میترۆ لەگەڵ كۆمیسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق كۆبووەوە







میترۆ، هەولێر: ئەمرۆ دوو شەممە 7ی ئاب، هەژان خالید توێژەر لە سەنتەری میترۆ لەگەڵ وەفدێكی باڵای نەتەوەیەكگرووەكان، بە سەرۆكایەتی ڤۆڵكەر تۆرك، كۆمیسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق.، كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە نوێنەری چەند رێكخراوێكی كۆمەڵی مەدەنی هەرێمی كوردستان بەشداربوون، نوێنەری سەنتەری میترۆ، رەوشی مافەكانی مرۆڤ و ئاستەنگەكانی بەردەم ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستاندا خستەڕوو.

هەروەك تیشكی خستە سەر هەڵسوكەوتی هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ رۆژنامەنوسان لەكاتی خۆپیشاندان، گردبوونەوە و ناڕزایەتییەكاندا.

یەكێكیتر لەو بابەتانەی نوێنەری سەنتەری میترۆ بە گرنگیەوە خستیەڕوو، دۆسیەی رۆژنامەنووسە حوكمدراوەكان و بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی زیندانیكردنی چالاكوان و ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی بوو، لەلایەن دادگای باڵای هەولێر. هەژان ووتی " كەیسی چالاكوان و رۆژنامەنووسە حوكمدراوەكان ئاماژەیەكی مەترسیداری پاشەكشەی ئازادی بیروڕا و پێشێلكاری مافی مرۆڤە لە كوردستاندا."

لە بەشێكیتری دیدارەكەدا هەژان خالید  باسی لە مەترسییەكانی گوتاری ڕق و كینە، جیاكاری جێندەریی، جێبەجێنەكردنی یاساكان، سنورداركردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و هەراسانكردنی خانمانی ڕۆژنامەنووس كرد.

لە كۆتایدا ڕاپۆرتی ساڵانەی سەنتەری میترۆ سەبارەت بە پێشێلكارییەكان پێشكەش بە كۆمسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتووەكان كرد.
بە پێی ئەو راپۆرتەی رادەستی وەفدەكە كرا، باس لە رەفتاری هێزە ئەمنییەكان بەرامبەر تیمەكانی راگەیاندن  ، لەكاتی روماڵكردنی رووداوەكاندا، گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، زۆربەی ئەو رووداوانەی كە بەهای هەواڵیان هەیە، ئاستەنگیان بۆ  رۆژنامەنوسان دروستكردوە  تا  ڕوماڵەكانیان ئەنجام نەدەن. 
راپۆرتەكە بە دیكۆمێنت باس لە رووداوە جیاوازەكانی شارەكانی كوردستان دەكات لە دەستبەسەركردن بە بێ فەرمانی دادگا، توندوتیژی و شەقوەشاندن، پەلاماردانی تیمەكانی راگەیاندن و  توندكردنیان لە بنكەكانی هێشتنەوەی پۆلیس و زیندانی ئاسایش و دژە تیرۆر، هەرەشەكردن و تۆقاندن، جیاكاری و پێنەدانی زانیاری ، وەرگرتنی بەڵێننامە لە رۆژنامەنووسان.  

بڕیارە دوای ئەم دیدارە، وەفدی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە.








PM:12:24:07/08/2023




ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌