گرفت و بەربەستەکانی بەردەم خانمانی ڕۆژنامەوان لە هەرێمی کوردستان




گرفت و ئاستەنگی زۆر هەن کە ڕوبەڕووی خانمانی ڕۆژنامەوان دەبنەوە لە هەرێمی کوردستان، دۆخی ڕۆژنامەوانان بەگشتی و خانمانی ڕۆژنامەوان بەتایبەتی تا چەند ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی ڕۆژنامەوانانی هێناوەتە دەنگ، یاخود تا چەند ئاوڕ لەم پرسە دراوەتەوە، کاری ڕۆژنامەوانی بۆ خانمان لە هەرێمی کوردستان لە چ ئاست و قۆناغێکدایە.

خانمی ڕۆژنامەوان ئاڤان جاف بەرپرسی گۆڤاری ژنان لە سەنتەری میترۆ دەڵێت ئەو بەربەستانەی کە دێنە بەردەم خانمانی ڕۆژنامەوان لە هەرێمی کوردستان زۆرن بەڵام ئەوەی کە پێویستە جەختی لێبکرێتەوە و ئیشی بۆ بکرێت هەراسانکردنی سێکسیە کەخانمان ناچار دەکات دەست لە کارەکانیان هەڵبگرن.

ئاڤان جاف دەڵێت زۆرجار بەهۆی کاریگەری کلتوری کۆمەڵگە و سیستەمی دواکەوتووی کۆمەڵگە، خانمانی ڕۆژنامەوان ناتوانن ئەو پێشێلکاری و گرفتانەی ڕووبەڕویان دەبێتەوە یاخود ئەو کارانەی لەبەرامبەریان دەکرێت بە ئاشکرا باسی لێوە بکەن، بۆیەش وا دەکات کە ڕێژەی ئەو توندوتیژیانە کەمتر تۆمار بکرێت ڕێژەکە بە کەمی بێتە بەرچاو دواجار ڕێکخراوەکانیش سەنگێکی ئەوتۆی ناخەنە سەر.

سەبارەت بە یەکسانی ڕەگەزی لەناو دەزگاکانی ڕاگەیاندندا ئاڤان جاف دەڵێت هەموو ئەو دروشمانەی لە میدیا دەوترێنەوە بۆ من جێگەی دڵخۆشی نین، چونکە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی دەزگاکانی ڕاگەیاند لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوە دەچن، پێگەی خانمان لەنێو میدیای کوردی لە بەرپرسیاریەتی یەکەمدا لە %0 ئەمە خۆی پەیامێک دەگەیەنێت، بۆ ئەوانی تریش کە ئاستی دامەزراوە و بەڕێوەبەرەکانن ڕێژەی بەشداری خانمان لە %3 یە.

ئاڤان جاف ئاماژە بە دواین ئاماری پێشێلکارییەکان دەکات و دەڵێت ئامارەکان پێمان دەڵێن هێشتا مەترسی گەورە لەبەردەم کاری ڕۆژنامەوانیدا هەیە لە هەرێمی کوردستان، هێشتا فشارو بەربەستەکان زۆر زیاترن لەوەی کە دڵخۆشکەر بن، لە کاتێکدا کاری زۆر و هەوڵی زۆر دراوە و گفتوگۆ و لێک نزیکبونەوەی زیاتر لەنێوان داکۆکیکاران و دەسەڵاتداراندا.

-dengiamerika



AM:11:50:09/05/2021




ئه‌م بابه‌ته 588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌