وه‌رگێڕانی: ئالان عه‌توف
نووسینی: ریچارد هاس
گۆڤاری فۆرن ئه‌فێرز
نه‌زمێكی جیهانی جێگیر شتێكی ده‌گمه‌نه. مه‌یلی ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌دوای ئاشوبێكی گه‌وره‌وه بێته ئاراوه كه له‌لایه‌ك هه‌لومه‌رج و له‌لایه‌كی دیکەش ئاره‌زوو بۆ شتێكی نوێ ده‌خولقێنێت. نه‌زم (order)ێكی جیهانییە، پێویستی به دابه‌شبوونی جێگیری هێز و قبووڵكردنی ئه‌و رێسایانه هه‌یه كه ره‌وشتی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.
هه‌روه‌ها پێویستی به هونه‌ری حوكمڕانیی كارامه هه‌یه، چونكه نه‌زمێك دروستده‌كرێت، له‌خۆیه‌وه نایه‌ته ئاراوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندێك هه‌لومه‌رجه سه‌ره‌تاییه‌كان پێگه‌یو بن یاخود چه‌ندێك ئاره‌زووی سه‌ره‌تایی به‌هێز بێت، ئیدامهپێدانی هه‌ر نه‌زمێك پێویستی به (دیپلۆماسیه‌تی داهێنه‌رانه و داموده‌زگای به‌كار و كرداری كاریگه‌ر) هه‌یه تاوەكو له‌كاتی قڵپ بوونه‌وه‌ی بارودۆخه‌كاندا بتوانین بیگونجێنین و له‌كاتی هاتنه پێشه‌وه‌ی ئاڵهنگارییهكانیشدا بتوانین به‌هێزی بكه‌ین.
دواجار ته‌نانه‌ت نه‌زمێكی زۆر باش و بهڕێوهبراویش كۆتایی دێت. ئه‌و هاوسه‌نگی هێزه‌ی له بناغه‌وه رایگرتووه تێكدەچێت. ئه‌و داموده‌زگایانه‌ی پشتگیری لێ ده‌كه‌ن ناتوانن له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی نوێ‌دا خۆیان بگونجێنن. هه‌ندێك له وڵاتان دادەڕمێن، هه‌ندێكی دیکە سه‌رده‌كه‌ون، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی گۆڕانی تواناكان و لاوازبوونی ئیراده‌كان و گه‌وره‌بوونی تموحهكانهوهیه. ئه‌وانه‌ی به‌رپرسن له پاڵپشتیكردنی نهزمهكه ده‌كه‌ونه هه‌ڵه‌وه، هه‌م له‌وه‌ی هه‌ڵیده‌بژێرن بۆ ئه‌نجامدان و هه‌میش له‌وه‌ی هه‌ڵیده‌بژێرن بۆ ئه‌نجامنه‌دان.
ئەگه‌ر كۆتایی هه‌موو نه‌زمێك حه‌تمی بێت، ئه‌وا كات و شێوازی كۆتایی هاتنه‌كه‌ی و ئه‌وه‌شی له ئاكامدا لێی ده‌كه‌وێته‌وه حه‌تمی نیه. نهزمهكان له پرۆسه‌یه‌كی به‌ره‌وخراپچوونی درێژخایه‌ندا ئیكسپایه‌ر ده‌بن نه‌ك له داڕمانێكی كتوپڕدا. هه‌روه‌ك چۆن ئیدامهپێدانی نهزمهكه پشتی به هونه‌ری حوكمڕانی و كرداری كاریگه‌ر به‌ستووه، ئاوهاش پۆڵه‌سی چاك و دیپلۆماسیه‌تی به‌رپێگر ده‌توانن یارمه‌تیده‌ر بن له دیاریكردنی ئه‌وه‌ی چۆن ئه‌و به‌ره‌و خراپ چوونه خۆی ده‌رده‌خا و چی له‌گه‌ڵ خۆی دێنێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه رووبدات، ده‌بێت شتێكی دیکە سه‌ره‌تا رووبدات، ئه‌ویش داننانه به‌وه‌دا كه نه‌زمی پێشوو هه‌رگیز ناگه‌ڕێته‌وه و هه‌موو هه‌وڵه‌كانیش بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی بێهووده ده‌بن. هه‌روه‌ك هه‌موو كۆتاییهاتنێك، پێویسته قبوڵمان بێت پێش ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی تازه بنێین.
له گه‌ڕانیاندا بۆ دۆزینه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی نهزمهكان له جیهانی ئه‌مڕۆماندا، لێكۆڵه‌ر و تایبه‌تمه‌ندان تاوەکو یۆنانی كۆن رۆیشتوون. هه‌ر له‌وه‌وه كه ئاماژه‌یان داوه به سه‌رهه‌ڵدانی هێزێكی نوێ كه ده‌بێته هۆكاری دروستبوونی جه‌نگ له‌نێوان ئه‌سینا و سپارتا تاوه‌كو سه‌رده‌می پاش جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م كه ئه‌مریكایه‌كی پهراوێزخواز و به‌شی زۆری وڵاتانی ئه‌وروپاش ده‌سته‌وه‌ستان بوون كه ئه‌ڵمانیا و یابان رێكه‌وتنه‌كانیان پشێل ده‌كرد و دراوسێكانیان داگیر ده‌كرد، به‌ڵام هاوشێوه‌یه‌كی دیارتر له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆماندا (په‌یماننامه‌ی ڤیه‌ننا)ی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه له ئه‌وروپا كه تاوەکو رۆژی ئه‌مڕۆمان گرنگترین و سه‌ركه‌وتووترین هه‌وڵ بووه بۆ بنیاتنان و به‌رده‌وامی پێدانی نه‌زمێكی جیهانی. له 1815وه تاوەکو سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م سه‌ده‌یه‌ك دواتر، ئه‌م نه‌زمه، كه له كۆنگره‌ی ڤیه‌ننا بڕیاری له‌سه‌ردرا، هه‌ستا به پێناسه‌كردنی زۆرێك له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و رێسا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ره‌وشتی نێوده‌وڵه‌تی داڕشت (هه‌رچه‌نده زۆرجار شكستی ده‌هێنا له سه‌پاندنیاندا).
له‌ناوچوونی ئه‌م نه‌زمه‌ی ئەوروپا و ئه‌وه‌ی به‌دوایدا هات، وانه‌ی رێنیشانده‌ر و هۆشیاری به‌په‌له‌ش بۆ ئه‌مڕۆمان پێشكهشدەكهن، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌زمێك له حاڵه‌تی تلۆربوونهوهدایه كه قابیلی پێچهوانهكردنهوه نییه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه فه‌وزا و به‌دبه‌ختیش حه‌تمین. به‌ڵام گه‌ر به‌ره‌وخراپ چوونه‌كه باش ئیداره نه‌درا، ئه‌وا ده‌شێت كاره‌سات رووبدات.
له سووتماكهوه
هه‌ردوو نه‌زمی جیهانی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی 20 و به‌شی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی 21 له سووتماكی دوو جه‌نگی جیهانییه‌وه دروستبوون. نه‌زمی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م، واته په‌یماننامه‌ی ڤیه‌ننا، به‌دوای ئاشوبێكی نێوده‌وڵه‌تی پێشتردا هات ئه‌ویش جه‌نگه‌كانی ناپلیۆن بوون كه پاش شۆڕشی فه‌ره‌نسی و بڵندبوونی ناپلیۆن بۆناپارت ئه‌وروپایان بۆ زیاتر له ده‌یه‌یه‌ك وێران‌كرد. پاش شكستپێهێنانی ناپلیۆن و سوپاكانی، هاوپه‌یمانانی سه‌ركه‌وتوو (نه‌مسا و پروسیا و روسیا و به‌ریتانیا) كه زلهێزانی رۆژانی خۆیان بوون، له ڤیه‌ننا له 1814 – 1815دا كۆبوونه‌وه. له كۆنگره‌ی ڤیه‌ننا، پلانێكیان داڕشت تاوەکو دڵنیا بن له‌وەی هێزی سه‌ربازی فه‌ره‌نسا هه‌رگیز هه‌ڕه‌شه له ده‌وڵه‌ته‌كانیان ناكاته‌وه و بزووتنه‌وه شۆڕشگێڕه‌كانیش هه‌رگیز نابنه هۆی هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر رژێمه پاشاییه‌كان. بڕیاری هێزه براوه‌كان بۆ دووباره هێنانه ناوه‌وه و رۆڵبهخشینهوه به فه‌ره‌نسای دۆڕاو زیره‌كانه بوو. ئه‌مه ئاراسته‌یه‌ك بوو زۆر جیاواز له‌وه‌ی گیرایه‌به‌ر به‌رامبه‌ر ئه‌ڵمانیای دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و تا راده‌یه‌كیش جیاواز له‌وه‌ش كه گیرایه‌به‌ر به‌رامبه‌ر رووسیای دوای جه‌نگی سارد.
كۆنگره سیستەمێكی پێشكه‌شكرد كه به (كۆنسێرتی ئه‌وروپا) ناسرا، هه‌رچه‌نده مه‌به‌ست له رێكکه‌وتنه‌كه ئه‌وروپا بوو، به‌ڵام بووه هۆی هێنانه‌كایه‌ی نه‌زم و رێكخستنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی سه‌رده‌می خۆی به حوكمی شوێنی زاڵی ئه‌وروپا و ئه‌وروپییه‌كانه‌وه له جیهاندا، زنجیره‌یه‌ك لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌ته‌كانی [ئه‌وروپا] بڕیاریان له‌باره‌وه درا و له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه رێكه‌وتنێك بوو بۆ خۆبه‌دوورگرتن له داگیركردنی وڵاتانی دیکە یان ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکە به بێ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن له وڵاته‌كان خۆیانه‌وه. هاوسه‌نگییه‌كی ناڕێكی هێزی سه‌ربازیی له‌مپه‌ڕی بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه دروستكردبوو كه مه‌یلی تێكدانی نهزمهكهیان هه‌بوو (و رێگریشی له‌و ده‌وڵه‌تانه ده‌گرت له‌وه‌ی سه‌ركوتوو بن له‌و هه‌وڵه‌یاندا). هه‌ر كه گرفتێك ده‌هاته پێشه‌وه، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه (له‌وه‌ی ناویان نابوو – كۆنگره -) كۆده‌بوونه‌وه. كۆنگره ته‌واو كۆنسێرڤاتیڤ بوو. په‌یماننامه‌ی ڤیه‌ننا چه‌ندین گۆڕانكاری و گونجاندنه‌وه‌ی له خاكی ئه‌وروپادا ئه‌نجامدا و پاشان سنووره‌كانی قفڵ كرد، ته‌نها له‌و حاڵه‌تانه‌دا گۆڕنكاری تێدا ده‌كرد كاتێ هه‌موو وڵاتانی ئه‌ندام رازی ده‌بوون. هه‌روه‌ها كۆنگره هه‌موو ئه‌وه‌ی له توانایدا بوو ده‌یكرد بۆ پشتیوانیكردن له رژێمه پاشاییه‌كان و هانی وڵاتانی ئه‌ندامیشی ده‌دا بۆ چوون به هانای یه‌كه‌وه (هه‌روه‌ك فه‌ره‌نسا كه له 1823 دا چوو به هانای ئیسپانیاوه) كاتێ رژێمه پاشاییه‌كان ده‌كه‌وتنه ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی یاخیبوونه جه‌ماوه‌رییه‌كانه‌وه.
په‌یماننامه‌ی ڤیه‌ننا ئیشی خۆی ده‌كرد نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی زلهێزه‌كان رێكکه‌وتنی ته‌واویان له‌سه‌ر كۆی خاڵه‌كان هه‌بوو به‌ڵكو هه‌ر ده‌وڵه‌تێك پاساوی خۆی هه‌بوو بۆ پشتیوانیكردن له سه‌رانسه‌ری سیسته‌مه‌كه\نهزمهكه. نه‌مسا خه‌می به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی لیبراڵیزمی لێ نیشتبوو چونكه هه‌ڕه‌شه‌یان له رژێمی پاشایه‌تی حوكمڕان ده‌كرد. به‌ریتانیا ده‌یوست ئاڵه‌نگاریه تازه‌كانی فه‌ره‌نسا كه‌م بكاته‌وه هاوكات سه‌رقاڵی خۆ پاراستن بوو به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ری هه‌ڕه‌شه‌كانی رووسیا (ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی كه نه‌یئه‌ویست فه‌ره‌نسا هێندە لاواز بێت كه چیتر نه‌توانێت هه‌ڕه‌شه‌كانی رووسیا به‌تاڵ بكاته‌وه). به‌ڵام هێنده‌ی به‌س بێت به‌یه‌كداچوونێكی به‌رژه‌وه‌ندی و سازانیش له‌سه‌ر پاراستنی نهزمهكه بوونی هه‌بوو چونكه په‌یماننامه‌كه به‌ری له روودانی جه‌نگ له‌نێوان هێزه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا گرتبوو.
په‌یماننامه‌ی ڤیه‌ننا به دیاریكراوی تا پێش جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، بۆ ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌ك، بڕی كرد. هه‌رچه‌نده به ماوه‌یه‌كی زۆر له‌وه‌و پێش رۆڵێكی ماناداری نه‌مابوو. شه‌پۆله جه‌ماوه‌ریه‌كان كه له 1840 و 1848 دا ئه‌وروپایان راماڵی، سنوورداریی توانستی وڵاتانی ئه‌ندامی ده‌رخست له‌وه‌دا كه پێویسته چی بكه‌ن بۆ ئیدامه‌دان به نهزمهكه له‌به‌رامبه‌ر فشاره جه‌ماوه‌ریه‌كاندا. له ده‌ره‌نجامدا جه‌نگی [نیمچه دوورگه‌ی] كرایمیا به‌دوایاندا هات، كه شه‌ڕێك بوو به رووكه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سیحیانه ده‌كرا له ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی‌دا ده‌ژیان، به‌ڵام له راستیدا له‌سه‌ر ئه‌وه‌بوو كێ ده‌توانێ ناوچه‌ی زیاتر كۆنترۆڵ بكات له ئه‌نجامی داڕمانی ئه‌و ئیمپراتۆریه‌ته‌وه. ئه‌و شه‌ڕه فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا و ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی هاندا له دژی رووسیا بوه‌ستنه‌وه. دوو ساڵ و نیوی پێ چوو له 1853 تا 1856 جه‌نگێكی فره تێچوون بوو و هه‌روه‌ها لاوازیی رێكەوتننامهی ڤیهناشی ده‌رخست بۆ به‌رگرتن له جه‌نگی زلهێزه‌كان. كۆمكاری زلهێزه‌كان كه په‌یماننامه‌كه‌ی مومكین كردبوو چی دی بوونی نه‌ما. جه‌نگه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی نێوان نه‌مسا - پروسیا و پروسیا - فه‌ره‌نسا نیشانه‌ی ئه‌وه بوون كه جه‌نگی زلهێزه‌كان، پاش وه‌ستانێكی زۆر، گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ناوجه‌رگه‌ی ئه‌وروپا. له‌وه ده‌چوو گرفته‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر بچن، به‌ڵام ئه‌وه له وه‌همێك زیاتر هیچی دیکە نه‌بوو. به نهێنی، هێزی ئه‌ڵمانیاش گه‌شه‌ی ده‌كرد و ئیمپراتۆرییه‌ته‌كان به‌ره‌و نه‌مان ده‌چوون. ئه‌م تێكه‌ڵه‌یه دۆخه‌كه‌ی بۆ جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و كۆتاییهاتنی په‌یماننامه‌ی ڤیه‌ننا خۆش كرد.
چی ده‌بێته گرفت بۆ نه‌زمێك
چ وانه‌یه‌ك له مێژووه‌وه فێر ده‌بین؟ به قه‌ده‌ر هه‌ر شتێكی دیکە، ده‌ركه‌وتن و كه‌وتنی زلهێزه‌كان سه‌ركه‌وتنی نه‌زمه زاڵه‌كه دیاری ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌وه گۆڕانكارییه له هێزی ئابووری و یهكانگیریه له سیاسه‌ت و هێزی سه‌ربازی كه شكڵ ده‌به‌خشن به‌وه‌ی كه ئایا ده‌وڵه‌تان ده‌توانن یان ئاماده‌ن له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی خۆیان كردار بنوێنن. له ماوه‌ی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی 19 و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 20دا، ئه‌ڵمانیایه‌كی به‌هێز و یه‌كگرتوو و یابانێكی مۆدێرن ده‌ركه‌وتن، ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و رووسیای قه‌یسه‌ری له‌ناوچوون، فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا به‌هێزتر بوون، به‌ڵام بههێزبوونهكهیان به‌پێی پێویست نه‌بوو. ئه‌و گۆڕانكارییانه بوونه مایه‌ی قڵپكردنه‌وه‌ی ئه‌و هاوسه‌نگیی هێزه‌ی كه به‌ردی بناغه‌ی په‌یماننامه‌ی ڤیه‌ننا بوو؛ به تایبه‌تی ئەڵمانیا كه پێی وابوو كه دۆخی نه‌گۆڕ له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا نیه.
گۆڕانكاری له سیاقه ته‌كنه‌لۆژی و سیاسییه‌كه‌ش كاریگه‌ری كرده سه‌ر ئه‌و هاوسه‌نگییه بناغه‌ییه. له سایه‌ی په‌یماننامه‌ی ڤیه‌ننادا، داوا جهمهواریهكان بۆ به‌شداری دیموكراتیانه و شه‌پۆله‌كانی نه‌ته‌وه‌گه‌رایی بوونه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر دۆخی نه‌گۆڕ له‌ناو ئه‌و وڵاتانه‌دا له كاتێكدا شێوازی نوێی گواستنه‌وه و گه‌یاندن و چه‌كداربوون گۆڕانیان له سیاسه‌ت و ئابووری و جه‌نگدا دروستكرد. ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ هاتنه‌كایه‌ی په‌یماننامه‌ی ڤیه‌ننا به‌ره به‌ره هه‌ڵوه‌شانه‌وه.
وه‌كو جهبرێكیش ده‌كه‌وێته‌وه گه‌ر ته‌نها مێژووگه‌راییی بكه‌ینه هۆكاری دروستبوونی هه‌لومه‌رجه بناغه‌ییه‌كان چونكه هونه‌ری حوكمڕانییش گرنگی خۆی هه‌یه. ئه‌و راستیه‌ی كه په‌یماننامه‌ی ڤیه‌ننا هاته ئاراوه و ئه‌و ماوه‌یه‌ش بڕی كرد كه كردی ئه‌وه‌مان بۆ دووپات ده‌كاته‌وه كه ئه‌وه خه‌ڵكه كه ده‌بێته هۆی دروستكردنی گۆڕانكاریه‌كان. له‌و دیپلۆماتانه‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌یان داڕشت (ماتێرنیك)ی نه‌مسا و (تێلیغان)ی فه‌ره‌نسا و (كاسڵرهی)ی به‌ریتانیا بوون.
دوو وانه‌ی تر خۆیان ده‌خه‌نه‌ڕوو. یه‌كه‌م: ئه‌وه ته‌نها گرفته جهوههریهكان نین كه ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی نه‌زمێك به‌ره‌و داڕمان بچێت. [بۆ نموونه] یه‌كبوونی زلهێزه‌كانی په‌یماننامه‌ی ڤیه‌ننا كۆتایی هات نه‌ك له‌به‌ر ناكۆكیان له‌سه‌ر نه‌زمه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كه‌ی ناو ئه‌وروپا، به‌ڵكو به‌هۆی كێببڕكێوه بوو له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی په‌راوێز.
دووه‌م: نهزمهكان له پرۆسه‌یه‌كی هه‌ستپێنه‌كراو و هێواشدا مه‌یلی له‌ناوچوونیان هه‌یه ، له‌به‌رئه‌وه پرۆسه‌ی داڕمان زۆرجار له‌لایه‌ن بڕیار به‌ده‌ستانه‌وه هه‌ستی پێناكرێت تا ئهكاوتهی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ته‌شه‌نه ئه‌كات. ئه‌وكاته‌ی جه‌نگی جیهانی یەكه‌م ده‌ستی پێ كردبوو و ئاشكرابوو كه په‌یماننامه‌ی ڤیه‌ننا چی دی كار پێكراو نیه، كات یه‌كجار دره‌نگ بوو بۆ پاراستنی یان ته‌نانه‌ت بۆ ئیداره‌دانی ههڵوهشانهوهكهی.
چیرۆكی دوو نه‌زم
ئه‌و نه‌زمه جیهانییه‌ی له ئاكامی جه‌نگی جیهانی دوومه‌وه دروستبوو له به‌شی زۆری مێژووه‌كه‌یدا بریتی بوو له دوو نه‌زمی هاوته‌ریب. یه‌كێكیان له ده‌ره‌نجامی جه‌نگی ساردی نێوان ئه‌مریكا و یه‌كێتی سۆڤیه‌ته‌وه دروستبوو. له جه‌وهه‌ریدا پێكهاتبوو له هاوسه‌نگیه‌كی زبر و ناهه‌مواری هێزی سه‌ربازی له ئه‌وروپا و ئاسیا كه پاڵپشتی ده‌كرا به پرۆسه‌ی (به‌رگرتن له چه‌كی ئه‌تۆمی). هه‌ردوولا جۆرێك له دانبهخۆداگرتینان پیشاندا له كێبڕكێكهیاندا. (رۆڵباك) - كه له ئه‌ده‌بیاتی جه‌نگی سارددا له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ پێی ده‌ڵێن (رژێم گۆڕین) – وه‌ك ناعه‌مه‌لی و سه‌ركێشی ره‌تكرایه‌وه. هه‌ردوولا په‌یڕه‌وی ڕێسكانی رێگه‌یه‌كیان كرد بۆ رێزگرتن له هاوپه‌یمانان و حه‌وشی پشته‌وه‌ی یه‌كتری. دواجار گه‌یشتنه لێكتێگه‌یشتنێك له‌سه‌ر نه‌زمی سیاسی ئه‌وروپا، كه مه‌یدانی سه‌ره‌كی كێبڕكێی جه‌نگی سارد بوو، و له 1975 دا ئه‌و لێكتێگهیشتنهیان له په‌یماننامه‌ی هێلسینكی چه‌سپاند. ته‌نانه‌ت له جیهانێكی دابه‌شبوودا، ئه‌م دوو ناوه‌نده‌ی هێز (ئه‌مریكا و سۆڤیه‌ت) كۆكبوون له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی كێبڕكێكهیان. رێكکهوتنهكهیان له‌سه‌ر بنه‌مای (وه‌سیله) بوو نه‌ك (غایه). ئه‌و راستییه‌ی كه ته‌نها دوو ناوه‌ندی هێز هه‌بوون له مه‌یداندا گه‌یشتن به رێكه‌وتنی ئاسانتر كردبوو.
دووه‌م نه‌زمی پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م بریتی بوو له نه‌زمی لیبراڵ كه هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ نه‌زمی جه‌نگی سارددا ده‌ڕۆیشت. [وڵاته] دیموكراسییه‌كان به‌شداربووی سه‌ره‌كی ئه‌م هه‌وڵه بوون، كه هاوكاری مرۆیی و بازرگانی به‌كارده‌هێنا بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و پشتگیری له رێزگرتنی سه‌روه‌ری یاسا ده‌كرد له‌ناوه و له‌نێوان وڵاتاندا. ره‌هه‌نده ئابوورییه‌كه‌ی ئه‌م نه‌زمه داڕ‌ێژرابوو بۆ هێنانه كایه‌ی جیهانێك (یان راستتر بڵێین له نیوه نا-كۆمۆنیسته‌كه‌ی جیهان)ی ناسراو به بازرگانی و گه‌شه‌پێدان و چالاكییه داراییه ته‌واو به‌كاره‌كان. [له‌م نه‌زمه‌دا] بازرگانی ئازاد مه‌كینه‌ی گه‌شه‌ی ئابوورییه و هۆكاری پێكه‌وه به‌ستنه‌وه‌ی وڵاتانه تاوه‌كو باجی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ یه‌كجار زۆر بێت. دۆلاریش وه‌ك دراوی دو فاكتۆی جیهان [له‌م نه‌زمه‌دا] په‌سه‌ندكراوه.
ره‌هه‌نده دیپلۆماسییه‌كه‌ی ئه‌م نه‌زمه گرنگی به‌خشی به‌پێگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (UN). بیرۆكه‌كه بریتی بوو له‌وه‌ی كه پلاتفۆرمێكی جیهانی ئاماده ده‌توانێت به‌ر بگرێت له كێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان یاخود چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزێته‌وه. ئه‌نجومه‌نی ئاساییشی سه‌ربه (UN)، به پێنج ئه‌ندامی زلهێزی هه‌میشه‌یی و كورسی دیکەیش بۆ ئه‌ندامێتی ده‌وری، په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان رێكده‌خات. به‌ڵام نهزمهكه پشتی به ئاماده‌یی دونیای نا-كۆمۆنیست ( به تایبه‌تی هاوپه‌یمانانی ئه‌مریكا) به‌ستبوو بۆ قبوڵكردنی باڵاده‌ستیی ئه‌مریكا. وه‌ك ده‌ركه‌وت، [ئه‌م هاوپه‌یمانانه] ئاماده‌بوون هه‌ستن به‌مه چونكه ئه‌مریكا زۆربه‌ی كات – به به‌راورد به پێچه‌وانه‌كه‌ی - وه‌ك خاوه‌ن ههژموونێكی تا رادده‌یه‌ك بێوه‌ی سه‌یر ده‌كرا. خاوه‌ن هه‌ژموونێك كه هێنده‌ی دۆخه ناوخۆییه‌كه‌ی به كرده‌وه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سه‌رسام بوون.
ئه‌م دوو نه‌زمه خزمه‌تیان به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا كرد. ئاشتیی جه‌وهه‌ری له هه‌ردوو كیشوه‌ری ئاسیا و ئه‌وروپا به نرخێك ئیدامه‌ی پێدرا كه بۆ ئابووری گه‌شه‌كردووی ئه‌مریكا تێچووی زۆر نه‌بوو. بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی زۆر و ده‌رفه‌ته‌كانی وه‌به‌رهێنان به‌شداربوون له گه‌شه‌ی ئابووری ئه‌مریكا. به تێپه‌ڕینی كات، وڵاتانی زیاتر هاتنه‌ریزی دیموكراسییه‌كانه‌وه. هیچ كام له‌و دوو نه‌زمه ره‌نگدانه‌وه‌ی سازانێكی پێرفێكت نه‌بوون، به‌ڵكو هه‌ر یه‌كێكیان هێنده‌ی به‌س بێت رێكکه‌وتنیان پێشكه‌شده‌كرد تاوەکو بەشێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ گرفتیان بۆ دروستنه‌كرێت. له‌و شوێنانه‌شی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌كه‌وته هه‌ڵه‌وه - وه‌ك له ڤێتنام و له عێراق – ئه‌وه به‌هۆی پابه‌ندبوون به هاوپه‌یمانێتییه‌كان و ره‌چاوكردنی نهزمهكهوه نه‌ده‌هاته ئاراوه به‌ڵكو ده‌ره‌نجامی بڕیاردانێك بوو له‌سه‌ر بنه‌مای راوێژی خراپ بۆ ئه‌نجامدانی جه‌نگ گه‌لێكی فره تێچوو كه بژارده‌ی [ئه‌مریكا] خۆی بوو.
نیشانه‌كانی داڕزان
ئه‌مڕۆ ئه‌م دوو نه‌زمه به‌ره‌وخراپتر رۆیشتوون. هه‌رچه‌نده جه‌نگی سارد خۆی ده‌مێكه كۆتاییهاتووه به‌ڵام ئه‌و نه‌زمه‌ی جه‌نگی سارد دروستیكرد به‌شێوه‌یه‌كی پچڕ پچڕ لێك هه‌ڵوه‌شاوه به‌شێكی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌وڵه‌كانی خۆرئاوا بۆ هێنانه ناوه‌وه‌ی رووسیا بۆ ناو جیهانی لیبراڵ ده‌سته‌كه‌وتی كه‌میان هه‌بوو. نیشانه‌یه‌كی به‌ره‌وخراپچوونی نه‌زمی جه‌نگی سارد داگیركردنی كوەیت بوو ساڵی 1990 له‌لایه‌ن سه‌دام حوسێنه‌وه، كه شتێك بوو ئه‌گه‌ری هه‌بوو مۆسكۆ له ساڵانی له‌وه‌و به‌ردا رێگری لێ بكات له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی كه ریسكێكی گه‌وره‌یه.
هه‌رچه‌نده پرۆسه‌ی )به‌رگرتن له چه‌كی ئه‌تۆمی) هێشتا ماوه، به‌ڵام هه‌ندێك له رێكه‌وتننامه‌كانی سنوورداركردنی چه‌ك، كه بۆ به‌هێزكردنی [ئه‌م نه‌زمه] هاتوونه‌ته ئاراوه، پێشێلكراون یان ئه‌وانه‌ی دیکەش خه‌ریكه هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی رووسیا خۆی به‌دوور گرتووه له دروستكردنی گرفتی سه‌ربازی راسته‌وخۆ به‌رامبه‌ر (ناتۆ)، به‌ڵام ئاماده‌ییه‌كی به‌رده‌وامی پیشانداوه بۆ له‌مپه‌ڕ دروستكردن بۆ دۆخی نه‌گۆڕ ئه‌ویش له ڕێی به‌كارهێنانی هێزه‌وه له جۆرجیا له 2008 و له ئۆكرانیا له 2014 و ده‌ستوه‌ردانی هه‌ڕه‌مه‌كی چه‌ندین جاره‌شی له سووریا و به‌كارهێنانی جه‌نگی ئینته‌رنێت بۆ دروستكردنی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامه سیاسیه‌كان له ئه‌مریكا و ئه‌وروپا. هه‌موو ئه‌مه‌ش گوزارشته له ره‌تكردنه‌وه‌ی سنووربه‌ندییه‌كانی نهزمهكه. به بۆچوونی رووسه‌كان، ده‌شێت هه‌مان شت به‌رامبه‌ر خۆبهرفراوانكردنی (ناتۆ)ش بووترێت كه به‌لایانه‌وه كرده‌وه‌یه‌كه پێچه‌وانه‌ی وته‌كه‌ی وینستن چێرچڵ كه ده‌ڵێت: "له سه‌ركه‌وتندا، به‌خشنده‌یی". هه‌روه‌ها به‌لای رووسیاوه، جه‌نگی عێراق له 2003 و ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی (ناتۆ) له لیبیا له 2011 كه به‌ناوی هاوكاری مرۆییه‌وه ئه‌نجام درا به‌ڵام هه‌ر زوو بووه هۆی گۆڕانی رژێم، گوزارشت له نیه‌ت خراپی و نایاسایی بوون ده‌كه‌ن كه ناته‌بان له‌گه‌ڵ چه‌مكه‌كانی نه‌زمی جیهانی وه‌ك ئه‌وه‌ی رووسیا لێی تێگه‌یشتووه.
نه‌زمی لیبراڵیش نیشانه‌كانی به‌ره‌وخراپچوونی خۆی نمایش ده‌كات. سته‌مكاری له هه‌ڵكشاندایه نه‌ك ته‌نها له شوێنه ئاشكراكانی وه‌ك چین و رووسیا به‌ڵكو له فلیپین و توركیا و وڵاتانی ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵاتیش. سه‌رباری ئه‌وه‌ی بازرگانی جیهانیی گه‌شه‌ی كردووه به‌ڵام وتووێژه‌كانی ئه‌م دوواییه سه‌باره‌ت به بازرگانی بێ گه‌یشتنه رێکكه‌وتن كۆتاییانهات، و رێكخراوی بازرگانی جیهانی (WTO) سه‌لماندی كه ناتوانێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گرفته هه‌ره گرنگه‌كانی ئه‌مڕۆدا بكات له‌وانه‌ش سنووری وڵاتانی خاڵی له تاریفه‌ی گومرگی و دزینی موڵكایه‌تی هزریی. ناڕه‌زایه‌تی دژی ئه‌مریكا بۆ قۆستنه‌وه‌ی دۆلار له‌پێناو سه‌پاندنی ئابڵوقه ئابوورییه‌كاندا له زیادبووندایه، هه‌روه‌ك نیگه‌رانیش هه‌یه سه‌باره‌ت بە قه‌رزی كه‌ڵه‌كه‌بووی ئه‌م وڵاته.
ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان زۆر به كه‌می په‌یوه‌ندیدار ماوه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به زۆربه‌ی ململانێكانی جیهانه‌وه، و رێكخستنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوانتر شكستیان هێناوه بۆ به‌رگرتن له‌و گرفتانه‌ی كه ده‌خرێنه پاڵ جیهانگیریی. پێكهاته‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش كه‌متر وێنه‌دانه‌وه‌ی دابه‌شكردنی راسته‌قینه‌ی هێزه. [بۆ نموونه] جیهان ئاشكرای كردووه كه دژی جینۆسایده و جه‌ختی كردووه‌ته‌وه له كردار نواندن كاتێك حكومه‌ته‌كان شكست ده‌هێنن له پیشاندانی "به‌رپرسیارێتی بۆ پاراستنی" هاووڵاتیهكانیان، به‌ڵام ئه‌م قسانه نه‌بوونه كردار. په‌یماننامه‌ی به‌رگرتن له ته‌شه‌نه‌كردنی چه‌كی ئه‌تۆمی رێگه‌ی ته‌نها به پێنج ده‌وڵه‌ت داوه بۆ هه‌بوونی چه‌كی ئه‌تۆمی به‌ڵام ئێستا نۆ وڵات خاوه‌نی ئه‌و چه‌كه‌ن (و ده‌شێت چه‌ندین ووڵاتی تریش به هه‌مان رێگه‌دا بڕۆن گه‌ر بیانه‌وێت). یه‌كێتی ئه‌وروپا، كه تا رادده‌یه‌كی زۆر گرنگترین رێكخستنی هه‌رێمییه، به ده‌ست (برێكزت) و كێشه‌كانی كۆچبه‌ران و سه‌روه‌رییه‌وه ده‌ناڵێنێت . هه‌روه‌ها له سه‌رانسه‌ری جیهاندا، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی وڵاتان بۆ باڵاده‌ستیی ئه‌مریكا له زیادبووندایه.
گۆڕانكاریه‌كانی هێز
بۆچی له یه‌ك كاتدا هه‌موو ئه‌مه روو دەدات؟ گرنگه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ له‌ناوچوونی به‌ره‌به‌ره‌یی په‌یماننامه‌ی ڤیه‌ننا له ئه‌وروپا. نه‌زمی جیهانی ئه‌مڕۆ كێشه‌ی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی هێزدا خۆی بگونجێنێت: هه‌ڵكشانی چین، ده‌ركه‌وتنی چه‌ندین هێزی مامناوه‌ندی وه‌ك (ئێران و كۆریای باكوور به تایبه‌تی) كه لایه‌نی زۆر گرنگی ئه‌م نه‌زمه جیهانیه‌ی ئێستا ره‌تده‌كه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتنی ئاكته‌ره نا-ده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌ك (كارتێله‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر و تۆڕه تیرۆریستییه‌كان) كه له توانایاندا هه‌یه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جیددی بن بۆ ئه‌م نه‌زمه چ له‌ناو وڵاتان خۆیاندا یان له نێوان وڵاتاندا.
سیاقی ته‌كنه‌لۆژی و سیاسی له چه‌ندین رووی گرنگه‌وه گۆڕاوه. جیهانگیری كاریگه‌ری ناسهقامگیركهری له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا له‌وانه‌ش كێشه‌كانی ژینگه، بڵاوبوونه‌وه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا و گه‌یشتنی به خه‌ڵكانێكی یه‌كجار زیاتر له‌وسا وه‌ك ژماره‌یه‌ك له خه‌ڵك و گرووپ كه نیازی تێكدانی ئه‌م نهزمهیان هه‌یه. ناسیۆناڵیزم و پۆپۆلیزم ته‌شه‌نه‌یان كردووه كه ده‌ره‌نجامی چه‌ندین فاكته‌رن وه‌ك نایه‌كسانی گه‌وره‌تر له ناو وڵاتان و شڵه‌ژانی په‌یوه‌ست به قه‌یرانی دارایی ساڵی 2008 و له‌ده‌ستدانی كار به‌هۆی بازرگانی و ته‌كنه‌لۆژیا و زیادبوونی لێشاوی كۆچبه‌ر و په‌ناهه‌نده‌كان و هێزی میدیای كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی رق.
هاوكات ئاشكرایه كه كه‌موكورتی هه‌یه له هونه‌ری حوكمڕانی كاریگه‌ردا. داموده‌زگاكان شكستیان هێنا له خۆگونجاندندا. هیچ كه‌سێ ئه‌مڕۆ ئه‌و ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشه‌ی UN دروستناكاته‌وه كه له‌وه‌ی ئێستا بچێت. ریفۆرمی راسته‌قینه مه‌حاڵ بووه چونكه ئه‌وانه‌ی كه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی له ده‌ستدانی نفوزدان رێگری ده‌كه‌ن له‌به‌رده‌م دروستكردنی گۆڕاندا. هه‌وڵه‌كان بۆ دروستكردنی بونیادی كاریگه‌ر بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ گۆڕانی ژینگه و هێرشه ئینته‌رنێتییه‌كان كورتیان هێناوه. هه‌ڵه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا – له‌وانه‌ش بڕیاری دروستكردنی دراوێكی هاوبه‌ش به‌بێ دروستكردنی سیاسه‌تێكی دارایی هاوبه‌ش یان یه‌كێتییه‌كی بانكیی، و رێگه‌دان به ژماره‌یه‌كی بێ سنووری كۆچبه‌ر بۆ ناو ئه‌ڵمانیا – په‌رچه‌كردارێكی به‌هێزیان دژی حكومه‌ته هه‌نووكه‌ییه‌كان و سنووره كراوه‌كان و یه‌كێتی ئه‌وروپا خۆی دروستكرد.
ئه‌مریكاش، لای خۆیه‌وه، هه‌وڵیدا بۆ دروستكردنه‌وه‌ی ئه‌فغانستان و داگیركردنی عێراق و گرتنه‌به‌ری گۆڕینی رژێم له لیبیا (زیاد-دهستبۆبردنێك) بوو كه زۆری له‌سه‌ر كه‌وت. به‌ڵام هه‌نگاوێكیش هاتووه‌ته‌وه دواوه له ئیدامهداندا به نه‌زمی جیهانیی و له هه‌ندێ حاڵه‌تیشدا تاوانباركراوه به (كه‌م-ده‌ستبۆبردن) كه ئه‌مه‌یشی زۆر له‌سه‌ر كه‌وتووه. له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا نه‌بوونی ره‌غبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كردار نواندن له‌سه‌ر مه‌سه‌له جه‌وهه‌رییه‌كان نه‌بووه به‌ڵكو له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كانی په‌راوێز بووه كه سه‌ركرده‌كان به شایانی ئه‌و تێچوونانهیان نه‌زانیوه كه له‌خۆی گرتووه، بۆ نموونه قه‌یرانی سووریا، كه ئه‌مریكا شكستیهێنا وه‌ڵامێكی ماناداری هه‌بێت كاتێ سووریا یه‌كه‌مجار چه‌كی كیمیایی به‌كارهێنا یان كرداری زیاتر بنوێنێ بۆ یاریده‌دانی گرووپه‌كانی دژی رژێمی سووریا. ئه‌م نه‌بوونی رهغبهته بۆ كردارنواندن مه‌یلی ئه‌وانی دیکەی زیاتر كرد بۆ پشتگوێخستنی نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌مریكا و وای لێ‌كردن سه‌ربه‌خۆیانه هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن. بۆ نموونه ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی له یه‌مه‌ن به سه‌رۆكایه‌تی عه‌ره‌بستانی سعودیه. چالاكیه‌كانی رووسیاش له سووریا و ئۆكرانیا ده‌بێت له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌مه‌دا سه‌یر بكرێت. خاڵێكی سه‌رنجڕاكێشه كه (كرایمیا) نیشانه‌ی كۆتایی كاریگه‌ری په‌یماننامه‌ی ڤیه‌ننا بوو و ئێستاش نیشانه‌ی نوشستییهكی دراماتیكییه له نه‌زمی هه‌نووكه‌ییدا. له سایه‌ی ئیداره‌ی (ترەمپ)دا، گومانه‌كان به‌رامبه‌ر جێ باوه‌ڕیی ئه‌مریكا زیادیان كردووه، سوپاس بۆ كشانه‌وه‌ی ئیداره‌كه‌ی له چه‌ندین هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی و گرتنه‌به‌ری رێبازێكی مه‌رجدار بۆ پابه‌ندبوونی ئه‌مریكا به هاوپه‌یمانه‌كانیه‌وه له ئه‌وروپا و ئاسیا كه رۆژێ له رۆژان قابیلی پێشێلكردن نه‌بوون.
ئیداره‌دانی بهرهوخراپچوون
له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌م گۆڕانكارییانه‌دا، زیندووكردنه‌وه‌ی نه‌زمی پێشوو مه‌حاڵه و كیفایهتیش نییه، سوپاس بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ئاڵه‌نگاریه تازه‌كان. كاتێ ئه‌م راستیه دانی پێدا ده‌نرێت، به‌ره‌وخراپچوونی درێژخایه‌نی په‌یماننامه‌ی ڤیه‌ننا ده‌بێت وه‌ك وانه‌یه‌ك و هۆشدارییهكیش كۆمه‌كمان بكات.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا به وریاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م هۆشدارییه‌دا بكات، ده‌بێت هه‌ندێ لایه‌نی نه‌زمه كۆنه‌كه به‌هێز بكات و رێوشوێنی تهواوكاریش بگرێته‌به‌ر بۆ ره‌چاوكردنی گۆڕینی داینامیكییهتهكانی هێز و كێشه نویێهكانی جیهان. پێویسته ئه‌مریكا پشتگیری له سنوورداركردنی چه‌ك و رێكکهوتنهكانی ته‌شه‌نه-نه‌كردنی چه‌كی ئه‌تۆمی بكات؛ و هاوپه‌یمانێتییه‌كانی له ئه‌وروپا و ئاسیا به‌هێز بكات؛ و پشتگیری له‌و ده‌وڵه‌ته لاوازانه بكات كه ناتوانن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تیرۆریستان و كارتێڵهكان و باندهكاندا بكه‌ن؛ و هه‌روه‌ها دژایه‌تی ئه‌و هێزه سته‌مكاره‌كانه بكات كه ده‌ست له پرۆسه‌ی دیموكراسی وه‌رده‌ده‌ن. به‌ڵام نابێت واز بێنێت له تێكهه‌ڵكێشكردنی چین و رووسیا بۆ ناو لایه‌نه هه‌رێمی و جیهانییه‌كانی نهزمهكه. ئه‌م هه‌وڵانه به زه‌روره‌ت پێویستیان به تێكه‌ڵه‌یه‌كه له سازش و هانده‌ر و به‌رپه‌رچدانه‌وه. ئه‌و حوكمه‌ی كه ده‌ڵێت هه‌وڵه‌كانی تێكههڵكێشكردنهوهی چین و رووسیا زۆربه‌ی كات شكستیانهێناوه نابێت ببنه ئهرزیهت بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان له داهاتوودا، چونكه رێڕه‌وی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ره‌نگدانه‌وه‌ی چۆنیه‌تی كاریگه‌ری ئه‌و هه‌وڵانه ده‌بن.
هه‌روه‌ها ئه‌مریكا پێویسته خۆی بگه‌یه‌نێته ئه‌وانی دیکەش بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كانی جیهانگیری به‌تایبه‌تی گۆڕانی ژینگه، بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی و چالاكییه‌كانی ئینته‌رنێت. ئه‌مه پێویستی به زیندووكردنه‌وه‌ی نه‌زمه كۆنه‌كه نییه به‌ڵكو پێویستی به دروستكردنی دانه‌یه‌كی تازه هه‌یه. پێویسته هه‌وڵه‌كان بۆ سنوورداركردن و گونجان له‌گه‌ڵ گۆڕانی ژینگه جیدی تر بن. ده‌بێت رێكخراوی بازرگانی جیهانی هه‌موار بكرێته‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و جۆره گرفتانه‌ی وه‌ك ته‌رخانكردنی ته‌كنه‌لۆژیا له‌لایه‌ن چین و، دابینكردنی پاڵپشتی دارایی بۆ كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان [له‌لایه حكومه‌ته‌كانه‌وه]، و به‌كارهێنانی سنووره خاڵیه‌كان له تاریفه‌ی گومرگی بۆ بازرگانی. رێساگهلێك پێویستن بۆ چاودێریكردنی بواری ئینته‌رنێت [یان ئاسایشی ئه‌لكترۆنی]. هه‌موو ئه‌مانه پێكه‌وه واته بانگه‌شه‌كردن بۆ نهزێمێكی مۆدێرن. ئه‌م بانگه‌شه‌یه پڕ تموحه به‌ڵام زه‌روره‌ته.
ئه‌مریكاش پێویستی به دانبه‌خۆداگرتن و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی رادده‌یه‌ك له رێز هه‌یه بۆ به به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی پایه‌ی خۆی وه‌ك بكه‌رێكی بێوه‌ی. ئه‌مه‌ش پێویستی به‌وه‌یه كه ئه‌مریكا ماڵئاوایی بكات له هه‌ندێك له هه‌ڵسوكه‌ته‌كانی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا: نابێت چی دی بێ باكانه وڵاتانی دیکە داگیر بكات و سیاسه‌تی ئابووری خۆی پڕ چه‌ك بكات له‌رێی سه‌پاندنی زۆری ئابڵوقه ئابووریه‌كان و تاریفه گومرگییه‌كانه‌وه. به‌ڵام زیاد له هه‌رشتێكی دیکە، دژایه‌تی كاردانهوهئاسای ئێسته‌ی [ئه‌مریكا] بۆ فرهتهرهفگهرایی (multilateralism) پێویستی به دووباره بیر لێكردنه‌وه هه‌یه. هه‌ڵوه‌شانی نه‌زمێكی جیهانی به هێواشی شتێكه و پێشه‌نگیی ئه‌و وڵاته‌ی، كه ده‌ستێكی باڵای هه‌بووبێت له دروستكردنیدا، بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌واو شتێكی دیکەیه.
هه‌موو ئه‌مه‌ش پێویستی به‌وه‌یه ئه‌مریكا نێو ماڵی خۆی رێكخاتهوه - كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌رزی حكومه‌ت، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ژێرخان، چاكتركردنی خوێندنی گشتی، وهبهرهێنانكردنی زیاتر له تۆڕی زه‌مانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌به‌نیكردنی سیستەمێكی ژیرانه‌ی كۆچكردن كه رێگه به هاتن و مانه‌وه‌ی بێگانه به‌هره‌مه‌نده‌كان ده‌دات، چارهسهركردهنی شێواوی سیاسی به‌وه‌ی كه ده‌نگدان هێند گران نه‌بێت بۆ ئه‌وانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی گۆڕینی سنووره ئیدارییه‌كانی [ناو ئه‌مریكا]. ئه‌مریكا ناتوانێ له ده‌ره‌وه به شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر بانگه‌شه بۆ نه‌زم و رێكخستن بكات ئه‌گه‌ر له‌ناوخۆدا ناكۆك و په‌رت بێت و سه‌رقاڵی كێشه‌ی ناوخۆیی بێت و كورتی هه‌بێت له سه‌رچاوه‌كانیدا.
پێ ئه‌چێت به‌دیله سه‌ره‌كیه‌كان بۆ نه‌زمێكی جیهانی نوێكراوه‌ی پاڵپشتی كرا‌و له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه مومكین نه‌بن یان جێی ئاره‌زوو نه‌بن یاخود هه‌ردووكیان. بۆ نموونه نه‌زمێك (چین) سه‌ركردایه‌تی بكات، نالیبراڵ ده‌رئه‌چێت، كه خاسیه‌تی سیسته‌می سیاسی ناوخۆیی سته‌مكارانه و ئابووری ژێر كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تی ده‌بێت كه وه‌ك خێرپێكردنێك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پاراستنی سه‌قامگیری ناوخۆیی ده‌كات و ده‌بێت هاووڵاتیه‌كان باجی بده‌ن گه‌ر پێشێلكرێت. ئه‌مه واته گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوچه‌كانی نفوز، كه چین هه‌وڵده‌دات هه‌ژموونی هه‌بێت به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ی خۆیدا و ئه‌گه‌ری هه‌یه ببێته مایه‌ی پێكدادان له‌گه‌ڵ هێزی هه‌رێمی تردا له‌وانه‌ش هیند و یابان و ڤێتنام كه له‌وانه‌یه هانیان بدات هێزی ته‌قلیدی و ته‌نانه‌ت ناوكیش بنیات بنێن.
نموونه‌یه‌كی دیکە: گه‌ر نه‌زمێكی نوێ كه له‌سه‌ر بنه‌مای رێساكان بێت و له‌لایه‌ن هێزه مامناوه‌نده‌كانی ئه‌وروپا و ئاسیا و كه‌نه‌داوه سه‌كردایه‌تی بكرێ و له‌سه‌ر مۆدێله‌كانی ئه‌وانیش دیزاین كرێ، چه‌نێك چه‌مكێكی سه‌رنج راكێشه به‌ڵام توانسته سه‌ربازییه‌كه‌ی و ئیراده سیاسییه ناوخۆییه‌كه‌ی نوقسان ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی دوور مه‌ودا بڕ كات. به‌ڵام ئه‌گه‌رێكی دیکە جیهانێكه به نه‌زمێكی كه‌متره‌وه - جیهانێك له شێواوەیهكی قوڵتردا. خۆپارێزیی ئابووری، ناسیۆناڵیزم، پۆپۆلیزم براوه ده‌بن و دیموكراسی ده‌دۆڕێت. شه‌ڕ و ململانێ له‌ناو و له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان به‌ربڵاوتر ده‌بێت. كێبڕكێی نێوان زلهێزه‌كان زیاد ده‌كات. هاوكاریكردن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه جیهانییه‌كان ره‌چاو ناكرێت. گه‌ر به‌م دیمه‌نه ئاشنابیت، ئه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه زۆر له‌دیمه‌نی ئه‌مڕۆ ده‌چێت.
به‌ره‌وخراپچوونی نه‌زمێكی جیهانی ده‌شێت رهوتگهلێك بخاته گه‌ڕ كه رێگه به‌ن به دروستبوونی كاره‌سات. جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م 60 ساڵ دوای ئه‌وه‌ی نیاز و مه‌به‌سته‌كانی په‌یماننامه‌ی ڤیه‌ننا له‌سه‌ر كرایمیا پێشێلكران به‌رپابوو. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یبینین له زۆر رووی گرنگه‌وه له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی 19 ده‌چێت: نه‌زمی دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م و دوای جه‌نگی سارد قابیلی زیندووكردنه‌وه نین، به‌ڵام جیهان هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ته سه‌ر لێواری قه‌یرانێكی سیستماتیك. ئێسته كاتیه‌تی كه نه‌هێڵرێت هه‌رگیز ئه‌و قه‌یرانه به‌رجه‌سته بێت ئیدی به‌هۆی تێكچوونی په‌یوه‌ندی ئه‌مریكا و چینه‌وه بێت یاخود به‌هۆی به‌یه‌كدادانێكدا بێت له‌گه‌ڵ رووسیا یان به‌هۆی ئاگری شه‌ڕێكه‌وه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یان كاریگه‌ریه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی گۆڕانی ژینگه‌وه بێت. خه‌به‌ره خۆشه‌كه ئه‌وه‌یه هێشتا حه‌تمی نییه كه جیهان دواجار ده‌گات به كاره‌ساتێك؛ خه‌به‌ره ناخۆشه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه زۆر دووره له‌وه‌ی دڵنیابین كه ئه‌م كاره‌ساته روو نادات.
وه‌رگێڕانی: ئالان عه‌توف
نووسینی: ریچارد هاس
گۆڤاری فۆرن ئه‌فێرز
سەرچاوە/ ڕووداو