کۆمیسیۆن بۆ رووداو: 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەترییان هەیە و 8 ملیۆنیش لە دەنگدان بێبەش دەبن



ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و پارتە سیاسییەکان بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایدەگەیێنێت، 21 ملیۆن دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان هەیە و دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن، نزیکەی هەشت ملیۆن کەسیش بەهۆی نەبوونی کارتی بایۆمەترییەوە لە مافی دەنگدان بێبەش دەبن.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025 لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال"ـی تۆڕی میدیایی رووداو، جەختی لەسەر ئەم زانیارییانە کردەوە و رایگەیاند، "ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و پارتە سیاسییەکان و وادەکە درێژناکرێتەوە."
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت.
 
سەبارەت بە ئاماری پارت و هاوپەیمانێتییە تۆمار کراوەکان، غەلای رایگەیاند"تاوەکو دوێنێ (21ـی ئایار)، لە کۆی 339 پارتی مۆڵەتپێدراو، 114 پارت ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن نیشانداوە و 60 پارتی نوێش لە قۆناخی پێکهێناندان.
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی عێراق دەشڵێت، "لەکۆی 66 هاوپەیمانێتیی تۆمارکراو، 18یان خواستی بەشدارییان دەربڕیوە، هەشت هاوپەیمانێتیی نوێش داواکارییان پێشکەشکردووە و دوو هاوپەیمانێتی نوێش بە فەرمی پەسندکراون."
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆن روونیکردەوە، دوای کۆتاییهاتنی وادەی تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانێتییەکان، قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات، رۆژی 25ـی ئەم مانگە، وەرگرتنی لیستی بەربژێران دەستپێدەکات و تاوەکو 14ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت. ناوەکانیش لە نووسینگەکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان وەردەگیرێن.
 
لەبارەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانەوە، کە وادەکەی تاوەکو 15ـی حوزەیرانە و سێ جار درێژکراوەتەوە، جومانە غەلای بەدووری زانی جارێکی دیکە وادەکە درێژبکرێتەوە و رایگەیاند، "تاوەکو دوێنێ، ملیۆنێک و 500 هەزار کەس کارتی بایۆمەترییان تۆمارکردووە یان نوێکردووەتەوە."
 
لە عێراقدا نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام جومانە غەلای دەڵێت: "بەبێ کارتی بایۆمەتری کە وێنەی دەنگدەرەکەی لەسەر بێت، هیچ کەسێک ناتوانێت بەشداری بکات." گوتیشی: "تاوەکو ئێستا نزیکەی 19 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەترییان هەبووە، لەگەڵ ئەو ملیۆن و 500 هەزارەی کە تۆمار و نوێیان کردووەتەوە، ژمارەی ئەوانەی مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردندا دەبێت دەگاتە نزیکەی 21 ملیۆن کەس."
 
بەم پێیەش، نزیکەی هەشت ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە مافی دەنگدانیان هەیە، بەهۆی نەبوونی کارتی بایۆمەترییەوە، لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا بێبەش دەبن.
 

 سەرچاوە/ رووداو


AM:11:38:22/05/2025




ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌