کاریگەریی ژن لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا
رۆزا دڵشاد مەریوانی


کاتێک باس لە رۆڵی ژن دەکرێت لە کۆمەڵگەدا رەنگە زۆر کەس بە تایبەتی لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا تا ئێستا بە چاوێکی کەم تەماشای رۆڵ و گرنگی ژن بکەن لە گەشەسەندن و پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا، ئەو توێژینەوانەی بەردەوام لە بوارەکانی گەشەپێدانی مرۆیی و پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا دەکرێن دەریانخستووە تا بەشداری ژن لە کۆمەڵگەدا زیاد بێت ئەو کۆمەڵگەیە زیاتر پێشدەکەوێت، واتا رەخساندنی بوارە جۆراوجۆرەکان بۆ ژن و ئاسانکردن نەک رێگریکردن لێی بۆ سەلماندنی خودی خۆیان وادەکات ئەو کۆمەڵگەیە پێشبکەوێت، دیارترین نموونەش وڵاتە پێشکەوتووەکانن کە تێیدا ژن بوارێک نەماوەتە تێیدا جێی خۆی نەکاتەوە راستە ئەوانیش لە زۆر رووەوە تا ئێستا هەندێک بۆشایی و نایەکسانی هەیە لە نێوان هەردوو رەگەزدا، بەڵام ئەو راستییە ناشارێتەوە کە ژنان بە هەوڵ و بەشداریکردنیان لە کایە جۆراوجۆرەکاندا وایانکردووە کۆمەڵگەکانیان پێشبکەوێت.

کاریگەریی چییە؟
رەنگە زۆر کەس بپرسێت بۆچی؟ ژن چییە تاوەکو کاریگەری هەبێت لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا؟ بێگومان جگەلەوەی ئەم دونیایە هەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە بەیەکسانی دابەشبووە بەسەر هەردوو رەگەزدا، ژن و پیاو ناتوانن بە تەنیا بژین، هۆکارێکی دیکە ئەوەیە ژن لەگەڵ هەموو ئەرکە مێینەکانیدا وەکو ژن و کابانی ماڵ هەستی دایکایەتی و بوون بە دایک وایلێدەکات ببێتە مرۆڤێکی باشتر لەوەی هەیە، بوون بە مرۆڤێکی باشتریش وادەکات توانای باشترت هەبێت پێشکەشی بکەیت و کاریگەریت هەبێت لەسەر پێشکەوتنی کۆمەڵگە، بەو پێیە هەر کۆمەڵگەیەک رێگەکانی هاتنە دەرەوەی ژن لە ماڵ و بەشداریکردنیان بگرێت ئەو کۆمەڵگەیە لە دواکەوتوویی و نەداریدا دەژی کە زیندووترین نموونە ئەفغانستان و ژنانی ئەوێن، کاتێک دوای نەمانی تالیبان چۆن کاریان کرد و کاریگەرییان هەبوو لەسەر بوژانەوەی وڵاتەکەیان و ئێستاش دوای گەڕانەوەی تالیبان وردە وردە رێگەکان لەبەردەم ژناندا دادەخرێنەوە و وا چاوەڕواندەکرێت وڵاتەکە رووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری قورس بێتەوە، لەبەرامبەردا وڵاتە پێشکەوتووەکان رێگەیان دا ژن بەشداری مەیدانی کار و تەندروستی و خزمەتگوزاری گشتی و سیاسەت..هتد بکات، چونکە ئەو وڵاتانە زوو درکیان بەوە کرد کە دونیا بەبێ رۆڵی ژن و دەستی کاری ژن بەڕێوەناچێت و ناتوانرێت ژن بکرێتە پەراوێزەوە و مافەکانی زەوت بکرێت، بۆیە وڵاتەکانیان بەرەو پێشکەوتن و گەشەسەندن چوو، نموونەش بۆ ئەو جۆرە وڵاتانە زۆرن.

خۆی بسەلمێنێت
کەواتە تا رێگە بە ژن بدرێت جگە لە ماڵ و منداڵ و دایکایەتی خۆی بسەلمێنێت زیاتر کۆمەڵگە پێشدەکەوێت، ناتوانرێت چاوەڕێی ئەوە بکەین وڵاتەکەمان پێشبکەوێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ژن لە ماڵەوە بەند بکەین یان رێگەکانی بەردەم دەرکەوتنی قورس بکەین، هەرچەندە وڵاتێکی وەکو وڵاتی ئێمە راستە بە وڵاتێکی دواکەوتوو دادەنرێت، بەڵام کورد لە چاو زۆر نەتەوەی تری وڵاتانی جیهانی سێدا پێشکەوتووترە، راستە زۆرمان ماوە بگەینەوە بە وڵاتەکانی ئەوروپا و ئەمریکا لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ نەریت هەر لە کۆنەوە لە نێو کوردا هەبووە و تێیدا رێز لە ژن گیراوە و مامەڵەی تایبەتی بۆ کراوە، هەروەها هەندێ یاسای کار لەم وڵاتەدا هەیە تێیدا لە شوێنی کار بە تایبەتی شوێنە حکومییەکان زۆر ئاسانکاریی بۆ ژن کراوە کە بتوانێت هەم کار بکات و هەروەها رۆڵی خۆی وەکو دایک و ژن بگێڕێت، جگەلەوەی ئەوەی لەم وڵاتەدا نییە ئەوەیە بڕی مووچە بەپێی رەگەز جیانەکراوەتەوە کە تائێستا لە زۆر وڵاتی پێشکەوتوو مووچەی ژنێک کەمترە لە پیاوێک تەنیا لەبەرئەوەی ژنە و بۆشایی لە نێوان مووچەی هەردوو رەگەزدا هەیە لەسەر بنەمای رەگەز نەک کار، هەروەها لەوێ بەرزبوونەوەی پلەی وەزیفی پەیوەندی بە رەگەزەوە هەیە و تەنیا لەبەرئەوەی ژنە تا پیاوێک وەستا بێت پلەی ژنەکە بەرز ناکرێتەوە، بەڵام ئەو جۆرە جیاوازییە لێرە ئەگەر هەشبێت زۆر کەمە.

مەیدانی سیاسەت
شتێکی دیکە کە تێیدا هەوڵدراوە لێرە ئاسانکاریی بۆ ژن بکرێت مەیدانی کاری سیاسییە کاتێک کۆتا لە پەرلەمان بۆ ژن دانرا لای زۆر کەس دڵخۆشکەر نەبوو تائێستاش زۆر رای نێگەتیڤ لەبارەیەوە دەوترێت، بەڵام بە رای من هەبێت باشترە تا ئەو کاتەی دەبینە وڵاتێک پێویستمان بە کۆتا نابێت بۆ دەرکەوتن و هاتنە پێشەوەی ژنان لە کاری سیاسیدا، لە ئێستاشدا زۆر ژنی بە توانا لە مەیدانی سیاسەتدا هەن و جێ دەستیان دیارە و بەبێ کۆتا گەیشتوون بەو پلەو پۆستانە راستە ژمارەیان زۆر نییە، بەڵام کاتێک تواناکانیان دەبینرێت دڵخۆشکەرە یان کاتێک دەبینم ژنێک بەبێ کۆتا دەنگی پێویستی لە هەڵبژاردندا هێناوە و بە توانای خۆی گەیشتۆتە ئەو پلەیە من وەکو ژنێک شانازی پێوە دەکەم.

کەموکوڕیمان زۆرە
هەرچەندە کەموکوڕیمان زۆرە و هێشتا زۆر کەس بە بینینی ژنێک و دەرکەوتنی تواناکانی لە هەر بوارێکدا بێت لەسەر تیڤی یان سۆشیال میدیا هێرشی دەکەنە سەر، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبینین زۆرێکی دیکە رایان جیاوازە و بەرگری و دەستخۆشی لێدەکەن، زۆر ئاسانە هەوڵبدەیت بە وشەی نەشیاو ژنێک بشکێنیت و هێرشی بکەیتە سەر، بەڵام ژنێک بە توانا بێت چەندە هەوڵی شکاندنی بدرێت ناتوانرێت بشاردرێتەوە و لە گرنگی کەمبکرێتەوە، گرنگ ئەوەیە ژنی کورد جا لە هەر بوارێکدا بێت نەترسێت و متمانەی بە خۆی بێت و هەوڵبدات بۆ بەشداریکردنی لە گەشەسەندنی کۆمەڵگەکەی خۆیدا تەنیا لەبەر خۆی نا، بەڵکو لەبەر کچ و نەوەکانی دوای خۆی، دەبێت ئێمەی ژنان بزانین ئەم دونیایە پێویستی بە ئێمەیە و کۆمەڵگەکەمان بە بێ دەستی ئێمە پێشناکەوێت ئەگەر نا ئەوا هەموو لە تاریکی و نەداریی و دواکەوتووییدا دەژین.

كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:12:02:17/10/2021