رێکخراوی CPJی ئەمریکی: تووشی شۆک بووین بەهۆی ئەو هێرشە دڕندانەیەی کە کرایە سەر ڕۆژنامەنووس وریا عەبدولخالق




رێکخراوی CPJی ئەمریکی:
تووشی شۆک بووین بەهۆی ئەو هێرشە دڕندانەیەی کە کرایە سەر ڕۆژنامەنووس وریا عەبدولخالق
#بوار
کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان CPJ  ڕاپۆرتێکی لەسەر هێرشی سەر ڕۆژنامەنوسی دەزگای میدیای بوار وریا عەبدالخالق بڵاو کردووەتەوە.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان داوای لێپرسینەوەی تەواو دەکات لە هێرشەکەی دوو کەس بۆ سەر ڕۆژنامەنووس وریا عەبدولخالق ئەنجامیانداوە و چەقۆیان لێداوە و ۲۱ تەقەڵی دوورینەوە بە سکیەوە هەیە. هەروەها بە کلکی دەمانچە لە سەری دراوە لە  نزیک شاری سلێمانی لە کوردستانی عێراق.

یەگانە ڕەزاییان، ڕێکخەری پرۆگرامی MENA ی CPJ لە واشنتۆن دی سی  دەربارەی ڕووداوەکە وتی: ئێمە تووشی شۆک بووین بەهۆی ئەو هێرشە دڕندانەیەی کە کرایە سەر ڕۆژنامەنووس وریا عەبدولخالق کە بە سەختی برینەکەی لە سکی و سەریدا بەجێهێشت و دەبێت دادپەروەری بۆ  ئەم هێرشە خراپە جێبەجێبکرێت.
یەگانە ڕەزاییان دەربارەی ڕووداوەکە دەڵێت ”دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە دادپەروەری لەم کەیسە بەدی بهێنن”.

هێرشەکە لە 4ی ئەم مانگە ڕوویداوە، چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی  وریا عەبدالخالق پەیامنێری دەزگای  بوار میدیا ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەو تۆمەتانە بڵاوکردەوە کە بەرپرسێک ڕێگری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی کارەبا و ئاوی بۆ گوندێک کردووە و بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی چەندین دەزگای هەواڵ لەسەر ڕووداوەکە و  ئەو ڕۆژنامەنووسە کە لەگەڵ CPJ قسەی کردووە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئەو بەرپرسە کە ناوی نەهێنراوە پلەدارە لە وەزارەتی پێشمەرگە کە وەزارەتی بەرگرییە لە هەرێمی نیمچە سەربەخۆی باکووری کوردستانی عێراقە.
وریا عەبدالخالق بە CPJ ڕاگەیاندووە ”لە باخەکەی خۆی بووە کاتێک برازای بەرپرسەکە و پاسەوانەکەی لێی نزیکبوونەتەوە و پاسەوانەکەش دەمانچەیەکی ئاراستەی کردووە”.

وریا بە CPJی وت ”برازاکەی ئەو بەرپرسە بە چەقۆی شەڕکردن بە قووڵی لە سکمیدا و پاشان پاسەوانەکە خۆی ئامادە کرد بۆ ئەوەی جارێکی تر تەقە بکات، بەڵام برازای بەرپرسەکە ڕێگری لێکرد و وتی با تەقەی لێ نەکەین بریندارم کردووە و دەمرێت”.
ئیبراهیم عەلی بەڕێوەبەری نوسینی  بوار میدیا بە CPJ ڕاگەیاندووە، هێرشبەرەکان تایەی ئۆتۆمبیلەکەی وریایان تەقاندووە تا وریا فریای نەخۆشخانە نەکەوێت.

 پزیشکەکان پێیان وتووە کە ڕۆژنامەنووسەکە دۆخی تەندروستی جێگیر بووە دوای ئەوەی بە ۲۱ تەقەڵ سکی لە نەخۆشخانە دووراوەتەوە.
یەک هێرشبەر لەگەڵ بەرپرسێکی سەربازی دەستگیرکراون و ڕەمەک ڕەمەزان قایمقامی قەزای چەمچەماڵ کە ڕووداوەکەی لێ ڕوویداوە، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە CPJ ڕاگەیاند تۆمەتباران دەستگیرکراون  بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

پەیوەندییەکانی CPJ بۆ داوای لێدوان پەیوەندی بە سەربەست لەزگین بریکاری وەزیری پێشمەرگەوە کرد، بەڵام  وەڵامی  نەدایەوە.
کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان CPJ ڕێکخراوێکی جیهانیەو بارەگاکەی لە شاری نیویۆرکی ئەمەریکایە و ساڵی ۱۹٨۱ دامەزراوەو کار بۆ بەرگری و پاراستنی ڕۆژنامەنوسان لەسەرتاسەری جیهان دەکات.



سەرچاوە/ بوار


PM:07:33:10/11/2024




ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌