دادگای دهۆك فەرمانی ئازادكردنی بۆ ئومێد بەرۆشكی دەركرد



(درەو):

رەحمان غەریب رێكخەری سەنتەری (میترۆ) بە (درەو)ی راگەیاند، دادگای دهۆك بڕیاری ئازادكردنی بۆ (ئومێد بەرۆشكی) خاوەنی ماڵپەڕی (راست میدیا) دەركردووە. 

رێكخەر سەنتەری (میترۆ) وتی: بڕیارە كاتژمێر 3ی ئەمڕۆ بەرۆشكی ئازاد بكرێت، ئێمە خۆشحاڵین بەوەی لایەنی سكاڵاكار سكاڵاكەی كێشاوەتەوەو بەرۆشكی مافی گشتی لەسەر بووەو؛ ئەوەشی لە زیندان تەواو كردووە. 

بەرۆشكی لەسەر كەیسێكی تایبەت بە "ناوزڕاندن" ماوەی شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو، بریار بوو لەسەر ئەم كەیسە رۆژی 28ی تەموزی رابردوو ئازاد بكرێت، بەڵام بەر لە ئازادكردنی كەسێكی تری بۆ كرایەوەو شەش مانگی زیندانی تری بەسەردا سەپێندرا.
دواین كەیس كە زیندانی بۆ بڕایەوە تایبەت بوو بە پۆستێكی فەیسبوك لەسەر  یەكێك لە زیندانییەكانی دهۆك بەناوی "مەلا نەزیر"، لەم پۆستەدا كە مێژووەكەی بۆ كانونی دووەمی 2024 دەگەڕایەوە، ئومێد نوسی بووی "مەلا نەزیر لەلایەن هێزێكی زیندانی زركاوە رفێندراوە، بەڵام ئەو لەو زیندانەدا نەماوەو چارەنوسی نادیارە".

ئومێد بەرۆشكی یەكێك لەو رۆژنامەنوسانەی بایدینان بوو كە لە 18/8/2020 بە تۆمەتی مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی دەستگیركراو؛ 6 سكاڵای جیاوازی لەسەر بوو، بۆ ماوەی سێ ساڵ حوكمدرا، لە 22/2/2022  ئازاد كرا، بەڵام لە دوای ئازاد كردنی جارێك ڕاگیراوە و چەند جاری تریش بە ماوەی كورت دەستگیركراوە، دواتر بە كەفالەتی پارە ئازاد كراوە.


PM:02:06:22/10/2025




ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌