کۆمیسیۆن: 10- 10 هەڵبژاردنە و دواناخرێت





میترۆ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، 10-10 هەڵبژاردن دەکرێت و ئەو وادەیە گۆرانکاریی بەسەردا نایەت.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، 10 تشرینی یەکەم وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە و بەهیچ شێوەیەک پاشگەزبوونەوەی نییە، چونکە بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردن سەرپێچیکردنی ماددەی 8ـە لە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2020ـی یاسای هەڵبژاردنەکان. هەروەها گوتی، تاوەکو 17-4-2021 پێشوازی لە لیستی بەربژێرەکان دەکرێت.
 
جومانە غەلایی، گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەكو ئێستا 301 كەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەربژێركردووە، لە کاتێکدا 17ی ئەم مانگە دوایین وادەیە بۆ ناوتۆمارکردن". 
 
گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد،"246 كەس وەكو تاك، 51 كەس لەرێگەی پارتەكان و 4 كەسیش لە رێگەی هاوپەیمانییەكان خۆیان بەربژێر کردووە، ئەمەش لە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان كەمترە، كە 329 كورسییە".
 
بەپێی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، تاوەکو ئێستا مۆڵەتی دامەزراندن بە 250 حیزب دراوە، داواکاری دامەزراندنی 65 حیزبی دیکەش لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
 
وا بڕیارە رۆژی 10-10-2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش 26 ملیۆن و 642 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
 
داتاکانی هەڵبژاردن
 
ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانییە سیاسییەکان تاوەکو 1/5/2021
 
ماوەی پێشوازییکردن لە لیستی بەربژێرەکان تاوەکو 17/4/2021
 
ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی داتاکانیان نوێکردووەتەوە (1.362.255) دەنگدەر
 
دەنگدەری ئاوارە 23.738 
 
ئەو دەنگدەرانەی لە بایۆمەتری تۆمارکراون 15.897.612 دەنگدەر
 
ژمارەی کارتی بایۆمەتر کە لە پارێزگاکاندا دابەشکراون بەسەر دەنگدەراندا 13.449.075 
 
تۆمارکردنی پارتەکان
 
تاوەکو ئێستا 250 پارتی سیاسی تۆمارکراون
 
65 داواکاری بۆ دامەزراندنی پارتەکان لەژێر لێکۆڵینەوەن
 
110 پارت خواستیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەربڕیوە
 
30 هاوپەیمانی تۆمارکراون
 
8 هاوپەیمانی خواستیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دەربڕیوە
 
11 هاوپەیمانی سەرقاڵی تۆمارکردنن


AM:11:36:10/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌