باڵوێزی ئەمەریکا لەبەغدا: رێزگرتن لە ئازادی ڕادەربڕین‌و ڕاگەیاندن بۆ ئەمەریکا گرنگە



میترۆ
باڵوێزی ئەمەریکا لەبەغدا سەردانی هەولێر دەکات و جەخت لەسەر یەکگرتووی هەرێم دەکاتەوە، رای ئەمەریکاش لەبارەی رێزگرتن لە ئازادی رۆژنامەگەریەوە بۆ سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم دووپات دەکاتەوە.

بەپێی راگەیاندنێکی كونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر لەبارەی سەردانەکەی، ماسیۆ تولەر، باڵوێزی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە" ژمارەیەک پرس لە کۆبوونەوەکاندا تاووتوێکران، لەوانە پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق دوابەدوای ھێرشە موشەکیەکانی سەر ھەولێر و ھەروەھا پەیوەندیە ھەرێمیەکان و پشتیوانی بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکەی شەنگال و گەڕانەوەی سەلامەت و ئارەزومەندانە و شکۆمەندانەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان. ھەروەھا گفتوگۆکرا دەربارەی دانوستاندنەکانی تایبەت بە بودجە لە نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و لە درێژەی گفتوگۆکانیشدا پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان باسیان لێوەکرا. باڵیۆز تولەر، جەختی لەوە کردەوە کە یەکگرتوویی ھەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی باشترین ڕێگەن بۆ خزمەتکردنی خەڵک و بوژاندنەوەی ئابوری و دابینکردنی ئاساییش و ژینگەیەکی بەھێز بۆ وەبەرھێنان."

هەروەها لە کۆبوونەوەکاندا، باڵیۆز تولەر جەختی لە گرنگیی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندن کردەوەو ئاماژەی بەوەدا کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەند دەمێنێتەوە بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمەڵگای مەدەنی لەسەر ئەم پرسە و دڵنیاییدا لە پەیوەندیەکی بەھێز لەگەڵ ئیدارەکەی سەرۆک بایدندا.( وەک لە راگەیاندنەکەی قونسڵخانەدا هاتووە).
 
ڕێکەوتی ٢٤ ی شوبات،ماسیو تولەر، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەردانی هەولێری کردو لەگەڵ نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کۆبووەوەو، سەردانی فڕۆکەخانەی هەولێریشی کردو جەختی لەسەر پاراستنی فڕۆکەخانەکە لە هەر هێرشێک کردەوە.

 


PM:10:43:25/02/2021




ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌