میترۆ پێشوازی لە باڵوێزخانەی كەنەدا دەكات



میترۆ پێشوازی لە باڵوێزخانەی كەنەدا دەكات

ئەمرۆِ سێ شەممە 26ی ئەیلولی 2023، تیمی سەنتەری میترۆ پێشوازی لە  (تامی ئامیز)، بەڕێوەبەری نوسینگەی هەولێر لە باڵوێزخانەی كەنەدا لە عێراق كرد.

سەرەتا رێكخەری میترۆ (رەحمان غەریب) بە گەرمی بەخێرهاتنی بەڕێوەبەری نوێی نوسینگەی هەولێر لە باڵوێزخانەی كەنەدا لە عێراق (تامی ئامیز) كرد، پیرۆزبایی لێكرد بە بۆنەی دەستبەكاربوونی لە هەرێمی كوردستان هیوای خواست سەركەوتوو بێت لە كارەكانی و پەیوەندی لەگەڵ میدیا و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بەردەوام و پتەوبێت.

(تامی ئامیز)، خۆشحاڵی خۆی بە دیداری تیمی میترۆ دەربڕی و رایگەیاند پێشتر دیداری هاوبەشی نێوان هاوكارانم و میترۆ هەبووە، خۆشحاڵین بەردەوام بێت، سەردانەكەمان بۆ تێگەیشتنی زیاترە لەسەر ژینگەی كاری میدیا، ووتی" بۆ حكومەتی كەنەدا ئازادی راگەیاندن كاری لە پێشینەمانە هاتووین گوێتان لێبگرین و بۆچوونتان بزانین "

رێكخەری میترۆ تیشكی خستە سەر ئازادی كاری رۆژنامەنووسی و ئازادی كاری رێكخراوەیی، دەرفەت و ئاستەنگەكانی بەردەم گەشەكردن و بەردەوامیان.

رێكخەری میترۆ ووتی " ئەزموونی هەرێم لەپاڵ ئەو هەڕەشانەی گەمارۆی داوین، لەناوخۆشدا نەتوانراوە بە روحی دیمۆكراسیی ئیدارەی ململانێكان بدەین و بە بەیاخەوە تەماشای دۆسییەی مافی مرۆڤ بكەین" جەختیكردەوە" سەروەرنەبوونی یاسا و نەبوونی مەرجەكانی دادگای عادیلانە لە كەیسی رۆژنامەوانی و ئازادی بیروڕا مەترسییەكانی كەمتر نیین لەو مەترسییانەی تر كە هەرێمی پێ لاواز دەبێت"

لەو كۆبونەوەیە كە بەرپرسی دیجیتاڵ میدیای MIC رۆژنامەنوس (ئامانج خەلیل) ئامادەی بوو، هەر یەك لە (دیاری محمەد) بەرێوەبەری سەنتەر، سێوە سیروان، شەنای فاتیح لە تیمی سەنتەر لەبارەی پرۆژەكان، دەرفەت و ئاستەنگەكانی بەردەم كاری رۆژنامەنووسان، ئاڵنگارییەكانی بەردەم خانمانی رۆژنامەنووس، نەبوونی مەرجەكانی دادگای عادیلانە بە تایبەتیش لە كەیسی رۆژنامەنووسان و چالاكوانە حوكمدراوەكان بە ووردی خرانە روو.  

(تامی ئامیز)، بەڕێوەبەری نوسینگەی هەولێر لە باڵوێزخانەی كەنەدا لە عێراق، پێشتر لە وڵاتی كۆستەریكا و كوێت، وەك دیپلۆماتی وڵاتەكەی كاریكردووە، ماوەی دوو مانگ دەبێت لە هەرێمی كوردستان دەستبەكاربووە، بڕیارە تا دووساڵ لە پۆستەكەیدا بەردەوام بێت.


PM:02:26:26/09/2023




ئه‌م بابه‌ته 508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌