ئه‌گه‌ر فیکره‌ی شه‌ڕ فکره‌ی ده‌سته‌یه‌کی بچوکی پشت په‌رده‌شه‌وه بێت، ئه‌وا له‌سیفه‌تی مرۆڤایه‌تی داماڵراون و ئه‌وانه‌ی وه‌ک نوێنه‌ریشیان له ده‌سه‌ڵاتدا کارده‌که‌ن، به‌هه‌مان شێوه له رۆڵی ئامێرێکی ئاڕاسته‌کراو ده‌رناچن، ئه‌وا له‌ڕاستیدا له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی حسابیان بۆناکرێت و به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ک دژی مه‌فهومی مرۆڤایه‌تین.
له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌مو پێشکه‌وتنه که‌لتوریی و مێژویی و شارستانیه‌ته‌ی مرۆڤدا، که له هه‌ندێک لایه‌ندا مرۆڤی ئه‌وه‌نده ناسککردۆته‌وه که وه‌ک فریشته بژی، که‌چی هێشتا فکره‌ی شه‌ڕ، ئازاردان، کوشتن، ئه‌شکه‌نجه‌دان و پاڵه‌په‌ستۆی ده‌رونی... هتد. له به‌رۆکی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی نه‌بۆته‌وه.
زاڵبونی فکره‌ی شه‌ڕئه‌نگیزیی و جێبونه‌وه‌ی له مرۆڤدا، ئه‌و مرۆڤه‌ی به نینۆکێک بریندار ده‌بێت و ئازار ده‌چێژێت و خوێنی له‌به‌رده‌ڕوات، هاوکێشه‌یه‌کی زۆر ناکۆکه و کۆناکرێته‌وه.
پرسیاره‌که لێره‌دایه، بۆچی فیکره‌ی شه‌ڕانیبون بوه به به‌شێک له پێکهاته‌ی ده‌رونی مرۆڤ و هه‌ڵسوکه‌وتی، له کاتێکدا خودی مرۆڤ بونه‌وه‌رێکی ناسک و لاواز و هه‌ستیاره و به بچوکترین خوارڕۆشتن بریندار ده‌بێت، چ وه‌ک له‌ش و چ وه‌ک ده‌رون، و کاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی له‌لا دروست ده‌کات؟
شه‌ڕانیبون سیفه‌تی کۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تاییه‌کان نیه، به پێچه‌وانه‌وه ده‌بینین له مێژودا هه‌تا کۆمه‌ڵگا هه‌نگاوی به‌ره‌و شارستانی نابێت و ده‌وڵه‌مه‌ند بو بێت، زیاتر په‌لاماری "ئه‌وانی" تری داوه. ئه‌و ئاڕاسته‌یه هه‌تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامه و ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی به به‌رزترین ئاستی شارستانی گه‌شتون، پێبه‌پێی شارستانیه‌ته‌که‌یان موماره‌سه‌ی شه‌ڕیان کردوه و په‌لاماری یه‌کتریانداوه و په‌لاماری جیهانی ده‌ره‌وه‌ی شارستانیه‌ته‌که‌شیان داوه.
ئه‌گه‌ر شه‌ڕانیبون سیفه‌تێک بێت له کامڵنه‌بونی ئه‌قڵ، ئه‌وا ده‌بوایه له جیهانی خۆرئاوادا ئه‌و دیارده‌یه بنه‌بڕبوایه، که‌چی به پێچه‌وانه‌وه ده‌بینین ئه‌قڵانیه‌ت له شه‌ڕانیبوندا تا دوا تنۆکی ته‌وزیفکراوه.
ئه‌گه‌ر شه‌ڕئه‌نگیزیی له تێنه‌گه‌شتنی خوده‌وه بێت بۆ خودی خۆی و بۆ خوێندنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر، ئه‌وا له جیهانی خۆرئاوادا مرۆڤ به‌و تێگه‌شتنه گه‌شتوه و که‌چی سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی شه‌ڕ و پێکدادانه‌کانی جیهان له‌وێوه سه‌رچاوه وه‌رده‌گرێت.
له‌لایه‌کی تره‌وه ئه‌گه‌ر به گشتی سه‌یری هه‌ر میلله‌تێک بکه‌ین (ره‌عیه‌ت)، ده‌بینین زۆربه‌ی زۆری دانیشتوانه‌که‌ی خه‌ڵکانی ساده و لێبورده و خێرخوازن، هه‌ر له جیهانی خۆرئاواوه بیگره، هه‌تا ده‌گاته میلله‌ته دواکه‌وتوه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژئاوا. واته به گشتی مرۆڤایه‌تی له‌گه‌ڵ سروشتی بونی خۆیدا ده‌گونجێت وه‌ک ئه‌وه‌ی بونه‌وه‌رێکی سنوردار و لاواز و ناسکه و ئه‌گه‌ر ڕێگه‌ی پێبدرێت، به سروشتیه‌که‌ی خۆی ده‌ژی.
واته له حه‌قیقه‌تدا ئه‌وه‌ی هه‌بوه و ئه‌وه‌ی هه‌یه، هه‌میشه کۆمه‌ڵێک ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ست هه‌بوه که شه‌ڕی به ڕه‌عیه‌ت کردوه له‌سه‌ر ڕه‌عیه‌تێکی تر. ئه‌و کۆمه‌ڵه ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌سته‌ی به به‌رده‌وامی خۆی نوێده‌کاته و پارێزگاری مانه‌وه‌ی خۆی ده‌کات، هه‌میشه سنورێکی نه‌بینراو له نێوانی خۆیان و میلله‌ته‌دا ده‌هێڵنه‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌و ده‌سته‌یه‌ش له مرۆڤی ئه‌و میلله‌ته‌وه هاتون.
یا ئه‌وه‌تا ده‌ستێکی نه‌بینراو ئه‌و کۆمه‌ڵه ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌سته به ئاڕاسته‌ی شه‌ڕ ده‌جوڵێنێت، یاخود ئه‌و کۆمه‌ڵه سه‌ر به ڕه‌گه‌زی مرۆڤایه‌تی نین و ته‌نها قاوغه‌کانیان مرۆڤن، یاخود مرۆڤن و هۆش و ده‌رونیان، به ئاگا و بێ‌ئاگا، له‌لایه‌ن بونه‌وه‌ری شه‌ڕئه‌نگیزی جیهانێکی تره‌وه داگیرکراوه. چونکه هه‌رچۆنێک مرۆڤ بیریلێده‌کاته‌وه هه‌ستده‌کات ده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ست به میلله‌ت و مرۆڤایه‌تیی نامۆیه، له کاتێکدا سور ده‌زانین که زۆربه‌ی زۆری مرۆڤی سه‌رزه‌وی خه‌ڵکانی ساده و ساکار و به‌به‌زه‌یین. ناکرێت ئه‌و هاوکێشه‌یه پارسه‌نگ بهێنرێته‌وه به‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستان هه‌میشه مرۆڤی چاوچنوک و دڕنده‌ن و به درێژایی مێژوش هه‌ر ئه‌وانه ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌سته‌وه ده‌گرن و هه‌تا ئه‌مڕۆش هه‌ر به‌رده‌وامه و ئێمه‌ی مرۆڤه‌کانی تری سه‌ر گۆی ئه‌م زه‌ویه هه‌میشه نه‌زان و گێل و ده‌به‌گ بوین.
له‌سه‌ر ئاستی تاکه‌که‌س و ئاستی زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵکی، ئه‌وه ده‌بینین که شه‌ڕ پێکهاته‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی که‌سایه‌تی نیه و ڕۆژانه موماره‌سه ناکرێت. واته سروشتی مرۆڤایه‌تی وه‌ک جه‌سته و ده‌رون زیاتر هه‌ڵگری تۆوی خێره وه‌ک له شه‌ڕ، هه‌ربۆیه گومانی ئه‌وه هه‌یه که شه‌ڕ فکره‌یه‌که داسه‌پێنراوه، وه‌ک له‌وه‌ی زاده‌ی فکری مرۆڤی سه‌رزه‌وی بێت.
له‌لایه‌کی تره‌وه که سه‌یری هه‌ڵسوکه‌وت و بڕیاره‌کانی ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانی جیهان ده‌کرێت، هه‌ستده‌کرێت که ئازادی هه‌ڵبژاردنیان له‌ده‌ستدا نیه، به‌ڵکو لێده‌خوڕدرێن به ئاڕاسته‌یه‌کدا که له به‌رژه‌وه‌ندی زۆربه‌ی گه‌لانی جیهاندا نیه. واته ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌سته‌کان ئازاد نین و هه‌ربۆیه ئازادی ڕه‌عیه‌تیش له‌ژێر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستی کۆیله‌دا پێشێلده‌کرێت.
به‌رهه‌رحاڵ ئه‌گه‌ر فیکره‌ی شه‌ڕ فکره‌ی ده‌سته‌یه‌کی بچوکی پشت په‌رده‌شه‌وه بێت، ئه‌وا له‌سیفه‌تی مرۆڤایه‌تی داماڵراون و ئه‌وانه‌ی وه‌ک نوێنه‌ریشیان له ده‌سه‌ڵاتدا کارده‌که‌ن، به‌هه‌مان شێوه له ڕۆڵی ئامێرێکی ئاڕاسته‌کراو ده‌رناچن، ئه‌وا له ڕاستیدا له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی حسابیان بۆناکرێت و به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ک دژی مه‌فهومی مرۆڤایه‌تین.
(سبەى)