هۆمۆ ساکر
سه‌ردار عه‌زیز


کوشتنی خەڵکی ئاسایی لە لایەن بەرپرس و کوڕەکانیانەوە بە تایبەتی بوەتە دیاردە. هەموو بەیناو بەینێک چیرۆکێکی خەمناک دەبیستین کە چۆن کەسێک، بە هۆکارێکی زۆر توڕەهات، لە لایەن کوڕی بەرپرسێکەوە زۆر بە ساردی و دڵڕەقانە کۆتایی بە ژیانی دەهێنرێت.

مادەم چیدی ئەم ڕوداوانە تاقانە و ناوازە نین، بەڵکو جۆرێک لە بەردەوامی دوبارە بونەوانەیان هەیە، ئەوا دەبێت وەک دیاردەیەکی تایبەت باسی بکەین و ئەو ئاگایی و کەلتور و تێگەیشتنە هەڵبتەکێنین کە لە پشتیەوەیەتی. 

لە سەردەمی ڕۆماندا پۆلێنکارییەکی یاسایی هەبوو بە ناوی هۆمۆ ساکرە، کە بە حەرفی یانی مرۆڤی پیرۆز، بەڵام لە کرداردا پێچەوانەیە. هۆمۆ ساکرە ئەو کەسەبوە کە دەتوانرا بکوژرێت بەبێ ئەوەی بکوژەکەی هیچ سزایەکی یاسایی بدرایە. بە مانایەکی تر ئەو کەسەبوە کە هەموو کەس دەیتوانی بیکوژێت
qui occidit parricidi non damnatur
لە هەمانکاتدا ئەم کوژراوە شایانی یان جێگای هیچ مەراسیمێک و شیوەنێک نیە. 

بەردەوام دوبارەبونەوەی کوشتنی خەڵکی ئاسایی لە لایەن کور و کچە بەرپرسەکانەوە، لە پشتیەوە جۆرێک لە ئەم کەلتورە هەیە. ئەوان چونکە تەنها نین و زۆریان وەها دەبینن کە دەتوانن بکوژن بەبێ ئەوەی ڕوبەڕوی هیچ سزایەک ببنەوە، ئەوا ئێمە دەتوانین قسە لە سەر دوو توێژ بکەین: توێژێک کە خاوەنی دەسەڵاتی هەرێم و ئەپاراتۆسەکانیەتی، توێژێکی تر کە زۆرینەی خەڵکن، دەسەڵاتی هەرێم و دامودەزگاکانی بەکاردێت بۆ لە مرۆڤخستنیان. ئەگەر لە سەردەمی ڕۆمانەکاندا هۆمۆ-ساکرە کەسانێکی دیاریکراوی ناو کۆمەڵگا بوون، ئەوا ئەمڕۆ زۆرینە ئەوانن. زۆرینەی خەڵکی ئاسایی دەتوانرێت لە لایەن بەرپرس و کوڕەکانیانەوە بکوژرێن بەبێی ئەوەی شایانی دادوەریی بن. 

ئەوەی جێگای سەرنجە کە زۆربەی جار ئەم کوشتنانە لە سەر هۆکاری توڕەهاتن. بێ نرخ بونی هۆکارەکان دەرخەری ئەوەیە کە مرۆڤی ئاسایی چۆن دەبینرێت. کوڕە بەرپرسەکان بە بچوکترین کردار، کە زۆرجار ئاسایین، وەها تورە دەبن کە کەسەکە بە شایستەی کوشتن بزانن. لێرەدا سێ ڕەهەندی هەیە: یەکەم، کەسەکە بە بچوکترین هەڵسوکەوتی خەڵکی ئاسایی بێزار دەبێت، کە دەرخەری ئەوەیە ئەو چۆن خەڵکە ئاساییەکە دەبینن. کەسانێکن بۆیان نیە بچوکترین هەڵسوکەوتی بەرامبەر بنوێنن. دووەم، کورە بەرپرسەکان کوشتنی کەسە ئاساییەکان، کە وەها دەبینرێن لە هەناو سیستەمی یاسایی هەرێمدا کە خەڵکی داماڵڕاون لە مافی یاسایی، وەک کارێکی بێ سزاو چێژبەخش دەبینن. سێیەم، لە هەناو توێژی باڵادەستدا نابێت خەڵکی ئاسایی بچوکترین هەڵسوکەوتیان بەرامبەر بنوێنێت چونکە ئەو سیستەم و تێگەیشتنە تێکدەچێت کە ئەوان خاوەنی ئەم کەسانەن. 

دەبێت ئەم کەلتور کۆتایی پێبهێنرێت. خەڵکی دەبێت ئەو ڕاستیە بزانن کە کوشتنی کەسێک یان کەسانێک بەوجۆرە، خراپ لەیەکگەیشتن و قەزا و قەدر نیە، بەڵکو هەڵقوڵاوی کەلتورێکە کە هەموو کەسێک لە کۆمەڵگادا ئەگەری هەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان ببێتە قوربانی. خەڵک هیچ نەبێت دەبێت داکۆکی لە خۆیان بکەن لە بەرامبەر کەلتورێکدا کە لە مرۆڤ کەمتریان دەزانێت.

PM:11:48:16/10/2021