شادی نەوزاد: داخستنی هۆڵی ژنان لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە ئەوپەڕی جیاکاری ڕەگەزییە




میترۆ
بڕیارێکی وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی داخستنی هۆڵی ژنان لە مانگی‌ ڕەمەزاندا، کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، وەزارەتی ئەوقاف بە داخستنی هۆڵی ژنانی مزگەوتەکان جیاکاری ڕەگەزی کردووە.

لە بابەتێکدا شادی نەوزاد، ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی، بڕیاری داخستنی هۆڵی ژنان لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە ئەوپەڕی جیاکاری ڕەگەزییە و دەبێت هەر ئێستا لەناو نوسراوەکە دەربهێنرێت.

دەشڵێت، هیچ جیاوازییەک لەنێوان ژنان و پیاواندا نییە بۆ بەجێگەیاندنی ئەرک و سونەتە ئایینیەکان لە ئاینی ئیسلامدا، وە ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی دیاریکراو مایەی قبوڵ نییە.

هاوکات چەند پرسیارێکیش ئاڕاستەی وەزارەتی ئەوقاف دەکات و دەشڵێت، یەکەی جێندەریەکەتان چیی دەکرد کە ئەم نوسراوە دەرچوو؟

دەقی بابەتەکەی شادی نەوزاد:

وەزارەتی ئەوقاف بە داخستنی هۆڵی ژنانی مزگەوتەکان جیاکاری ڕەگەزی کردووە.

لە دوایین نوسراوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیدا لە ڕێکەوتی ١١/٤/٢٠٢١ سەبارەت بە ئەنجامدانی مەراسیمی نوێژی بەکۆمەڵ لە مزگەوتەکاندا، لە خاڵی هەشتەمدا هاتووە کە (هۆڵی ژنان دابخرێت)
ئەم خاڵە ئەوپەڕی جیاکاری ڕەگەزییە و دەبێت هەر ئێستا لەناو نوسراوەکە دەربهێنرێت، چوونکە هیچ جیاوازییەک لەنێوان ژنان و پیاواندا نییە بۆ بەجێگەیاندنی ئەرک و سونەتە ئایینیەکان لە ئاینی ئیسلامدا، وە ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی دیاریکراو مایەی قبوڵ نییە.

من لێرەدا دەپرسم:
ئایا ژنان گوێزەرەوەی کۆرۆنان؟
 ئایا پیاوان لە ژنان ئایندارتر و مولتەزیمترن؟
یان ئەوەیە کە ناوێرن بە پیاوان بڵێن مزگەوتتان بۆ ناکەینەوە و دەتانەوێ بەشێکی هەر بەداخراوی بهێڵنەوە و قسەکەی خۆتان نەشکێنن؟
پرسیاری هەرە سەرەکی ئەوەیە یەکەی جێندەریەکەتان چیی دەکرد کە ئەم نوسراوە دەرچوو؟

ئەوەش دوایی ئەوەهات، ئەمرۆ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی چەند ڕینمایەکی تایبەت بەکردنەوەی دەرگایی مزگەوتەکان دەرکرد و یەکێک لە بڕیارەکان بریتیبوو لە: داخستنی هۆڵی ژنان لە مانگی رەمەزاندا. 


PM:01:41:12/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌