پەیامنێران لەکاتی کردەوە تیرۆریستییەکەی هەولێر
رەحمان غەریب

دیمەنی ئەو رۆژنامەنوسانەی لەکاتی کردەوە تیرۆریستییەکەی شاری هەولێر بەدوای زانیاریدا دەگەڕان و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگریان لێدەکرا، دیمەنی دوو پیشەوەر بوون لە نێو پەشێوی رووداوێکی کت وپڕدا، کە هەردولا بە شوێن زانیاریدا دەگەڕێن.


ئاسایش بۆ سەرە داوەکان، سەرچاوەی مەترسییەکان، دەگەڕان، رۆژنامەنوسانیش وێڵی زانیاری و وەڵامی پرسیاری ڕای گشتی بوون. هەوڵی وەڵام دانەوەی پرسیارێک بوون کە لە کاتێکی کەمدا هەموانی سەرقاڵ کرد، چی ڕوودەدات؟


بڕیاری دامەزراوەی ئەمنی بە دورخستنەوەی هاوڵاتیان لە شوێنی تەقینەوەکانی هەولێر لە نێویشیاندا رۆژنامەنوسان بڕیارێکی هەڵە نەبوو. ئەمە لانی کەمی ئەرکی ئەو دامەزراوەیە بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی.


رۆژنامەنوسانیش سەرقاڵی گواستنەوەی زانیاری بوون، هەوڵی گرتەیەکی سەرنج راکێش، پێشبڕکێ بۆ بۆ خێرایی گواستنەوەی هەواڵەکانیان، بەڵام بێ دەربەست بەرامبەر بە ژیانی خۆیان.


کردەوە تیرۆریستییەکەی بەردەم ئاسایشی گشتی وئاسایشی هەولێر سەر لە نوێ پرسی پاراستنی رۆژنامەنوسانی لە کاتی ئالۆزی ژینگەی شەڕدا، ورووژاند.


کەم لە پەیامنێرانی کەناڵەکانی راگەیاندن سەبارەت بە سەلامەتی پیشەی لەکاتی روماڵکردنی هەواڵ و راپۆرت لەکاتی سەرهەڵدانی کاری توندیژی تەقینەوە، مەشقییان پێکراوە. ئەوەی کە لە کەناڵەکانی بینراودا دەمانبینی دیمەنی مەترسییەکی گەورە بوو بۆ سەر ژیانی پەیامنێراندا، ئەوان نزیک لە ناو جەرگەی رووداوەکە زانیاریان دەگواستەوە.


پەیامنێران بە بێ کڵاوی پاراستنی سەرو بە بێ بەرگی پاراستنی سک و پشت، خۆیانکرد بەناو ڕووداوەکەدا، تەقینەوەی دووهەمی بەردەم ئاسایش چەند رۆژنامەنوسێک نزیک بون، ئەمەش وا دەخوازێت بەرپرسانی کەناڵەکانی راگەیاندن بیریان لەم مەسەلە هەستیارە نەکردبێتەوە، وەڵامی ئەو پرسیارەیان نەدابێتەوە، چۆن پەیامنێرانمان بپارێزین؟ کوردستان لەناوەراستی ئاگربارانەدایە لەم نێوەندەدا هەر پریشکێکی بەردەکەوێت، با ژیانی رۆژنامەنوس ئەولەویاتی کەناڵەکانی راگەیاندن بێت، نەک هەواڵەکە.



 


AM:01:06:06/10/2013