با بڕیار له‌ڕۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشیی كوردیی بده‌ین
سه‌نگه‌ر زرار



ئه‌مڕۆ 22ی نیسانی 2016 یادی 118 ساڵه‌ی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردییه‌ و ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی كوردستان له‌ 22-4-1898 له‌شاری قاهیره‌ له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانییه‌كان به‌ڕۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی دیاریكراوه‌، به‌و پێوه‌ره‌ی یه‌كه‌م چاپكراوی كوردی بووه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێت تیشكی بخه‌مه‌سه‌ر و جارێكی تر وه‌ك پێشنیاز بیخه‌مه‌ڕوو، بابه‌تێكه‌ شایه‌نی ئاوڕلێدانه‌وه‌ و كارله‌سه‌ركردنه‌، ئه‌ویش دیاریكردنی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشیی كوردییه‌.

وه‌ك چۆن ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی كوردستان له‌ 22-4-1898 كراوه‌ته‌ رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی و له‌عیراقدا ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی  (الزوراء ) له‌ 15-6-1869 كراوه‌ته‌ رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌عیراقدا، یاخود ده‌رچوواندنی گۆڤاری (نادي الالعاب الرياضية)  له‌ 22-11-1922 به‌ڕۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشیی له‌عیراق ئه‌ژماركراوه‌، به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوه‌ مێژوویی و به‌ڵگه‌ و دیكۆمێنتانه‌ی له‌به‌رده‌ستدان، با ده‌رچوواندنی یه‌كه‌م ژماره‌ی پاشكۆی (كاروانی وه‌رزش)ی گۆڤاری كاروان له‌ڕۆژی 30-7-1985 بكه‌ینه‌ رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشی كوردی.
پێوه‌ر بۆ دیاریكردنی ئه‌م رۆژه‌ مێژووییه‌، ده‌رچوواندنی یه‌كه‌م بڵاوكراوه‌ یان رۆژنامه‌یه‌، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆی له‌گه‌ڵ دابێت رۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی سه‌ر به‌سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان بڕیاری لێنه‌دراوه‌ و جێگیر نه‌كراوه‌، ئێمه‌ش تائێستا نه‌بووینه‌ته‌ خاوه‌ن رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشیی كوردی له‌هه‌رێمی كوردستانی عیراق. 

كاروانی وه‌رزش كه‌ یه‌كه‌م بڵاوكراوه‌ی وه‌رزشیی كوردیی نووسراو و چاپكراو بووه‌، سه‌ره‌تا وه‌ك پاشكۆیه‌كی هه‌فتانه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و دواجاریش كراوه‌ته‌ رۆژنامه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و هه‌ر هه‌فتانه‌ ده‌ركراوه‌، بۆیه‌ هه‌قه‌ و پێویسته‌ و كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئێمه‌ش به‌پشتبه‌ستن به‌مێژووی رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشیمان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌رچوواندن و ده‌ركردنی یه‌كه‌م چاپكراوی وه‌رزشی كوردی له‌(هه‌رێمی كوردستان) كوردستانی عیراقدا، ئه‌م هه‌نگاوه‌ مێژووییه‌ بنێین و بڕیار له‌دیاریكردنی ئه‌و رۆژه‌ بده‌ین.

له‌مڕۆوه‌ تا 30 ته‌ممووزیش كاتی زۆرمان له‌پێشه‌ تا به‌شێنه‌یی و له‌ڕێگه‌ی چه‌ند كۆڕ و سیمینار و ده‌یبه‌تێكه‌وه‌ به‌ئاماده‌بوونی كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا و ئه‌كادیمی، قسه‌ و دیالۆگ و گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ین و دواجاریش بڕیاری لێبده‌ین.
 
 
dwarozh

PM:02:47:24/04/2016