66 رۆژنامەوان لە ئیستەنبوڵ دادگایی دەکرێن



میترۆ
تەنیا 2 رۆژ دوای راگەیاندنی کارنامەی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، 66 رۆژنامەڤان لە تورکیا لە 12 دۆسیەی جیاوازدا دادگایی دەکرێن.
 
رۆژی 20ی کانوونی یەکەمی 2011 ئۆپەراسیۆنێک لە دژی رۆژنامەڤانانی ئاژانسی دیجلە، ئازادیا وڵات و چەند دەزگایەکی دیکە کرا و 66 رۆژنامەڤانی کورد دەستگیرکران.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ەمین دانیشتنی دادگایی یەکێک لە دۆسیەکان کە بە ''دۆسیەی کەجەکە'' دەناسرێت، لە سێیەمین دادگای سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ بەڕێوەدەچێت. ئەو دۆسیەیە ماوەی 9 ساڵە بەردەوامە.
 
بەپێی راپۆرتی ئەنستتیوتی چاپەمەنیی نێودەوڵەتی (IPI) ئێستا 77 رۆژنامەڤان لە گرتووخانەکانی تورکیادان، هەروەها ژمارەیەکی زۆریشیان بەهۆی پیشەکەیانەوە دراونەتە دادگا یان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. 
 
دادگاییکردنی ئەو 66 رۆژنامەڤانە لەکاتێکدایە رەجەب تەیب ئەردۆغان سێشەممەی رابردوو لەمیانی راگەیاندنی کارنامەی مافی مرۆڤ ئاماژەیکرد: "ئەو تاوانانەی لەڕێی راگەیاندن، چاپەمەنی و ئینتەرنێتەوە ئەنجامدراون، بە ئامانجی بەهێزکردنی ئازادیی رادەربڕین، جارێکی دیکە بەپێی مەرجی دادگا تاوتوێیان دەکەین".
 
زۆربەی ئەو رۆژنامەڤانانە سەرنووسەر، گۆشەنووس، پەیامنێر یان خاوەن دەزگای راگەیاندنن کە لەسەر بابەتی جیا جیا سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و دواتریش دراونەتە دادگا. یەکێک لەوانە عەبدوڵا کایایە کە بەهۆی رووماڵکردنی ''فێستڤاڵی ئاشتی و سروشت'' لە چیای ئاگری کە رۆژی 3ی ئەیلوولی 2014 بەڕێوەچوو دادگایی دەکرێت. کایا تۆمەتی ئەوەی دراوەتە پاڵ کە گوایە لەکاتی رووماڵدا گوتەکانی بانگەشە بووە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). عەبدوڵا کایا ئەمڕۆ بۆ دەیەمین جار دەبرێتەوە دادگا.
 
هەروەها دۆسیەی بڵاوکردنەوەکان لەبارەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان. عارف ئەسڵان کە لەمیانی ئۆپەراسیۆنەکەدا رووماڵیکردووە، تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆرستی'' بەسەردا سەپێنراوە و ئەمڕۆ لە دادگای 5ی سزا قورسەکانی وان دادگایی دەکرێت.
 
توناهان تورهانی پەیامنێر بە تۆمەتی ئەوەی رۆژی 20ی ئابی 2019 لەوکاتەی حکومەتی تورکیا قەیومی لەسەر شارەوانیەکانی هەدەپە دانا، خەڵکی هانداوە، لە دادگای 13ی سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ دادگایی دەکرێت.
 


PM:02:50:04/03/2021




ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌