لەسەرەتای جەنگی داعش-ەوە بەهۆی نەبوونی پلانو نەشارەزایی لەڕووماڵی بەرەكانی جەنگو پێدانی زانیاری لەسەر چۆنییەتی هێرشەكانی ئایندەی پێشمەرگە، هەندێك ناوەندی میدیا لەكوردستان ناڕاستەوخۆ خزمەتیان بەداعش دەكرد.
هەموو ئەو ناوەندانەی میدیا كە پێیان وایە ئامانج تەنها زوو گەیاندنی پەیامە (باش بێت یان خراپ، راست بێ یان هەڵبەستراو) زۆر ئاسانو زوو زوو دەكەونە ناو هەڵەی گەورەوە، چونكە ئەوكاتەی ناوەندێكی میدیا رەچاوی راستیو دروستی نەكردو حسابی لەسەر ئاسەوارەكانی دوای بڵاوكردنەوەی هەواڵ یان ڤیدیۆ یان وێنەیەك نەكرد، بێگومان نیشانەی پرسیار دەخاتە بەردەم كارەكانیو دەبێت بەچاوێكی ترەوە سەیری بكرێت.
زۆریو بۆری راگەیاندن لەكورستان (بینراو، نوسراو، بیستراو) هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە فەوزایەكی گەورەی میدیا لەهەرێمی كوردستاندا دروست بێت. هەر ئەو جۆرە لەفەوزاش هۆكاری سەرەكیە بۆ ئەوەی لەوكاتەی پێشمەرگەو هەموو خەڵكی كوردستان لەڕووبەڕووبوونەوەی دڕندەترین گروپی تیرۆریستیدان، كەسانێك بەناشارەزاییو بەبێ رەچاوكردنی بنەماكانی (گەیاندێكی دروست) روماڵ بكەنو گوێش بەوە نەدەن دوای روماڵەكردنەكە چی روودەدات.
چۆنییەتی هێرشەكانی پیشمەرگە
لەڕابردوودا بینیمان، بەبیانووی ئەوەی ناوەندێكی میدیا هەواڵ زوو دەگوازێتەوە، زانیاری لەسەر چۆنییەتی هێرشەكانی پێشمەرگە دهبهخشێ بەتیرۆریستانی داعشو بەئاشكرا بەگروپی تیرۆریستی داعشی دەوت كە ئەمشەو لەوكاتەداو بەم جۆرە چەكانە پێشمەرگە هێرش دەكات.
هەڵبەت ئێمە ناڵێین ئەوانەی ئەم جۆرە رووماڵەیان دەكرد، مەبەستیان خزمەتكردنی تیرۆر بووبێت، بەڵام دەڵێین بەهۆی كەم ئەزمونیو نەشارەزاییان لەبەرەكانی جەنگدا، تووشی ئەو هەڵانە دەهاتن.
درێژەكێشانی جەنگی داعشیش تادێت شتی سەیرو سەمەرەترمان پیشان دەداتو تا رۆژەكانی بەرگریكردن زیاتر دەبن، زیاتر دەخرێینە بەردەم تاقیكردنەوەی قورستر.
ئێستا بەشێك لەمیدیاكانی كوردستان، تەنها كاریان بۆتە گواستنەوەی هەواڵەكانی داعشو چالاكییەكانی ئەم گروپە تیرۆریستیە. لەچەند رۆژی رابردوو یەكێك لەگەرمترین هەواڵەكانی ئەو جۆرە لەمیدیایه تەنها ئەوە بوو كە ئەو مەلایەی چۆتە ناو داعش زیندووە یان كوژراوە، دواتریش هەموومانیان بەوێنەكانی ئەو مەلایە سەرقاڵكرد كە دەرخەری زیندویەتی بوون. ئاخر بوونو نەمانو كوژرانی ئەو جۆرە مرۆڤەی كە لەنەتەوەكەی هەڵگەڕاوەتەوە، چ سوودێك بەئێمە دەگەیەنێت؟ هەر بەڕاست ئێمە هیچ گرفتێكمان نییە بەتەنها ئەوە نەبێ بزانین جەنابی مامۆستا دەڵێ چیو خەریكی چ جۆرە خواردنێكە؟!
جگە لەمەش بڵاوكردنەوەی چەندین وێنەی ڤیدیۆییو هەڕەشەكانی ئەم گروپە تاریك مەزهەبە، ناراستەوخۆ خزمەتی ئەو فكرە توندڕەوە دەكاتو ئەوەی ئەو گروپە تیرۆریستیە ناتوانێت بیكاتو بیگەیەنێت، هەندێك میدیای ئێمە بۆی تەواو دەكاتو پەیامەكەی بۆ دەگەیەنێت.
پاساویان ههیه
گومانی تێدا نییە هەندێك ناوەندی میدیا لەكوردستان، پاساوی بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە وێنەو ڤیدیۆو هەواڵانە بۆ ئەوە دەگەڕێنێنەوە، تاوەكو هاووڵاتیانی كورد لەوە تێبگەن ئەو گروپە تا چ ئاستێك دڕندەیە، بەڵام ئێمە هەموومان لەئاستی بەرزی دڕندەیی ئەو گروپە تێدەگەینو پێویستمان بەوە نییە لەو رێگەیەوە زیاتر ئاشنا بین بەكارە نەشیاوەكانیان.
پێویستە میدیاكان بەیەكەوە هەموو جۆرە چالاكییەكی ئەو گروپە تیرۆریستیە بایكۆت بكەنو كاریان تەنها لەسەر تۆماری نەبەردییەكانی پێشمەرگە بێت، ناكرێت لەپێناوی زیادكردنی خوێنەر یان بینەر ئەو جۆرە هەواڵانە بكرێن بەهەواڵی گەرمی رۆژ، لەكاتێكدا هەموومان غەرق بووینە لەگرفتو كێشەدا.
ئەم قۆناغە ئەوەندە گرنگە، پێویستی بەوە هەیە زۆر بەوریاییەوە ماڵە بكرێتو چی هەوڵوكۆششی هەیە، بخرێتە خزمەتی پێشمەرگەو داستانو سەركەوتنەكانی، نەك ریكلام بۆ كاری دڕندانەی گروپێكی تیرۆریستی.
(کوردستانی نوێ)