دوێنێ چوارشەممە ئەنستیتیوتی توێژینەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەهەولێری پایتەخت، سیمینارێکی تایبەتی بۆ تۆم مالینۆڤیسکی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری مافی مرۆڤو دیموکراسیو کار، سازکرد.
مالینۆڤسکی کە پێشتر بەڕێوەبەری ئۆفیسی واشنگتۆن-ی رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ بووە، گەلێک بابەتی گرنگی باسکرد، وەک سەرهەڵدانی داعشو هۆکارەکانی بەهێز بوونی، پەراوێز خستنی سوننییە عەرەبەکان، چۆن سەرکوتکردنتوندوتیژی بەرهەمدێنێ، شەڕ دژی داعشو چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم شەڕە، رۆڵی ئەمەریکاو سووربوونی لەسەر هاوکاری کوردستانو عێراق، ئاوارەکان... هتد.
ئەگەرچی زۆرێک لەم بۆچوونانە بۆ ئامادەبووان تازە نەبوون، بەڵام گرنگییەکەی لەوەدا بوو کە لە زمانی دیپلۆماتێکی پایەبەرزی وڵاتە یەکگرتووەکانەوە رادەگەیەنران. جگە لەوەش، دەبێ دان بەو راستییە تاڵەدا بنێین کە زۆرینەی سیاسەتمەدارانی ئێمە، ئەوەندەی گوێ لە خەڵکی دەرەوە دەگرن، نیو ئەوەندە قسەی خەڵکی خۆیان بەهەند وەرناگرن!
ئەوەی بەلای منەوە گرنگو سەرنجڕاکێش بوو، جەختکردنەوەی بوو لەسەر ئەو راستییەی کە ناتوانین شەڕی داعش بەتەنها لەڕێگەی چەکەوە ببەینەوە، بەڵکو لەوە گرنگتر شەڕکردنە لەگەڵ ئایدیۆلۆجیاو رەفتارو ئەخلاقیاتی داعش. رێگەنەدانە بەوەی لەم شەڕە سەختەدا ئێمەش بێ ئەوەی بەخۆمان بزانین، لە ناخی خۆماندا داعش بەرهەم بێنینەوە. بە دیاریکراویش ئاماژەی بۆ تاوانەکانی "حەشدی شەعبی" کرد لەو ناوچە سونییانەدا کە لەدەستی داعشی دەسەننەوە. هەروەها هەندێک مامەڵەی نەخواستراو لەگەڵ ئاوارە عەەبەکان لە هەندێک شوێنی کوردستان. لێرەشەوە رووی دەمی کردە ئامادەبووانو وتی: "هاوسۆزیو پشتیوانیی جیهان بۆ کوردستان، چەند قەرزاری خۆڕاگریو ئازایەتیی پێشمەرگەیە، بەهەمان ئەندازەو بگرە زیاتریش قەرزاری ئەوەیە کە جیهانی ئازاد لەم ناوچە نائارامو پڕ لەتاوانو پێشێلکارییەدا، کوردستان وەک رووبەرێک دەبینێت کە سەرباری کەموکوڕییەکان، لەسایەدا ئایینو مەزهەبە جیاوازەکان، کولتوورو زمانە جیاوازەکان، رەنگو دەنگو بیروڕا جیاوازەکان دەتوانن پێکەوە هەڵ بکەنو بە ئاشتی پێکەوە بژین، بزووتنەوەی داکۆکی لە مافو ئازادییەکانی ژنان لە هەڵکشاندایە... هتد. ئێوە گەورەترین هەڵەدەکەن ئەگەر بتانەوێ بە پاساوی شەڕی داعش، چاوپۆشی لە پێشێلکارییەکان بکەنو پرۆسەی دیموکراسیو بەدامودەزگا کردنی سیستمی حوکمڕانی پەک بخەن یان دوای بخەن. چونکە تەنها کاتێک دەتوانن ئەم شەڕە ببەنەوە، کە بەڕاستی ببنە مۆدێلی ئازادیو دیموکراسی بۆ ناوچەکە. زۆر جار بیستوومە دەڵێن دەمانەوێ کوردستان بکەینە دوبەی، بەڵام هیوادارم کارێک بکەن کە دوبەی ئاوات بەوە بخوازێ ببێت بە کوردستان".
لەڕاستیدا لەدوای شەڕی داعشەوەو بەهۆی خۆڕاگریی شەڕوانەکانی رۆژاواو هێزی پێشمەرگەی باشوورەوە، کوردستان بۆتە جێگەی بایەخی زۆربەی ناوەندە بەدەسەڵاتەکانی جیهان. بەهەمان شێوەش، تاریکیی دەسەڵاتی پڕ تاوانی داعش لەو ناوچانەدا کە داگیری کردوون، رووناکییەکی بەهێزی بە کوردستانو حکومەتەکەی بەخشیوە. بەڵام گومان لەوەدا نییە کە ئەمڕۆ بێ یا سبەی، داعش چەند خوێن بڕێژێو چەندیش ناڕەحەتمان بکات، هەر کۆتایی پێدێت. ئەوساش رەنگە ئەو گرنگییەی کە هێزی سەربازیی کورد هەیەتی، جێگەی بایەخێکی ئەوتۆ نەبێتو ئەو پشتیوانیو هاوسۆزییەی جیهانی ئازادیش کاڵ بێتەوە. بۆیە ئەگەر سیاسەتمەدارانی ئێمە دەیانەوێ پاش شکستو پاشەکشەی داعشیش هەمان گرنگیو ناوو ناوبانگ بۆ خۆیانو وڵاتەکەیان لەجیهاندا مسۆگەر بکەن، باشترین رێگەو بگرە تاکە رێگە ئەوەیە، وەک یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی، هەنگاو بەرەو بنیادنانی وڵاتی مافو ئازادییەکان بنێین. وڵاتێک کە رێز لە جیاوازییەکان بگرێت نەک هەر رۆژەی بە بیانوویەک هەوڵی سڕینەوەیان بدات.وڵاتێک کە لانیکەمی دادی کۆمەڵایەتی بۆ هاوڵاتیانی مسۆگەر بکاتو لەسایەیدا بە سەربەرزی بژین.