میدیاو فەیسبوك‌و ... !
هیوا سەرهەنگ

هێزە بەكارهێنراوەكانی جەنگ گەر هێزی مرۆیی‌و جۆرەكانی چەك‌و تەقەمەنی‌و پێداویستییە سەربازیەكان‌و ئابوورییەكی پێویست بێت، ئاستەكانی راگەیاندن‌و    كەناڵەكانیشی بەشێكی گرنگ لە هەر هاوكێشەیەكی سەربازیی پێكدەهێنن بۆ مسۆگەركردنی سەركەوتن‌و بردنەوەی دەرئەنجامەكانی جەنگ لە هەركات‌و جێیەكدا بێت.

لە زەمینەی ئەمرۆی بەرپەرچەردانەوەی هێڕشە تیرۆرستیەكاندا بۆ سەر چەند شارۆچكە‌و گوندێكی كوردستان لە لایەن هێزێكی تیرۆریستی دەمامكداری گوماناوی دژ بە هەموو بنەما مرۆییەكانەوە كە ناسراون بە داعش، پێشمەرگە‌و تەواوی هێزە سیاسی‌و سەربازیەكان لە كوردستاندا لە ئامادەكاری‌و هێرش بردندان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێڕشەكانی داعش‌و راونانیان بەرەو مۆڵگاكانیان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، خۆشبەختانەش پێشمەرگەی پارچەكانیتری كوردستانیش‌وەك ئەركێكی نەتەوایەتی‌و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتییەكی مێژوویی بەشداریان كردووە  لە بەرەنگاربوونەوەی هێڕشەكانی داعشدا، ‌وەلێ یەكگرتوویی میدیای حزبەكان‌و میدیا ئەهلییەكان‌و بوونی یەك ستراتیژی راگەیاندن تێهەڵكێش بە هەموو بنەماكانی میدیای گونجاو كە لە خزمەتی زەمینەی ئەمڕۆدا بێت، دەبێتە هێزێكی پاڵپشت‌و كاریگەر بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان‌و بەرەكانی شەڕ، خۆ گەرچی كۆبوونەوەیەكی نێوان ‌وەزارەتی پێشمەرگە‌و ‌وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان‌و میدیا ئەهلییەكاندا سازدرا تا هاریكارییەك‌و میدیایەكی ئاراستەكراو بۆ خزمەتی ئەم بار‌و دۆخە بسازێندرێت، كەچی بایەخ بەوە نەدراوە ئەم پەیامە رۆبچێت بە نێو هەموو چین‌و توێژەكاندا لە رێی كەناڵە حزبی‌و رێكخراوە جەماوەریەكانەوە تا هەموو  ئەندام‌و دۆستان‌و لایەنگرانی حزب‌و رێكخراوەكان‌و كۆمەڵانی تری خەڵكی كوردستان پابەند بن پێوەی‌وەك ئەركێكی نەتەوایەتی‌و نیشتمانی.

هەر بۆیە بە هۆی جیهانی پێشكەوتووی تەكنەلۆژیا‌و ئەو كەناڵە لاوەكییانەی هەنە‌و شۆڕبوونەتەوە بۆ نێو هەموو ماڵێك‌و بە هەموو كەسێك دەگەن لەرێی فەیسبوك‌و         تویتەر‌و جۆرەها پرۆگرامی تری گروپ پێكهێنانەوە‌و تەنانەت ئەو ئاسانكاریانەی كراوە لە مۆبایلەكاندا‌و میدیایەكی كەسی سەربەخۆی دامەزراندووە ،وای كردوە جۆرەها تانە‌و توانج‌و ململانیی لابەلا لە نێوان هێزەكاندا سازبدرێن، جۆرەها لێكدانەوە پەخش بكرێت كە شیمانەی دەبێت دوژمن سوودی لێ ببینێت، یاخود لە رێی ئەو‌وێنانەی بە مۆبایل دەگیرێن كە ناكرێت لەبەر هۆكاری ئاسایش‌و پاراستنی (نهێنی كاتی) پەخش بكرێن.

ئەمە لەكاتێكدا پێشمەرگە بە هەموو رەنگەكانەوە دوور لەو تانە‌و تەشەرانە، دوور لەو ململانێ بێ كەڵكانە، لە سەنگەری شەرەف‌و بەرگریدا شان بەشانی یەكدی شەڕ دەكەن‌و گیان بەخت دەكەن‌و پارێزگاری لە نیشتمان‌و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەن، خاوەن فەیسبوك‌و كەناڵە كەسیە ئازادەكانی تر كە لەماڵەوە لەبەر سپلیت دانیشتوون‌و توانای پێشمەرگە كەرت دەكەن‌و لە میشەوە لاوازی لە بەرگریكردندا دەسازێنن.

هەڵەی مێژوویی دەكەن گەر لە ئاستی بەرپرسیارییەوە لە خزمەتی ئەم بار‌و دۆخەدا نەبن، ئەوانەی بێ دەربەستن لە ئەنجامەكان‌و هەموو شت دەڵێن‌و رۆلێ نەرێنی دەگێڕن لە كۆمەڵدا، بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن یان رێكخرابن بۆ مەبەستێكی تایبەت دەبنە میدیایەكی چەواشەكار‌و زەرەرمەند بەرەوشی ئەمڕۆ‌و دۆزی نەتەوایەتیمان .. ئەمانە دەبنە سەرچاوەی بزواندنی ناكۆكییە نێوخۆییەكان، هەڵدانەوەی برینە كۆنە پڕ ناسۆرەكان، لەمەیشەوە بێ بروایی لای جەماوەر بەرامبەر بە تواناكانی بەرەنگاربوونەوە‌و كەمبوونەوەی متمانە بە یەكگرتوویی هێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەكاندا دەسازێ‌و دەبێتە ئەو  خاڵە لاوازەی دەكرێت دوژمن لێیەوە بێتە ژوورەوە‌و مەبەستەكانی خۆی جێبەجێ بكات‌و دڵەڕاوكێ‌و پشێوی‌و ئاڵۆزی لای كۆمەڵانی خەڵك دروست بێت.
 
چاودێر نیوز 

AM:02:30:15/08/2014