لەبارەی ئەو پێشێلكارییە و چۆنیەتی روداوەكە.

پێشیلكارییەكە كرا و سوكایەتیم پێكرا، بەڵام قەت لە چاوەڕوانی ئەوەدانەبوم، نوسینگەی محەمەد حاجی مەحمود و ئەو حزبە سوكایەتی بە رۆژنامەنوسان بكەن، چونكە كاكە حەمە خۆی دۆستی رۆژنامەنوسانە و چەندینجار لێدوانم لێوەرگرتووە، بەڵام مامەڵەی ئەو كەسە زۆر پێچەوانەی مامەڵەی سكرتێری حزبەكەیەوە.

نەزاكەت حسێن، سكرتێری لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، چوارشەممە 8ی شوبات بە (كەركوك ناو)ی وت كە ئاگاداری ئەو پێشێلكارییەن لە دژی ئەو رۆژنامەنوسە كراوە و دۆسییەكەی لە سەندیكا تۆماركردووە "ئێمە بەدواداچونی بۆ دەكەین و پێمانوتووە ئەگەر بەڵگەی تەواوت لەبەردەستە دەتوانیت سكاڵا بكەیت".

هەڵكەوت عەلی، لە نوسینگەی محەمەد حاجی مەحمود، سكرتێری گشتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی شوبات، بە (كەركوك ناو)ی وت "چەندجارێك داوام لەو بەڕێزە كردووە وێنە نەگرێت و ڤیدیۆ بڵاونەكاتەوە، چونكە بارەگاكانی حزبی لێیە، بەڵام ئەو هەر سوربووە لەسەر وێنەگرتن و بڵاوكردنەوەی، كارەكەی كردووە و پێمانوتووە دەبێت لێرە بڕۆیت، بەڵام ئەو وتویەتی تازە كاری خۆم كردووە، ئێمەش وەكو رێزێك لەبەرئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتە، وتمان كەلوپەلەكانت بەرەو بڕۆ".

لەبارەی پێشێلكارییەكانەوە، وتی "هیچ پێشێلكارییەكی بەرامبەر نەكراوە، نە سوكایەتی پێكراوە، نە هەڕەشە، ئێمە لەسەروی خۆمانەوە پێمانوتراوە لەو ناوچەیە وێنە نەگرێت، چەندین دەزگای تر تەلەفونیان كردووە و وتومانە ناتوانین رێگەبدەین روماڵ بكەن، ئیتر كەس كێشەی نەبووە".

وتیشی "روداوەكە تەنیا ناونوسكردن بووە بۆ وەرگرتنی چەند كەسێك بۆ پێشمەرگایەتی، شتێكی وانەبووە تا بێت روماڵ بكات".

ئەوەش لەكاتێكدایە دەزگای ووشە هەمان رۆژ بڵاویكردەوە، كە پەیامنێریان عەزیز رەسوڵ، لە گوڵەخانە دەگیرێت و سوكایەتی پێدەكرێت.

عەزیز رەسوڵ لە كۆتایی گێڕانەوەی چیرۆكەكەیدا، دەنوسێت "من بەنیازم سكاڵا تۆماربكەم، لەو سوكایەتی و پێشێلكارییە بێدەنگ نابم، داواكاریشم ئەو حزبە، ئیجرائات لەگەڵ ئەو ئەندامەیاندا بكەن و روداوی هاوشێوە دوبارە نەبێتەوە".


PM:08:38:08/02/2023




ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌