گرتووخانەیەک لە بەغدا زیاتر لە 800 ژن و منداڵی داعشی تێدایە



میترۆ
ئەندامێکی لیژنەی ئافره‌تان لە پەرلەمانی عێراق کە سەردانی گرتووخانەیەکی عێراقی کردووە و گرتووخانەکە منداڵ و ژنی چەکدارانی داعشی تێدایە، دەڵێت "ئەوەی لەو گرتووخانەیە دەگوزەرێت کارەساتە".
 
بەندیخانەکە لە شاری بەغدایە، 550 ژن و 286 منداڵی چەکدارانی داعشی بیانی تێدایە. رێزان شێخ دلێر، ئەندامی لیژنەی ئافره‌تان لە پەرلەمانی عێراق راگەیاندووه‌، رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو سەردانی بەشی زیندانیانی ژنانی لە ناوچەی رەسافەی شاری بەغدا کردووە، ئەوەی بینیویەتی "کارەسات" بووە و وێنەی لە هیچ وڵاتێک نەبووە، مەگەر لە وڵاتە زۆر دواکەوتووەکان نەبێت، ئەگەر هۆڵێک جێگەی 40 کەس بگرێت، لەوێ 118 کەسی تێدا بووە.
 
لەبارەی کەموکورتییەکانی زیندانەکە ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەی هۆڵەکان زۆر کەم بووە بەراورد بە زیندانییەکان، ئەو ژنە سزادراوانە 286 منداڵیان لەگەڵدایە. لەو هۆڵانە تەنیا یەک شوێنی خۆشۆردن و 2 توالێت هەبوو. شوێنی خواردن نییە، شوێنێکیش نییە بۆ خۆپاککردنەوەی خۆیان و جلە تایبەتەکانیان. لەو بارەوە یاداشتی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی و وەزیری دادی عێراقی کردووە.
 
کێشەی زیندانەکان تەنیا تایبەت نییە بە زیندانیکراوانی کەسوکاری چەکدارانی داعش، عەلی بەیاتی، ئەندامی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ عێراقی راگەیاندووه‌، دۆخی زیندانیان لە عێراق بەشێوەیەکی گشتی زۆر خراپە، لە بەندیخانەکاندا ژمارەیەکی یەکجار زۆر زیندانی تێدایە، هەندێک کات دوو بۆ سێ بەرامبەر لە ژمارەی ئاسایی خۆی زیاترە لە هەر هۆڵێک، ژێرخانی بەندیخانەکان لاوازە و زۆربەی باڵەخانەکان بۆ زیندانی گونجاو نین و ناشێن بۆ بەندیخانە. 
 
ئەندامەکەی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ عێراقی دەڵێت: لە راپۆرتی خۆیاندا ئاماژەیان بە خراپی دۆخی زیندانیان کردووە، زۆر جاریش لە کاتی سەردانیکردنی زیندانیان کارەکانیان سنووردارن، ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان سەردانی هەموو شوێنک بکەن و ئەوە پێویستی بە چەندین رێکار و کۆتوبەندە.
 
ئاماری تایبەت بە منداڵانی داعش لە بەشی رەسافە (6):
 
کۆی گشتی: 286 منداڵ
تورکی : 143 منداڵ
قیرغزیستان: 71 منداڵ
ئازەربایجان : 36 منداڵ
سووریا: 12 منداڵ
ئوردن: 4 منداڵ
ئەندەنووسیا: 4 منداڵ
ترینیداد: 5 منداڵ
مەغریب: 1 منداڵ
ئێران: 5 منداڵ
ئۆزبەگستان: 2 منداڵ
تونس: 2 منداڵ
تاجیكستان: 1 منداڵ
 
ئاماری تایبەت بە ژنان لە بەشی رەسافە (6):
 
تورکیا: 231 ژن
ئازەربایجان : 118 ژن
رووسیا: 57 ژن
قیرغزیستان: 44 ژن
تاجیکستان: 35 ژن
ئۆزبەکستان: 27 ژن
سووریا:12 ژن
ئێران:5 ژن
فەرەنسا:  2 ژن
ترینیداد: 3 ژن
مەغریب: 2 ژن
ئۆکرانیا: 2 ژن
کازخستان: 2 ژن
جۆرجیا: 1 ژن
بیلارووسیا: 1 ژن
ئەندەنووسیا: 2 ژن
سوێد: 1 ژن
ئەڵمانیا: 3 ژن
ئوردن: 1 ژن
چین: 1 ژن
 
بەپێی ئامارێکی فەرمیی حکومەتی عێراق کە لە مانگی کانوونی دووەمی 2021 دا ئامادەکراوە و وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، 41 هەزار و 939 زیندانی لە بەندیخانەکانی عێراقدا هەن، 2 هەزار و 168 لەو زیندانییانە ئافرەتن، 1 هەزار و 455 لەو زیندانییانە لە خوار تەمەنی 18 ساڵدان، هاوکات 56 یان بیانین.
 
هەر بەپێی ئامارەکە، ئەو زیندانییانە، کە لە 28 بەندیخانەدا بەندکراون، 859 یان بەهۆی تێوەگلان لە تیرۆر سزادراون و 40 زیندانیشیان بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە سزادراون.
 
هاوکات سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤەوە لە عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، راگەیاندووه‌: "زیاتر لە 3 هەزار تاوانبار لە عێراق سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، بەڵام تەنیا نزیکەی 500 لەو سزادراوانە ئەندامی داعشن و بەشێکیان بیانین، سزادراوەکانی دیکەش بەهۆی کوشتن سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە".
 
ژمارەی زیندانیان و سزادراوان بە لەسێدارەدان لە عێراق:
 
41939 زیندانی لە بەندیخانەکانی عێراقدا هەن
2168 لەو زیندانییانە ئافرەتن
1455 لەو زیندانییانە لە خوار تەمەنی 18 ساڵدان
56 لەو زیندانییانە بیانین
لە 28 بەندیخانەدا بەندکراون
859 لەو زیندانییانە بەهۆی تیرۆر سزادراون
40 لەو زیندانییانە بەهۆی هۆشبەر سزادراون
3000 لەو زیندانییانە بە لەسێدارەدان سزادراون



PM:10:57:25/02/2021




ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌