چیرۆكی ئه‌و ژنه‌ی 20 ساڵه‌ له‌ زیندان چاوه‌ڕوانی مه‌رگه‌



میترۆ
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ژنێکی کوردی خەڵکی ئورمیە کە لەکاتی بەرگریکردن لە خۆی کەسێکی کوشتووە و سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە، 20 ساڵە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە لە ژێر سێبەری مەرگدا دەژیت.


بەگوێرەی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژنێکی خەڵکی ئورمیە بە ناوی "موحیبەت مەحموودی" تەمەن 64 ساڵ، 20 ساڵ لەمەوبەر سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە و لە بەندیخانە لە چاوەڕوانی مەرگدایە و ماوەی 18 ساڵیشە کە لە مافی ئازادبوون بێبەشکراوە.

هەنگاو باسی لەوەشکردووە، موحیبەت مەحموودی کە ئێستا لە بەندیخانەی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە راگیراوە، لە رۆژی 21ی نیسانی 2001 بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک کە بە زۆر چەقۆی بەکارهێنابوو و چوبووە ماڵیان و ویستبووی دەسترێژی بکاتە سەر دەستبەسەرکراوە و دواتر لەلایەن لقی 22ی دادگای تاوانەکانی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر رەزایی سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، لەوکاتەوە لە بەندیخانەی ئورمیە راگیراوە.

ناوبراو لە ماوەی ئەو ساڵانەدا تەنیا یەک جار و ئەویش 18 ساڵ پێش ئێستا مافی ئازادبوونی پێدراوە کە دوای سکاڵای بنەماڵەی کوژراوەکە خێرا گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانە.

ئەم سزایە دواتر بە هۆی ناڕەزایەتی بەربڵاو و فشارە نێودەوڵەتیەکانەوە لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکەی بەڕێکرا بۆ لقی 106ی دادگای سزای ئورمیە کە دیسان سزای سێدارەی بەسەردا سەپایەوە و سزاکەش لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە وەک خۆی پشتڕاستکرایەوە.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی مەحموودی لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاندووە، "لە رۆژی رووداوەکەدا تەنیا موحیبەت و بووکەکەی لە ماڵدا بوون و کوژراوەکە بە ناوی "حاتەم مەحموودی گونبەدی" خەڵکی ناوچەی سێرووی ئورمیە کە ناسراوێکی دووریان بووە کاتژمێر 8ی بەیانی بە چەقۆ و بە مەبەستی دەستدرێژی چوه‌تە نێو حەوشەکەیان. پاش ئەوەی کە نابراو ئامادەنەبووە ماڵەکە بەجێ بهێڵێت، موحیبەت چەکێک هەڵدەگرێت و بە مەبەستی ترساندنی حاتەم تەقە دەکات کە نەخوازراو گوللـه‌یه‌ك بەر حاتەم دەکەوێت و گیان لەدەستدەدات".

موحیبەت مەحموودی دایکی پێنچ منداڵە، یەکێک لە منداڵەکانی ئاماژەی بەوەکردووە، لە رۆژی رووداوەکەدا کوژراوەکە سێ زەڕبەی چەقۆی دابوو لە زک و کەلەکەی دایکم و تەنانەت کاتێک هێزەکانی ئیدارەی ئاگایی چوونەتە شوێنی کوشتنەکە، هێشتا چەقۆکە لە دەستی کوژراوەکەدا بووە. بەو حاڵەش و بەپێی ئەو بەڵگانەش کە لەبەردەستدایە، دادگا سزای سێدارەی بە سەر دایکمدا سەپاندووە.

کوڕەکەی موحیبەت مەحموودی دەشڵێت: "کوژراوەکە دوو هاوسەر و 16 منداڵی هەیە و ئامادەن کە بە خوێنبایی میلیاردێک و دووسەد میلیۆن تمەن بکوژەکە ببورن، بەڵام دانی ئەو بڕە پارەیە بۆ ئێمە زۆر دژوارە و ئەگەر ماڵەکەشمان کە تەنیا سەرمایەی ئێمەیە بفرۆشین، نیوەی ئەو بڕە پارەیە دەرناهنێت. بۆیە داوا لە هەموو خێرخوازەکان دەکەم کە یارمەتیمان بدەن تا ئەو بڕە پارەیە کۆبکەینەوە و پاش 20 ساڵ بە دیداری دایکمان شادببینەوە".

بە پشتبەستن بە راپۆرتێکی هەنگاو کە چەند رۆژ پێش ئێستا بڵاوکرایەوە، لە ئێستادا 12 ژن کە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ژنانی ئورمیە راگیراون.


PM:01:48:12/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌