رۆژنامەڤانێکی هەڵەبجە سزای 6 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا




رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەڵەبجە بە بڕیارێکی دادگە 6 مانگ زیندانیکرا بە تۆمەتی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییکردن.
 
مەریوان عەبدولڕەحیم، برای ناسیح عەبدولڕەحیم، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "براکەم بەپێی ماددەی2ی یاسای قەدەخەکردنی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بڕیاری 6 مانگ زیندانیکردنی بۆ دەرچووە، بەڵام ئێمە چاوەڕێی ئەوەین کە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت و سزاکەی بکرێتە ماددی یان سووک بکرێت".
 
لە ئایاری 2020 ناسیح عەبدولڕەحیم نووسراوێکی لەبارەی سزادانی سێ کارمەندی تەندروستیی هەڵەبجە لە پەڕەی فەیسبووکی خۆی بڵاوکردووەتەوە، بەپێی گوتەکانی مەریوان عەبدولڕەحیم، ئەو سێ کارمەندە سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە و بەو هۆیەوە براکەی سزادراوە و لە رۆژی چوارشەممەوە لە زینداندایە.
 
لە کاتێکدا دکتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە نووسراوێکی ئاراستەی دادگەی کەتن لە هەڵەبجە کردووە و رایگەیاندووە، "بڵاوکردنەوەی ئەو نووسراوە هیچ زیانێکی لە پێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندرستیی هەڵەبجە نەداوە".
 
ناسیح عەبدولڕەحیم، جگە لەوەی فەرمانبەری وەزارەتی تەندروستییە، چالاکڤان و رۆژنامەنووسیشە، سەرۆکی سەنتەری میترۆ لەبارەی دەستگیرکردنەکەیەوە دەڵێت: "ناحەقی بەرامبەر کراوە".
 
رەحمان غەریب، سەرۆکی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەداخەوە هەوڵێک هەیە کە هاووڵاتی و میدیا بەشدار نەبێ لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئەمە لێکەوتەی خراپی هەیە و دەبێ دەسەڵات لێکۆڵینەوە لە هاووڵاتیی نەکات لەسەر ئەوەی کە گەندەڵی ئاشکرا دەکەن، ئەمە کارێکی زۆر خراپە و دەبێ دادگەکان هانی میدیا و هاووڵاتی بدەن بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵی، هەروەها دەبێ هاوکاریی هاووڵاتی بکرێت و زانیاریش بدرێتە میدیا".
 
رەحمان غەریب گوتیشی: "وەکو سەنتەری میترۆ، داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکەین، چونکە ناحەقی کراوە بەرامبەر بە ناسیح عەبدولڕەحیم".
 
حوکمدانی ناسیح عەبدولڕەحیم، بەپێی ماددەی 2ی یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنە. 
 
ماددەی دووی یاساکە:
 
هەر کەسێک ئەگەر بەخراپی تەلەفۆنی مۆبایل یان ئامێرێکی پەیوەندیکردنی تەلدار، بێتەل، ئەنتەرنێت یان پۆستی ئەلیکترۆنی بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن یان تۆمەت هەڵبەستن یان جنێودان یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەکارهێنا، کە ترس پەیدا دەکات یان دزەی بە گفتوگۆکردن کرد، یان وێنەی چەسپاو و جووڵاو و کورتەنامەی بڵاوکردەوە کە لەگەڵ خوو و رەوشتی گشتیدا ناگونجێ، یان بەبێ رووخسەت و مۆڵەت وێنەی گرت یان کاروبارێکی وا کە شەرەف بریندار بکات، یان هانی ئەنجامدانی تاوان یان کاری بەدرەوشتی یان بڵاوکردنەوەی زانیاریی پەیوەست بە نهێنی ژیانی تایبەت یان خێزانی بۆ تاکەکان بڵاوبکاتەوە کە بە هەر رێگەیەک بێت بە دەستی کەوتبێت، هەتا ئەگەر راستیش بن، ئەگەر بەهۆی بڵاوکردنەوەیان و دابەشکردنیان سووکایەتی یان زیانیان پێبگەیەنێت، ئەوا بۆ ماوەیەک بەند دەکرێت، کە لە ( 6 ) مانگ کەمتر نەبێت و لە ( 5 ) ساڵیش زیاتر نەبێت، بە سزایەکی ماددیش سزا دەدرێت کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت، یان بە یەکێک لەو دوو سزایە سزادەدرێت.
 


AM:12:46:12/06/2021




ئه‌م بابه‌ته 620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌