JCC: ژمارەی ئەو پەنابەر و ئاوارانەی دێنە هەرێمی کوردستان زیاترە لەوانەی دەگەڕێنەوە



 
بەڕێوەبەری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەهۆی کەمبوونەوەی هاوکارییەکان و کۆرۆناوە پەنابەران لە دۆخێکی مرۆیی خراپدان". هەروەها دەڵێت: "ژمارەی ئەو پەنابەر و ئاوارانەی دێنە هەرێمی کوردستان زیاترە لەوانەی دەگەڕێنەوە".
 
هۆشەنگ محەممەد، بەڕێوەبەری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان بەگشتی دۆخیان باش نییە، ئەو پشتیوانەی پێشتر هەبووە کەمبووەتەوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی خزمەتگوزاری و پێداویستییەکان کردووە. لێکەوتەکانی کۆرۆناش کاریگەری نەرێنی هەبووە، بەتایبەتی ئەوانەی ناو شار و کەمپەکاندا دەژین."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری ناوەندی هاوبەشی هەمانگی قەیرانەکان،  کەمبوونی هاوکارییەکانی پەنابەران و کۆرۆنا وایکردووە کاریگەری نەرێنی لەسەر کەمبوونی خۆراک، کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی دابنێت. ئەوەی باشبێت ئەوەیە کە ئەمن و ئاسایشیان هەیە.
 
هۆشەنگ محەممەد داوا دەکات حکومەتی عێراقی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاویان لە ئاست پێداویستییەکانی پەنابەران دانەخەن، چونکە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانیشەوە.
 
سەبارەت بە هاتن و گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران لەم کاتەدا، هۆشەنگ محەممەد گوتی: "ژمارەی هاتنی پەنابەران بۆ هەرێمی کوردستان زیاترە لە گەڕانەوەیان، ئەوەشیان بە روونی لە ئامارەکاندا دیارە. تەنیا لەماوەی مانگی پێنجی ئەمساڵدا دوو هەزار و 684 ئاوارە و پەنابەر گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، لە بەرامبەردا سێ هەزار و 545 ئاوارە و پەنابەر هاتوونەتە هەرێمی کوردستان".
 
بەپێی ئاماری ناوەندی هاوبەشی هەمانگی قەیرانەکان لە پێنج مانگی رابردوودا هەزار و 351 پەنابەر و دوو هەزار و 230 ئاوارە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، لە بەرانبەردا 131 پەنابەر و دوو هەزار و 553 ئاوارە  گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. 
 
بەپێی پێنجەمین راپۆڕتی بارودۆخی مرۆیی سەنتەری هەماهەنگی قەیرانەکان، کە 14/6/2021 بڵاوکراوەتەوە، هەرێمی کوردستان ئێستا 928،674 ئاوارە و پەنابەری لە خۆگرتووە، لەو ژمارەیە 665،505 ئاوارەی ناوخۆن و 242،824 پەنابەری سووری، 8،747 پەنابەری تورکی و 10،760 و پەنابەری ئێرانی و 753 پەنابەری فەڵەستینین، هەروەها 85 پەنابەری وڵاتانی دیکە.
 
هەر بەپێی راپۆرتەکە زۆربەی ئاوارە و پەنابەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی کەمپەکانن. تەنیا 30٪یان لەناو 36 کەمپدا دەژین، هەروەها 70٪یان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین. 41٪ی ئاوارە و پەنابەران لە پارێزگای هەولێر ، 40٪ لە پارێزگای دهۆک و 19٪یان لە پارێزگای سلێمانین.

-Rudaw


PM:12:58:20/06/2021




ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌