بڕیاردەری لیژنه‌ی‌ کاروباری کۆمەڵایەتی: رێگەیان نەدا چاومان بە بەدەل بەرواری بکەوێت




میترۆ
بڕیاردەری لیژنه‌ی‌ کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكی‌ كردن لە پەرلەمانی کوردستان کە لە چەند رۆژی رابردوودا لیژنەکەیان سەردانی گیراوانی بادینانیان کرد لە زیندان رایگەیاند، دۆخی تەندروستی زیندانیان لە هەولێر خراپە و هەندێکیان توشی نەخۆشییەکانی پێست و سووربوونەوە بوون، دەشڵێت، "بەرپرسانی زیندانییەکە رێگەیان نەدا چاومان بە بەدەل بەرواری بکەوێت."

بەدریە ئیسماعیل بڕیاردەری لیژنه‌ی‌ کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكی‌ كردن لە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، پاش ٢٧ رۆژ لە داواکاری بۆ سەردانیکردنی زیندانیکراوانی بادینان رێگەیان پێدراوە لیژنەکەیان سەردانیان بکەن، دەشڵێت، "بارودۆخی زیندانییەکان زۆر خراپە و لە هۆڵێکدا ١٣٥ کەسی تێدایە و بەشێک لە زیندانیکراوەکانیش توشی نەخۆشی جۆراوجۆربوون و بارودۆخی دەرونی زۆربەشیان باش نییە و رووخاون."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەیەک پاکێج و بەجیاجیا سەردانی هەر پێنج زیندانییەکەی بادینایان کردووە و زیندانییەکان ئەو تۆمەتانەیان رەتکردوەتەوە کە ئاڕاستەیان کراوە، هاوکات، وتەی یەکێک لە زیندانیکراوەکانیش دەگێڕێتەوە کە تۆمەتبار کراوە بەهەڵگرتنی چەک بەڵام تۆمەتبارەکە وتوویەتی، " هەرگیز نەمهێشتووە منداڵەکەشم تەنانەت دەمانچەی پلاستیکیش بەکاربهێنێت لەبەر ئەوەی جۆرێک لە توندوتیژی لە مێشکیدا تۆمار نەبێت."

یەکێکی دیکە لە گیراوەکان وتوویەتی، "من تۆمەتبار کراوم بەوەی گوایە ئاسایشی هەرێمی کوردستانم تێکدابێت، من ١٤ ساڵە هۆشیاری خەڵک دەکەم بە ئەندازەی باڵەمێشولەیەک زیانم بەهیچ کەسێک و تاکێکی کۆمەڵگە نەگەیاندووە کەی ئەوە رەوایە، کاتێک دادوەر حوکمەکەمی خوێندەوە یەکسەر توشی بورانەوە بووم و لەهۆش خۆم چووم."

بەدریە ئیسماعیل لە زاری یەکێکی دیکە لە گیراوەکانەوە باسی لەوەکردووە، "من ئەگەر هەڕەشەم بەخێزانەکەم لێبکرێت ئامادەم سەری خۆم دابنێم، کێ لەئێوە ئامادەیە هەڕەشەی بەخێزانی لێبکرێت و ئەو شتەی بەرامبەری روبەڕوی دەبێتەوە قبوڵی نەکات."

بڕیاردەری لیژنه‌ی‌ کاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی داواکاری گیراوەکانیشەوە دەڵێت، داوای ئەوان بۆ دەرەوە یەکەم شت ئەوەیە کە داوای ئەوان بگەیەنن بە نەتەوە یەکگرتووەکان تا پێداچوونەوە بەحوکمەکەیاندا بکەن بە گشتی داوای تەمیزی حوکمەکەیان دەکرد و داوای بینینی کەسوکاریان و پارێزەرەکانیان دەکەن.

 


AM:11:49:10/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌