وێنەیەکی دەریاچەی وان لە پێشبڕکێیەکی ناسادا گەیشتە قۆناخی کۆتایی





میترۆ
وێنەیەکی دەریاچەی وان لە پێشبڕکێیەکی ناسادا گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و لەگەڵ وێنەی "ئەستێرە جووڵاوەکانی سەر کیشوەری ئەمریکا" بۆ بوون بە یەکەم رکابەری دەکات. محەممەد ئەمین بیلمەز، پارێزگاری وان داوا دەکات دەنگ بە وێنەی دەریاچەی پارێزگاکەی بدەن.
 
ئاژانسی ناسا رۆژی 15ی ئاداری 2021  کێبڕکێیەکی فۆتۆگرافیی رێکخست، تێیدا 32 وێنە بەربژێر کران و یەکێک لە وێنەکان دەریاچەی وانی باکووری کوردستانە، کە لە بۆشایی ئاسمانەوە چرکێندراوە.
 
پێشبڕکێکە لەڕێگەی دەنگدانی ئۆنلاینەوە بەڕێوەچوو و دوای تێپەڕبوونی 15 رۆژ لە دەستپێکردنی، ناسا لە پەیجی فەرمیی خۆی ئەو چوار وێنەیەی بڵاوکردنەوە کە گەیشتوونەتە چوارگۆشەی زێڕین؛ یەکێک لەوانەش وێنەی دەریاچەی وان بوو.
 
لەو گەڕەی پێشبڕكێکەدا هەردوو وێنە بەریەککەوتن. ناسا رایگەیاند، دەریاچەی وان لە چوارگۆشەی زێڕیندا رێژەی 94%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بەسەر وێنەی "پەڵە هەورەکانی کاستێلانووس لە ئاسمانی بەهاما"دا سەرکەوت و گەیشتە قۆناخی کۆتایی.
 
دەنگدان بۆ دیاریکردنی یەکەم وێنە تاوەکو رۆژی 14ی نیسان بەردەوام دەبێت. وێنەکەی دەریاچەی وان رۆژی 12ی ئەیلوولی 2016 لەلایەن کەیت روبینسەوە گیراوە و ناسا لە ریزی 32 وێنەی دانسقەیی هەڵیبژارد و خستیە کێبڕکێیەکی تایبەتەوە.
 
هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان، بەتایبەتیش پارێزگاکانی وان و بەدلیس، کە دەکەونە هەردوو دیوی ئەو دەریاچەیە، بەشێوەی جۆراوجۆر پشتیوانی و دڵخۆشیی خۆیان نیشاندەدەن.
 
هاونیشتمانیانی وان و بەدلیس وێنە لە هەژمارەکانی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکەنەوە و داواکارن هاونیشتمانیان لە هەر شوێنێک هەن پشتگیریی لێبکەن بۆئەوەی یەکەم بێت.
 
بەشێک لە هاونیشتمانیان لینکی دەنگدان بۆ وێنەکان بڵاودەکەنەوە و داوا دەکەن پشتیوانی لە وێنەی دەریاچەی وان بکرێت.
 
ناسا نووسیویەتی "ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە ئەوانەی دەچنە بۆشایی ئاسمان، وێنەی جۆراوجۆر دەگرن و دیمەنی ناوازەی زەوی پیشاندەدەن. بە بۆچوونی ئێوە، کام وێنەی زەوی سەرنجڕاکێشترینە و زۆرترین ماوە لە هزری مرۆڤدا دەمێنێتەوە؟ هەڵیبژێرن".
 
دەریاچەی وان گەورەترین دەریاچەی کوردستانە، رووبەرەکەی سێ هەزار و 713 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و چوار دوورگەی تێدایە. رێژەی خوێ و سۆدە لە ئاوەکەیدا بەرزە. بەشێوەیەکی تێکڕایی بەرزیی ئاستی ئاوەکەی هەزار و 646 مەترە لە ئاستی رووی دەریاوە.


PM:01:19:12/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌