سەردانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەرێز (لاهوری شیخ جەنگی)مان كرد




ئەمرۆ دووهەمین رۆژی جەژن لەگەڵ روباری هاوسەرم ، سەردانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەرێز (لاهوری شیخ جەنگی)مان كرد، پیرۆزبایی جەژنم لێكرد، هەندێ وێستگەی ئەو بارودۆخە نوێیەی یەكێتیمان باسكرد.

زۆر خۆشحاڵ بووم بە گوێگرتن لە دیدگای، كە نە بە ئاراستەی تەسعید و نە بە ئاراستەی لەتكردنی ریزەكانی یەكێتیە. 

باسم لەوەكرد كە سەرهەڵدانی كێشەی هاوسەرۆكانی یەكێتی، ساتەوەختێكی تاقیكردنەوەی ئیجگار گرنگ بوو بۆ میدیا و كۆمەڵگەی مەدەنی، كە دەبێت رامانچڵەكێنی، ئەزمونی لێوەربگرین.

راستە كێشەكە ناوخۆییە و هەر دەبێت یەكێتی خۆی چارەسەری بكات، و كۆمەڵگەی مەدەنی تەرەفگیر نەبێت، بەڵام خۆ دەبێت تەرفگیری چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكە بێت. فشار بەو ئاراستەیە بكات.

لەم چوارچێوەدا پشتیوانیم لەو بەشەی ووتارەكەی كاك لاهور كرد، كە جەختكردنەوەیە بۆ چارەسەری سلمی و گەرانەوەی بۆ شەرعییەتی حزبی.

بۆ میدیاكارانیش پیشانی داین كە ئاستی هاوپشتی لە نێوان رۆژنامەنوسان چەند لاوازە، ئەو كۆمەڵە زۆرەی میدیاكارانی نزیك لەكاك لاهور كە زۆرینەیان كوڕ و كچە هەژارن، كەمترین پشتیوانی كران.

دەرفەتێكیش بوو بۆ دەربرینی هەندێ دەردەدڵ چونكە گەڵیك بابەتی برینداركەر لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان و شتی تریش هەبوون بەرامبەر من و سیروانی برام، كە حسابكراووبوون لەسەر میدیا و كادێرە نزیكەكانی ئەو و باسمكردن.

ئەم بارودۆخەی یەكێتی دەرفەت نیین بۆ دەربرینی رقوكینە یان تۆڵە، و پۆستی ئاستنزم،  بۆ من لەو ساتەوەختە بارودۆخی میدیاكارانی نزیك لە كاك لاهور گرنگترەو چاوم لەسەر ئەو بەڵێنانەی بەرێز (قوباد تاڵەبانی)یە، دەربارەی ئەو میدیاكارانەو ئازادی كاركردنیان .
 
وردەكاری هەندێ مەسەلە هەن با بۆ مێژوو بمێنن.

21.07.2021


PM:01:23:25/07/2021




ئه‌م بابه‌ته 572 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌