رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، دوو رۆژ لەمەوبەر رۆژنامەڤانێکی کوردی دانیشتووی هەولێر لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەستگیر کرابوو، ئەمڕۆ ئازاد کرا.
رۆژی شەممە رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەڤانان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "19ـی ئەم مانگە کاژێر 08:00ـی ئێوارە، رۆژنامەڤان ژیار رەئووف، لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و مۆساد لە نزیک پردی هەڵواسراو لە ناوەڕاستی بەغدا دەستگیر کرا، دوای هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، توانرا ئەمڕۆ ئازاد بکرێت."
بە گوتەی رەحمان غەریب، "بە پێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، سەیری مۆبایلەکەی و بابەتە تایبەتییەکانیان کردووە، کە ئەمە رێگەپێدراو نییە."
هاوکات، ژیار رەئوف، ئەو رۆژنامەنووسەی دەستگیر کرابوو، بە رووداوی گوت، "لە شەوی پێنجشەممەوە دەستگیر کرابووم، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر 03:00 ئازاد کرام."
ژیار رەئووف، لە 2011ـەوە کاری رۆژنامەڤانی دەکات و تەمەنی 31 ساڵە. ئێستا وەکو پرۆدیوسەر لە ئاژانسی هەواڵی نێودەوڵەتی و لە کەناڵی CGTNی چینی کار دەکات.
سەرچاوە/ رووداو