بەدریە ئیسماعیل: چوار کەس تووشی کۆرۆنا ببوون لە شوێنی زیندانی چالاکوان و ڕۆژنامەوانەکانی بادینان




میترۆ
بەدریە ئیسماعیل مەحمود بڕیاردەری لیژنه‌ی‌ کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكی‌ كردن له‌ مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان (لەکۆمەڵی دادگەری) لە وتووێژێكیدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی‌ ئه‌مریكا، باس لەدۆخی چالاکوان و ڕۆژنامەوانەکانی بادینان دەکات لەزاری خۆیانەوە، کەپێشتر لیژنەکەیان سەردانیان کردبوون.

"پرسیارەکانی لیژنەی مافی مرۆڤ لەچالاکوان و ڕۆژنامەوانان "
لەسەرەتای وتووێژەکەدا بریاردەری لیژنەی‌ کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی‌ کردن لە مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەربارەی سەردانی کردنی لیژنەکەیان بۆ لای پێنج چالاکووان و ڕۆژنامەنووسەکانی بادینان وتی" بەداخەوە نەدەبوو بەهیچ شێوەیەک ئەندامی پەرلەمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ڕێگری لێبکرێت بۆ هیچ دامودەزگایەکی حکومی وە بۆ هیچ دەستگیرکراوێک لەهەرشوێنێکدا دەستگیرکرابێت نەدەبوو ڕێ بگرێت بەداخەوە ڕێمان لێگیرا دوای چەند نوسراوێک پاشان دوای 27 ڕۆژ وەڵامدراینەوە و کارئاسانیمان بۆکراو ڕەزامەندیمان بۆ کرا تەنها پێنج لەو سزادراوانە ببینین، کاتێک ئێمە بینیمان بەیەک پاکێج کۆمەڵێک پرسیارمان ئاراستە کردن لەنزیکەوە یەک بەیەکیانمان هەمووی دوواندووە، پرسیارەکانی ئێمە لەسەر بارودۆخی ناو زیندان؟ لەسەر تەندروستیان؟ لەسەر بەرتەسکی شوێنەکەیان؟ لەسەرئەوەی ئایا ڕۆژانە پزیشک دەیانبینێت؟ وە پرسیارمانکرد لەسەرئەوەی ئایا پارێزەریان هەبووە؟ یان پارێزەریان بینیووە؟ وە ئایا لە ژووری تاکەکەسیدا بوون؟ ئایا مانیانگرتووە لەخواردن؟ ئایا ئەو لێکۆڵینەوانەی کەلەگەڵیاندا کراوە پارێزەر ئامادە بووە؟ ئایا ڕازین بەو حوکمەی کەدراون یان بەو تاوانانەی خراونەتە پاڵیان؟ ئایا تەلەفون هەیە لەنێوان کەسوکاریاندا؟ هەروەها ئایا کەسوکارییان دەبینن؟ ئەم کۆمەڵە پرسیارانەمان ئاراستە کردن بەیەک پاکێج هەر پێنجیانمان بینین بەجیا بەجیا."

"دۆخی زیندانی کراوەکان "
بەدریە ئیسماعیل باسی دۆخی ئەو زیندانیانەی لەزاری خۆیانەوە کرد و وتی" سەبارەت بەتەندروستیان بەداخەوە تەندروستیان ئەوانەی لەهۆڵەکەدا بۆنموونە هەر هۆڵی 135 کەسی تێدایە، من وتەی خۆیان دەگوازمەوە، وتەی خۆیان لەسزادراوان دەڵێت لەژوورەکەمان زۆربەمان توشی هەستیاری پێست و سوربوونەوە و دروستبوونی زیپکە بووین هەتا یەکێک لەوانە دەستەواژەی گەڕیی بەکارهێنا (لەگەڵ ڕێزی تەواوم ) بەڵام خۆی ئەو دەستەواژەیەی بەکارهێنا لەبەرئەوەی لەژوورەکەدا پاڵەپەستۆ و لۆدێکی زۆر هەیە دەڵێت لەکاتی خەوتندا بەیەکەوە کەپس دەبیین تەنها چوار بست مەسافەی ئیسراحەت و حەوانەوەمان هەیە، لەژوورەکەدا پاڵەپەستۆ و گازی پیس بوون و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن زۆرە لەکاتێکدا ئێمە دەبیینن ڕێگری لە کەسوکارمان دەکرێت لەبەر مەترسی ڤایڕەسی کۆرۆنا بەڵام ئێمە موعەرەزترین بەوەی ئەو پاڵەپەستۆ و لۆدە زۆرە لەسەر هۆڵەکاندا هەیە کەبەپێی ستانداردی جیهانی نابێت لە 30-35 کەس زیاتری تێدا بێت بەداخەوە ئەوان 135 کەسن."

" دۆخی تەندروستی زیندانییەکان و پێداویستی دەرمان "
بەدرییە ئیسماعیل لەسەر دۆخی زیندانییەکان زیاتر دواو وتی" یەکێک لەزیندانییەکان لەسەر بینینی پزیشک پێی وتین هەفتەی جارێک دەمانبینن و هەندێک پێداویستی سەرەتایی هەیە بۆماندەکەن بەڵام من ئێستا بۆ ئەم هەستیاری و سووربوونەوەیەم پێویستم بەمەلحەمێکە دەستم نەکەوتووە، هەروەها چارەسەری درێژخایەنمان هەیە هەندێکمان نەخۆشی درێژخایەنی هەیە بۆیان نەهێناوین و ڕەتیانکردۆتەوە و ڕێگەیان نەداوە بۆمان بهێنن، یەکێک لەنەخۆشەکان نەشتەرگەری پێویست بووە و نەشتەرگەری جوزئی کەدەبووایە لەنەخۆشخانەی دەرەوە بکرێت بەڵام ڕێگە پێنەدراوە، لەسەر بینینی پارێزەر ،پارێزەرییان تائێستا نەبینیووە، وە کەسوکاریان نەبینیووە و تەلەفون بۆنموونە دەڕۆژ بیست ڕۆژ یا مانگی جارێک بەریاندەکەوێت بۆ چەند خولەکێک."

"داوای زیندانییەکان بۆ دەرەوە"
بڕیاردەری لیژنەی‌ کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی‌ کردن لەمافی مرۆڤ لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان باسی لەداواکاری زیندانییەکان کرد و وتی" بێگومان ئێمە بەوردەکاریی گوێبیستی ئەوان بووین ئەوانە بێزارن بۆنموونە کەسی ڕۆژنامەنوس و بەتوانان و عادەتەن کەسی ڕۆژنامەنووس چالاکە لەبواری خوێندنە و لەبواری نوسیین، داوای ئەوان بۆ دەرەوە یەکەم شت ئەوەیە کەداوای ئەوان بگەیەنین بەنەتەوە یەکگرتووەکان و بیگەیەنیین بەلایەنی پەیوەندیدار وەکو لیژنەی مافی مرۆڤ ، وەکو دەستەی مافی مرۆڤ وەکو پەرلەمان هەڵوێستمان هەبێت داواکاری ئەوان بگەیەنیین بەدەرەوە کەپێداچوونەوە بەحوکمەکەیاندا بکەن بەگشتی داوای تەمییزی حوکمەکەیان دەکرد هەروەها داوای بینینی کەسوکاریان دەکەن، وە داوای بینینی پارێزەر دەکەن، وە داوای ئەوە دەکەن بۆنموونە پەڕتووک و پێنووس هەبێت."


بەدریە ئیسماعیل ئەوەشی وت" ئێمە هەموو شتەکانمان کۆنوسکردووە کردوومانە یاداشتێک، هەموو داواکاری و پێداویستیەکان و گرفتەکانیان لە یاداشتێکدا بەرزمانکردۆتەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، لەسەرۆکایەتی پەرلەمانەوە ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار بێت، ئێمە لەسەر خەتدەبین، هەنگاوەکانی تریشمان هەرچی ڕێکاری مەدەنی و یاسایی هەبێت وەکو لیژنەکەمان دەیگرینەبەر نەک هەر بۆئەوان بۆ هەموو تاکێک بۆ هەموو مرۆڤێک وەکو ئەرکێکی مرۆیی کە مافی پێشێل کرابێت کەداوایەکی ڕەوای خۆی هەبێت ئێمە لەسەرخەت دەبین، ئێمە هەمیشە هەم وەک لیژنە وەکو فراکسیۆنەکەم ئەوەمان وتووە لای ئێمە مەبدەئە کەسێک بکەری تاوانێک بێت بەسزای خۆی بگات بەڵام کەسێک لەقەبارەکەی خۆی زیاتر تۆمەتی خرابێتە پاڵ وستەمی لێکرابێت هەر بەو یاسایەی کەناوی لێدەنرێت یاسا سزای دراوە سێ بەرامبەر سزابدرێت کەئەمانە پێچەوانەی بنەماکانە."

"زیندانییەکان لەسەر تۆمەتەکانیان چییان وت لەبەردەم لیژنەی مافی مرۆڤ"
بڕیاردەری لیژنەی‌ کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی‌ کردن لەمافی مرۆڤ لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر تۆمەتی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانە وتی" ئەوان سەرتاپا تۆمەتەکانیان ڕەتدەکەنەوە، یەکێک لەوانە تۆمەتبار کراوە بەهەڵگرتنی چەک دەڵێت هەرگیزا و هەرگیز من نەمهێشتووە مناڵەکەشم تەنانەت دەمانچەی پلاستیکی بەکاربهێنێت لەبەرئەوەی جۆرێک لەتوندوتیژی لەمێشکیدا تۆمار نەبێت، یەکێکی تر دەڵێت من تۆمەتبار کراوم بەوەی گوایە ئاسایشی هەرێمی کوردستانم تێکدابێت، من 14 ساڵە هۆشیاری خەڵک دەکەم بەئەندازەی باڵەمێشولەیەک زیانم بەهیچ کەسێک و تاکێکی کۆمەڵگە نەگەیاندووە کەی ئەوە ڕەوای حەقە! کاتێک دادوەر حوکمەکەمی خوێندەوە یەکسەر توشی بورانەوە بووە و لەهۆش خۆی چووە لەبەرئەوەی زوڵمێکە، یەکێکی تر لەهاوڵاتیەکان ڕۆژنامەنووسە دەڵێت من پێنج ساڵە هەموو ئەولیاتێکم لێ زەوتکراوە و مافی دەنگدانیشم نەبووە وەکو هاوڵاتی ئەم وڵاتە حسابم بۆ ناکرێت، سەرتاپا تۆمەتەکانیان ڕەتدەکەنەوە تەنها وەکو کەسێک بەیاسا ڕێگەمان پێدراوە ئازادی ڕادەربڕینمان هەبێت ڕای خۆمان دەرببڕین تەنها ئەوە بووە و هیچ شتێکی تر."

"شەش مانگە ڕوخساری خۆمان نەبینیووە"

ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانە لەڕووی دەرونییەوە زۆر تێکشکاون بۆنموونە دەڵێن ئێمە شەش مانگە تەنها ڕووخساری خۆمان نەبینیووە و ئاوێنەیەکمان لەلا نییە، هەندێک ئەوەلیات و پێداویستیمان لەلا نییە، هەواڵی کەسوکارمان نازانین و وەکو پێویست نییە تەنها سەلام و کەلامێکی کورت و موختەسەر بەهەرحاڵ ئەوان لەڕووی دەرونیەوە زۆر ڕووخاون."

"یەکێک لەزیندانییەکان وتی من ئەگەر هەڕەشەم بەخێزانەکەم لێبکرێت ئامادەم سەری خۆم دابنێم نەک واژۆی دانپێدانانی بەزۆر بکەم "
بەدریە ئیسماعیل بەردەوام بوو لەسەر گێڕانەوەی قسەی زیندانی کراوەکان لەو ڕوەوە وتی" دانپیادانەکانمان لەژێر زۆری و فشاردا لێوەرگیراوە تەنانەت یەکێکیان وتی پێدەچێت ئەم بابەتەی کەبۆ ئەم حوکمانە دانراوە ئامادەکراوبێت (جا ئەمە ئەوەیە من قسەی ئەوان دەگوازمەوە، وە هەموو هاوڕێکانیشم شایەتحاڵن من بەفاریزە قسەکانیانم نەپەڕاندووە.)
بەداخەوە یەکێک لەسزادراوان ناوی ناهێنم ئەوەی وت وتی من ئەگەر هەڕەشەم بەخێزانەکەم لێبکرێت ئامادەم سەری خۆم دابنێم کێ لەئێوە ئامادەیە هەڕەشەی بەخێزانی لێبکرێت و ئەو شتەی بەرامبەری ڕووبەڕووی دەبێتەوە قبوڵی نەکات! "من ئەو قسەیەی ئەو دەگوازمەوە و هەموو هاوڕێکانیشم شایەتن کە ئەمەی وت."بەدریە ئیسماعیل بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ وایوت"

"بەرپرسانی ئاسایش ئاگادارن دۆخی ئەو زیندانی کراوانە خراپە "
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پێشتر چیتان کردووە وەک لیژنەکەتان لەسەر کەیسی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەوانانە؟ لەوەڵامدا بەدریە ئیسماعیل وتی" ئێمە وەکو لیژنە لەسەرەتای سەرهەڵدانی گرفتەکە و دەستگیرکردنیانەوە لەسەرخەت بووین بەداخەوە پێش ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ هەولێر، لەبادینان دووجار لیژنەکەمان چوو سەردانیان کردن ڕێگریمان لێکرا، وە پاشان ڕۆژی دادگایی کردنەکە کەڕەزامەندیمان لەدادوەر وەرگرت هەمان ڕۆژ هەر ڕێگریمان لێکرا لەنزیکەوە لەبارودۆخیان بزانیین، وەکو وتم بەچەند فلتەرێکدا تێپەڕی ئەم بابەتە ئینجا ڕەزامەندیمان بۆ وەرگیرا تۆزێک بەزەحمەت."

بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە ئایا بەبەرپرسانی ئاسایشتان وت لەسەر ئەو دۆخە خراپەی زیندانییەکان کەباست کرد؟ لەوەڵامدا بەدریە ئیسماعیل وتی" ئەوانیش دەزانن و ئەوە ڕەتناکەنەوە پاڵەپەستۆیەکی زۆریان لەسەرە لەڕووی دەرونییەوە ڕوخاون و لەڕووی جەستەییەوە ئەو گرفتە دیارەیان پێوە دەرکەوتووە ئەوانیش ئاگادارن بەڵام بەحکومی ئەوەی کەچاکسازی هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە سزادراوانی ئەوێش هاتونەتە ئاسایش بۆیە ئەو لۆدە زۆرە لەسەر ئەوێ هەیە."

" چوار کەس لەشوێنی زیندانی چالاکوان و ڕۆژنامەوانەکانی بادینان تووشی کۆرۆنا بوون "
بەدریە ئیسماعیل ڕاشیگەیاند" ئێمە کەبەدواداچوونمان بۆ کردن نزیکەی چوار کەس لەشوێنی زیندانی کردنی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانە توشی کۆرۆنا ببوون لە هۆڵەکاندا بۆنموونە هەر دوو سزادراوێک چۆتە هۆڵەکەوە و دابەشبوون بەسەر هۆڵەکاندا باسی چوار کەسیان کرد کەکۆرۆنای گرتووە لەناو هۆڵەکاندا لەگەڵ ئەو 135 کەسە بوون و ژیانیان بەیەکەوە بردۆتەسەر کەنیشانەکانیان لێدەرکەوتوون لەوانیان جیاکردونەتەوە."

"داوای بینینی م.بەدەل بەرواری و چەند زیندانییەکی ترمان کردبوو بەڵام ڕێگەیان پێنەداین"
لەکۆتایی وتووێژەکەدا بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ دەربارەی ئەوەی بۆچی بەتەنها ئەو پێج زیندانیەتان بینی؟ لەوەڵامدا بەدریە ئیسماعیل وتی" ئێمە پێنج سزادراوەکانمان بینی بەڵام داوای مامۆستا بەدەل بەرواری و ئیسماعیل ناوێک و دووانی تر لەگیراوەکانی ناوچەی دهۆک کرد وەکو پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ، نوێنەری ناوچەکە ئەویش لۆدێکی زۆری لەسەرە، هەریەکەمان لۆدێکمان لەسەرە لەبەرئەوەی ئەندامێکین لەلیژنەی مافی مرۆڤ و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆمان هەیە و پەیوەندیدارین بە بابەتەکە، زۆر هەوڵی ئەوەماندا ئەو سیانەی تریش بیان بینیین بەداخەوە ڕێگریمان بۆ ئەوانە لێکراو وتیان لەبەرئەوەی فەرمانمان پێکراوە ڕەزامەندی تەنها بۆ ئەم پێنجە هەیە، بۆجارێکی تر نوسراوێک ئاراستە بکەن و ئەوکاتە ڕەزامەندی وەردەگرم بۆ بینی ئەوانە بەڵام ئێمە واڕێکەوتووین سەردانەکان دوبارە بکەینەوە و لەبارودۆخیان ئاگادار بین و هەنگاوەکانی خۆشمان چڕتر و پڕتر دەکەینەوە بۆئەوەی بەزووترین کات تەمیزی حوکمەکەیان بکرێتەوە."


PM:01:44:12/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌