«ئەم پەیپەرە كە بەشێوازی توێژینەوەی زانستی و بەسەرپەرشتی د.عەلی رماڵ، پسپۆری بواری ماسمیدیا، نوسراوە، لەرۆژی 3ی حوزەیرانی ئەمساڵدا (2015ز)، وەك بەشێك لەپێداویستیی زانستیی وەرزانە، پێشكەشی مادەی «سمینار»ی بەشی خوێندنی باڵا- قۆناغی ماجستێری كۆلێژی راگەیاندن كراوە لەزانكۆی الجنان-ی لوبنانی. پەیپەرەكەمان، لەبنەڕەتدا، بەزمانی عەرەبی نوسیوەو لێرەدا بۆ خوێنەرانی كوردستانی نوێ-مان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی».
1-2
پێشەكی:
لەگەڵ پەرەسەندنی تەكنەلۆژیای گەیاندنی نوێ و بڵاوبوونەوەی لەسەر ئاستی جیهان و رۆڵی لەڕوودانی شۆڕشێكی گەورە لەسەرجەم ئەو بوارانەی كە پێویستیان بە خێرایی و گەشەكردن و پێشكەوتن هەیە، بواری راگەیاندنیش، بازدانێكی چۆنایەتیی بێ پێشینەی لەسەر ئاستی ئامرازەكان و ئامێرەكان و تەكنیكە نوێیەكاندا بەخۆوە بینی. ئەم پەرەسەندنە دیاردەیەكی نوێی لەجیهانی راگەیاندندا دروستكرد كە ناوێكی سەرنجڕاكێشی لێنراوە كە ئەویش «راگەیاندنی نوێ/ NewMedia»ە، ئەمەش وەك ئاماژەیەكی راشكاوانە، یان ناڕاستەوخۆ، بۆ تێپەڕینی هەژموونی راگەیاندنی سوننەتیTraditional mediaوەك رۆژنامەو ئێزگەو تەلەفزیۆن و لەگەڵیدا گواستنەوە بۆ چوارچێوەیەكی نوێ لەرێڕەوی ئامرازەكانی گەیاندن و بڵاوكردنەوەو كارلێككە ئەویش بریتییە لەپێگەكانی سەر تۆڕی ئەنتەرنێت، واتە رۆژنامە ئەلكترۆنییەكان و بنكە ئەلكترۆنی و بلۆگەكان (مدونات) و پێگەكانی پەیوەندیگرتنی كۆمەڵایەتیSocial communication و هییتر.
وەك ئەودوای وڵاتانی جیهان و ناوچەكەشمان « ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست»، وەرچەرخانیتەكنەلۆژیلەپانتاییەكانی میدیاو كۆمەنیكەیشندا، درێژبۆتەوە بۆ سەر وڵاتێكی وەك عێراق و بەدیاریكراویش هەرێمی كوردستان، بەشداریشی لەگەشەسەندنی ئامرازەكانی راگەیاندنی ئەم هەرێمەدا كردووە، بگرە بەشێوەیەكی رێژەیی دیمەنی راگەیاندنی تێدا گۆڕیوە، جا چ لەرووی موڵكداری و باڵادەستییەوە بێت، یان ئەرك و رۆڵ، یان پەیوەندیگرتن Communicationو كارلێك، یان بڵاوكردنەوەو دەربڕین، ئەمە جگە لەوەی خودی ئەم وەرچەرخانە هەر خۆی كۆتایی هێنا بە سەردەمی قۆرغكاریی لایەنە فەرمییەكان و پارتە فەرمانڕەواكان و دەزگا میدیاییەكانیان، مەبەستمان لەقۆرغكردنی سەكۆكانی بڵاوكردنەوەو دەربڕین، یان راگەیاندن و كۆمەنیكەیشنە، ملیشی پێدان كە شێوازەكانی مامەڵەكردنی خۆیان لەگەڵ ئەم دیاردە بڕێنەرەی جوگرافیای دەوڵەت و نیشتمان، نوێ بكەنەوە.
ئەم گۆڕانەش كە راگەیاندن بەخۆوەی دەبینێت، چ لەگۆڕەپانی هەرێمی كوردستاندا بێت یان هەر جێگایەكی دی،وەك سەردەمێكی نوێیە لەم چالاكییە مرۆییەدا كە بەمەبەست لەراگەیاندنە. ئەم گۆڕانە، هەروەك توێژەرو ئەكادیمی «د.عەلی رەماڵ» دەڵێ، بە پلەی باڵا سەردەمی ئێمەیە، واتە دەورانی راگەیاندنی هاوڵاتییە.
هەروەها نیومیدیا و ئامرازە جیاجیاكانی كە ئەمڕۆ تەنانەت بەشدارن لەبەدیهێنانی گواستنەوەیەكی چۆنایەتی لەسروشتی كاری راگەیاندنی سونەتیدا، بوونەتەجێی بایەخی پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیش، ئەم پارتانە هەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی نیومیدیاو ئامرازەكانییەوە پەنایان بۆ هەموو رێگە لەدەستهاتووەكان بردووە بۆ قۆزتنەوەی هەموو ئەو دەرفەت و توانستانەی كە نیومیدیا دەیانڕەخسێنێت، ئەمەشلەپێناوی ئەوەی بتوانن زیاتر پەیوەندیی لەگەڵ جەماوەردا بگرن و كاری تێبكەن و پشتگیرییان بەدەستبهێنن و پاشان ململانێ سیاسییەكانی خۆیان لەگەڵ هێزە ركابەرەكانیاندا پێ بگەشێننەوە، ئەمەش بەپێی كۆمەڵێك ئامانجی سیاسی و ئامانجی پەیوەست بە هەڵبژاردن، یان ئامانجی گروپخوازانەو بگرە ئامانجی تایبەتییش!.
لەم پەیپەرەدا، هەوڵدەدەین كە یەكەمجار تیشك بخەینە سەر چییەتی نیومیدیا و تایبەتمەندییەكانی و ئامرازەكانی، پاشان لەسەر رۆڵی یەكێك لەدیارترین ئەو ئامرازانە چڕببینەوە كە خۆی لە فەیسبوك «Face book»دا دەبینێتەوە، دوای ئەوەش لەسەر واقعی راگەیاندن لەهەرێمی كوردستان رادەوەستین بۆ ئەوەی لەو دەركەوتە تازەیە بگەین كە ئەم بگۆڕە Variable ئەیهێنێتە ئاراوە، پاشانیش چوونە ناو پانتاییەكانی بەگەڕخستنی ئامرازەكانی نیومیدیاو بەدیاریكراویش فەیسبوك لەلایەن پارتە سیاسییەكانی كوردستانەوە، ئەوەش بە باسكردنی چەند نموونەیەكی زیندوو كە ئەو بەگەڕخستنەو دەرەنجامە سیاسی و كۆمەڵگەییەكانی دووپاتدەكەنەوە.
نیومیدیا، چییە ؟
گومان لەوەدا نییە كە هیچ كۆدەنگییەك یان رێككەوتنێك بۆ دیاریكردنی پێناسەیەكی كۆكەرەوەو سەراپاگیر بۆ دیاردەی نیومیدیا لەئارادا نییە. رەنگە ئەوە بگەڕێتەوە بۆ زۆروزەوەندیی ئەو رەهەندو رەگەزانەی كە دیاردەكە لەخۆیان دەگرێت. هەروەك دەزانین، نیومیدیا چەندین ناوی هەیە، لەوانە، بۆ نموونە، میدیای ژمارەیی Digital Media، میدیای كارلێككار Interactive media، میدیای زانیاری Media information، میدیای ئامرازە میدیاییە هەمەجۆرەكان Multimedia، میدیای تۆڕی زیندوو لەسەر هێڵەكانی گەیاندن، میدیای گریمانەیی، هایپەرمیدیا Hyper Media.
پێناسەی نیو میدیا :
لەگەڵ ئەوەشدا، لێرەدا چەند پێناسەیەك باس دەكەین بۆ روونكردنەوەی روكاری چەمكی ئەم دیاردەیە كە پێی دەوترێت نیومیدیا:
1-بەپێی پێناسەی فەرهەنگی تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی، نیومیدیا بریتییە لەپێكەوەلكانی كۆمپیوتەرو تۆڕەكانی كۆمپیوتەرو مەڵتی میدیا.
2-بە پێی پێناسەی « لیستەر»، نیومیدیا كۆمەڵێك تەكنەلۆژیای پەیوەندی و گەیاندنە كە لەئاوێتەبوونی نێوان كۆمپیوتەرو ئامرازە سونەتییەكانی راگەیاندن و چاپەمەنی و وێنەگرتنی فۆتۆگرافی و دەنگ و ڤیدیۆ، لەدایكبووە.
3-نیومیدیا بریتییە لەو پرۆسە پەیوەندیگرەی كە دەرەنجامی پێكەوەبەستنی سێ رەگەزە كە ئەوانیش كۆمپیوتەرو نیتیۆركەكان و مەڵتی میدیان.
تایبەتمەندییەكانی نیومیدیا :
نیومیدیا بە زۆر تایبەتمەندی ئەناسرێتەوە ، لەوانە، بۆ نموونە:
-كارلێككاریInteractive،ئەمە بەمانای ئەوەیە كە، لایەنی نێرەر و وەرگر شوێنگۆڕكێی رۆڵی خۆیان دەكەن و پیادەكردنی پەیوەندیگرتنیش Communicationكارێكی دوولایەنەیەو تاك ئاراستە نییە، واتە هەر تەنها نێرەر بتوانێ نێرەر بێت و وەرگریش هەر وەرگربێت.
-ناهاوكاتیAsynchronous: ئەمە بەمانای ئەوەیە كە، بواری كارلێككردنلەگەڵ پرۆسەی پەیوەندیگرتندا لەبارە ئا لەو كاتەی كەوا بۆ تاك گونجاوبێت، ئیتر ئەو تاكە نێرەربێت یان وەرگر.
-بەشداری و بڵاوبوونەوە: ئەمە تایبەتمەندییەش بوار بە هەموو كەسێك دەدات كە بابەتی خۆی بڵاوبكاتەوەو پەیامەكانی بۆ ئەوانیتر بنێرێت.
-جوڵەو نەرمی MOBILITY: بۆ نموونە وەك كۆمپیوتەری گەڕۆك/لاپتۆپ، كۆمپیوتەری ئەنتەرنێت، ئایپاد، مۆبایل، ئامێرە دەستییەكان، ئەویش لەرێی سوود وەرگرتنەوە لەتوڕەكانی بێ تەل.
- گەردونی Universal: ئەمە بەمانای ئەوەی كە، ژینگەی پەیوەندیگرتن وای لێهاتووە كە بەربەستەكانی كات و شوێن و چاودێریی،تێپەڕاندووە.
- پێكەوەبەستنی ئامرازەكان: ئەمەشیان خۆی لەبەكارهێنانی هەموو ئامرازەكانی پەیوەندی و گەیاندندا دەبینێتەوە، وەك تێكستەكان، دەنگ، وێنەی جێگیر، وێنەی جوڵاو، گرافە دوو رەهەندو سێ رەهەندەكان..
-وریایی و سەرنجدان: بەو پێیەی وەرگر لەئامرازەكانی نیومیدیادا كارایانە ناوەڕۆكەكان هەڵدەبژێرێت و كارلێكیان لەگەڵدا دەكات، ئەوا بەوە دەناسرێتەوە كە بەرادەیەكی زۆر وریایەو سەرنجدانی خۆی هەیە، ئەمەش جیاوازە لەبەركەوتنی بە میدیای سوننەتی كە بەسروشتی حاڵ وەرگر تیایدا وەرگرێكی راگوزەرو نێگەتیڤە.
- هەڵگرتن و پاراستن: لێرەدا ئاسانە بۆ وەرگر نامەكانی پەیوەندیگرتنی هەڵبگرێت و بپارێزێت و بشیگێڕێتەوە، ئەمەش وەك بەشێك لەتواناو تایبەتمەندییەكانی خودی ئامرازەكە خۆی.
ئامرازەكانی نیومیدیا :
ئامرازەكانی نیومیدیاو كەرەستەكانی زۆروزەوەندن و لەگەڵ كاتدا لەرووی جۆرو پەرەسەندن و بەیەكداچوونەوە زیاتر دەبن، لەو ئامرازانە، بۆ نموونە، وێستگە تەلەفزیۆنییە كارلێكەكان، كێبڵی دیجیتاڵی، رۆژنامەگەریی ئەلكترۆنی، بنكە ئەلكترۆنییەكانی دیالۆگ، بلۆگەكان، پێگە كەسی و دەزگایی و بازرگانییەكان، پێگەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، گرتە ڤیدیۆییەكان، ئێزگە دیجیتاڵییەكان، تۆڕەكانی كۆمەڵگەی گریمانەیی، گروپە پۆستییەكان و هییتر ..
جگە لەوانە، مۆبایلیش كە ئەویش دێت و ئێزگە دیجیتاڵییەكان و پەخشی تەلەفزیۆنی كارلێكی و پێگەكانی ئەنتەرنێت و مۆزیك و گرتەی ڤیدیۆیی و بازرگانی پشككاری و دەنگوباسی كەشوهەواو جموجوڵی هێڵەكانی فرۆكەوانی و نەخشە دیجیتاڵییەكان و نامە تێكستییەكان و ئامرازە میدیاییە هەمەجۆرەكان، دەگوێزێتەوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا زۆرجار دەبینین كە گرنگترین ئەو ئامرازانەی كە بۆتە روكاری نیومیدیاو زۆرجار لەگەڵ هەموو ئاماژەكردنێكدا بۆ نیومیدیا دێتە زەینمان، ئەو ئامرازانەن كە پەیوەستن بە پێگەكانی پەیوەندیگرتنە كۆمەڵایەتییەكان، یان ئەوەی پێی دەڵێین تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، وەك :
1.تویتەر: كە پێگەی تۆماركردنی بچووك و تایبەتە بە تۆماركردنی لینكەكان.
2.یوتوب: كە پێگەیەكی تایبەتە بە تۆماركردنی بابەتی بینراو.
3.بلوگەر: كە تایبەتە بە تۆماركردنی دەق
4.بۆدكاست: كە تایبەتكراو-ە بۆ تۆماركردنی دەنگی.
5.فلیگەر: كە تایبەتە بە تۆماركردنی وێنە.
6.فەیسبوك: كە تەرخانكراوە بۆ پەیوەندیگرتن و دیالۆگ.
لێرەشدا بەلامانەوە گرنگە كە بەدیاریكراوی لەسەر ئەمەی دوایی بوەستین، واتە لەسەر فەیسبوك كە تا ئێستا خاوەنی زۆرترین جەماوەرە لەزۆر وڵاتی ناوچەكەو جیهاندا، لەناویاندا عێراق و هەرێمی كوردستان.
فەیسبوك، ئامرازە هەرە دیارەكەی نیومیدیا
سەرەتا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بكەین كە فەیسبوك تۆڕێكی كۆمەڵایەتییە كە بۆتە جێی داواكاری و خواستێكی زۆری خەڵك، بەتایبەتیش گەنجان لەسەرتاسەری جیهاندا. فەیسبوك لەسەرەتای سەرهەڵدانیدا لەشوباتی ساڵی (2004ز) لەزانكۆی «هارڤارد»ی ئەمریكی، لەسنوری تۆمارێكی كەسی زیاتر تێنەدەپەڕی، بەڵام ئێستا ئەم تۆڕە، لەرووی نێوبانگی و خواستەوە، لەدوای هەردوو پێگەی «گۆگڵ» و «مایكرۆسۆفت»ەوە، پلەی سێیەمی بۆ خۆی داگیركردووەو بەپێی هەندێ ئاماری سێ و چوار ساڵێك لەمەوبەر ژمارەی ئەوانەی بەشدارن تیایدا - بێگومان ئێستا زۆرترە- گەیشتۆتە (800.000.000) كەس و دامەزرێنەرەكەشی كە»مارك زۆكربێرگ»ە بچووكترین ملیاردێری جیهانە كە تەمەنی 31 ساڵە. بەهای فەیسبوكیش، پێش چەند ساڵێك، لەپانزە ملیۆن دۆلار زیاتر بوو، راپۆرت لەبارەی ئەوەشەوە هەیە كە بەهای فەیسبوك دوای رووداوەكانی ئەم ساڵانەی دوایی و بەتایبەتیش شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی، گەیشتۆتە شەست و پێنج ملیۆن دۆلار.
سێ ئەركی فەیسبوك :
فەیسبوك، سێ ئەركی سەرەكیی هەیە كە ئەمانەن :
یەكەم: ئامرازێكە بۆ زیادكردنی رووبەری بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتە میدیاییانەی كە لەئامرازەكانی ترەوە بۆی دەگوێزرێنەوە، لەم چوارچێوەیەشدا، ئامرازگەلێكی راگەیاندن بابەتەكانی خۆیان سەرلەنوێ لەسەر لاپەڕەكانی فەیسبوكدا بڵاودەكەنەوە، ئەمە جگە لەوەی هەندێ لەنوسەرانی خاوەن بیروڕا وتارەكانی خۆیان لەسەر لاپەڕە تایبەتییەكانیان بڵاودەكەنەوە، ئەوانەیش كەوا لەبەرنامە تەلەفزیۆنی و ئێزگەیییەكاندا كار دەكەن بەهەمان شێوەیە، ئەمەش بۆ ئەوەی دەنگدانەوەیزیاتری(Feedback) كارەكانیان بەدەستبهێنن.
دووەم: فەراهەمكردنی دەرفەتی ئەوە بۆ رۆژنامەنووسان كە تازەترین زانیاری لەبارەی شوێنە گشتی و تایبەتییەكان و كەسایەتییە تایبەتییەكان بەدەستبهێنن كە لاپەڕەی خۆیان لەفەیسبوكدا هەیە، هەروەها گەیشتنیان بەو كەس و شوێنانەو زانینی چالاكییە تازەكانیان، ئەمە جگە لەبواری پەیوەندیگرتن لەگەڵیاندا.
سێیەم: فەیسبوك بواری دروستكردنی چەندین لاپەڕە دەكاتەوە كە پەیوەندیداران بەهەر كاروبارێكی هاوبەش، لەیەككۆبكاتەوە، بە ئەندازەی خاڵی پەیوەندیگرتنی گریمانەییش بێت كە سنوری بەڕێوەبردنی دامەزراوەیی، لەهەردوو ئاستی ناوخۆو نێودەوڵەتیش، تێپەڕێنێت. ئەو كەسانە دەشێ لەفەیسبوكەوە تەنها گوزارشت لەقەبارەی پشتگیری یان بەرهەستكاری بكەن و بەس، دەشێتیش لەوە زۆرتر بڕۆن و سەربكێشن بۆ رەفتارێكی مەیدانی، لەهەردوو حاڵەتەكەشدا ئەو لاپەڕانەی فەیسبوك پێشەكییەكن بۆ روماڵی میدیایی، ئەمە سەرباری ئەوەی كە فەیسبوك بۆ هەموو بەشداربوویەكی خۆی هەلی روماڵكردنی رووداوەكان فەراهەمدەكات و پاشان بواری بڵاوكردنەوەی دەدات بۆ جەماوەرێكی بەرفراوان بەبێ پابەندبوون بە پێوەرەكانی میدیای سوننەتی یان رۆژنامەگەریی ئەلكترۆنی. لەواقعیشدا هەندێ لەو روماڵانە دەگوێزرێنەوە بۆ ئامرازەكانی میدیای سوننەتی و رۆژنامەگەریی ئەلكترۆنی.
رۆڵی سیاسیی فەیسبوك:
لەبەر رۆشنایی خودی ئەو ئەركانە كە باسمان كردن، ئەمڕۆ كۆمەڵە توێژینەوەیەكی زۆر هەن كە وای بۆدەچن فەیسبوك و پێگەكانی تری پەیوەندیگرتنی كۆمەڵایەتی وەك بەشێك لە نیومیدیا، رۆڵێكی گەورەیان لەجۆشدان و فۆرمۆڵەكردنی رای گشتی و فراوانكردنی پەیوەندیگرتنی كۆمەڵایەتیی ئامانجدارو بەیەكگەیشتنی گریمانەیی هەیە لەنێوان چالاكوانان و لەكۆكرنەوەی توێژە كۆمەڵایەتییەكاندا لەدەوری زۆرێك لەدۆزە سیاسییەكان، ئەمەش لەرێگەی بەشداریكردنی كارایانەیانەوە لەسەر لاپەڕەكانی فەیسبوك و ئەوەی كە خاوەنی ئەو لاپەڕانە پێی هەڵدەستن وەك بڵاوكردنەوەی وێنەكان و نیگارەكان، یان كۆمێنتەكان و گرتە ڤیدیۆییەكان، یان زانیارییەكان و بەڵگەنامەكان كە سیماكانی گەندەڵی لەدەوڵەت و دامەزراوەكانیدا ئاشكرا دەكەن، یان پێشێلكارییە گەورەكانی مافی مرۆڤ، یان رووكارەكانی ستەمكاری و كردەوە داپڵوسێنەرەكانی دەسەڵاتەكان، یان شێوازەكانی دزی و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامان و خێروبێری نیشتمان، یان گەندەڵیی بەرپرسان و فەرمانڕەواكان و ..هتد، ریسوا دەكەن.
بێگومان هەموو ئەمانە روودەدەن بەبێ كۆنترۆڵی دەوڵەت و دەسەڵاتشكانەوەی بەسەر ئەم دیاردە نوێیەی میدیاداو فەرمانكردنی ئارەزوومەندانە پێوەی،چاكیی ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی تەكنەلۆژی و دیاردەی جیهانگیری و كرانەوەی ئاسمانەكان و تێپەڕاندنی جوگرافیای خۆجێی Local، رەنگە هەر لەبەر ئەم هۆیەش بێت بەدیاریكراوی كە نیومیدیاو ئامرازەكانی لەبابەت فەیسبوك و تویتەر و یوتوب، بە» میدیای هاوڵاتی» و میدیای گۆڕین، یان میدیای ئازادییە رەهاكان و هەژاندنی رژێمە سیاسییەكان، یان میدیای دنەدان و رووتكردنەوەی قەدەغەكراوەكان و ئاشكراكەری پەردەپۆشكراوەكان، ناوزەد كرابێت!.
زۆرێك لە توێژینەوە زانستییەكان، لەناویاندا توێژینەوەیەكی زانكۆی واشنتۆن لە(2011ز) لەبارەی «رۆڵی میدیای كۆمەڵایەتی لەكاراكردنی شۆڕشە عەرەبییەكاندا»، واپێدەچن كەوا شۆڕشەكان (بەهاری عەرەبی) لەبەشێكی گەورەیاندا، بەرهەمی ئەو ئامرازە كارایانەی نیومیدیان، هەر ئەمەش بوو كە پاڵی نا بە زۆر دەوڵەت و رژێمەوە، یان رەوت و پاتی سیاسیی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە كە بایەخی زیاتر بەم دیاردە نوێیەی میدیا بدەن و هەوڵی كۆنترۆڵكردنی بدەن، یان سنور بۆ كاریگەرێتییە سیاسی و ئەمنییەكانی دابنێن، یان بەكاری بهێنن و بیقۆزنەوە بۆ ئامانجی تایبەت بە خۆیان.
knwe