وشەی ژن"مێینە" لە ئاخاوتندا
ڤینۆس فایه‌ق


«وشەکان بەرگی بیرکردنەوەکانمانن، نابێت بیرۆکەکانمان لە بەرگێکی کۆن و نەشیاودا دەرکەون» -لۆپرد تیستەرفیلد-
لە میانەی گفتوگۆیەکدا کە پرسیارێک دەکەم، لە خودی وەڵامەکە گرنگتر شێوازی بیرکردنەوە و چۆنییەتی دەربڕینە، ئەوەی پێی دەگوترێ زمانی ئاخاوتن، بەکارهێنانی وشەی گونجاو لە جێگەی گونجاودا، رەنگە وەڵامەکە وشەیەک یان رستەیەک بێت، بەڵام بزانیت چی لە کوێدا دەڵێی. کۆمەڵگەکەشمان کە کچ و کوڕ وەکو یەک پەروەردەناکات، لە زمانیشدا بە ئینسافەوە مامەڵەی لەگەڵ ژن نەکردووە. لە زۆر پیاو وایە رەگەزی قسەکردنیش نێرە، بێ رەچاوکردنی عورف و ئەخلاقی ئاخاوتن و بێ بیرکردنەوە قسە دەکەن، بەتایبەت کە قسەکە لەگەڵ یان لەسەر ژن بێت.

ئاخر زمانی کوردی کە بە رێکەوت یەکسانی لە نێوان هەردوو رەگەزدا دەستەبەرکردووە، لە زمانی ئاخاوتن و ئەدەبیاتدا بە هەندێ گوتە و دەستەواژەی باو ژنی ناشیرینکردووە، وەکو چواندنی پیاوێکی هێمن، کە بەڕێزەوە مامەڵە هاوسەرەکەی دەکات، بە ژن، گوتراوە «ژنانی، دەڵێی ژنە، پیاوێک گریابێت، گوتراوە «وەکو ژن دەگری» وەکو ئەوەی رەگەزی گریان مێینە بێت. ژنانێکیش لە ئاخاوتنیاندا هەمان شتیان بەرهەمهێناوەتەوە، وەک دەڵێن «بە دایکی کوڕان بیت» یان «کوڕت نەمرێ» یان «ئەو ماڵەی کچیان نەبێت پرسەکەیان سارد و سڕە» یان بە کەسوکاری مردوو گوتراوە «تەمەنی درێژی بۆ کوڕەکان جێهێشتبێ»… هتد.

بەرلەوەی روونکردنەوەش بدات، رانەچڵەکیم کە پەرلەمانتارە گوتی: حکومەتی هەرێم حکومەتێکی مێینە مۆدێلە. چونکە ئاخاوتن پێش هەموو شتێ بنەمایەکی پەروەردەیی کەڵەکەبووی هەیە، ئەو وشە و دەستەواژانە لە پێشەوەی زماندان کە لەسەری پەروەردەبووین و راهاتووین، ئەو مەبەستەشی نەبووبێت، وشەی «مێینە»ی بەکاربرد بۆ وەسفکردنی حکومەتێکی لاواز و بێکەڵک. ئاخر زۆربەی پیاوان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پەروەردەی دەستی ژنێکن، بینیویانە هیچ رێزێکی لێنەگیراوە و بە زمانی رێزەوە لەگەڵی نەئاخاوتوون و رێز لە ئاخاوتنەکانیان نەگیراوە. گوێیان لەو گۆرانیانە گرتووە کە ژنی بە کەمالیات و سەرچاوەی چێژ و وروژان و دەرخستووە، بە وەسفی سنگ و مەمک و ناوقەد و لامل و پاوپووزی. بەرزترین سەقفی وەسفکردنی ژن لە ئەدەبیاتی کوردیدا مانگ و میوە و گوڵ و گەڵایە. لای ئەوان «ژن» لە رستەیەکدا وشەیەکە بەرانبەر بە ماناکانی «لاوازی، بێدەسەڵاتی و بێتوانایی… هتد».

لە سیستەمێکی پەروەردەییدا کە سوپایەک پیاو هەن نیو پەروەردەیان وەرگرتووە، ئەدەبی ئاخاوتنێکی ئینسانی فێرنەکراون، چیدی پێویستمان بە بزووتنەوەیەکی رادیکال نامێنێت تەنها بە تیۆری پێمان بڵێ ژن ئادەمیزادە، گەر بۆ دەزگایەکی دەوڵەتیی رادیکال و لیبرال تەرجەمەی نەکات و تێڕوانینی تەواوی کۆمەڵگا بەرانبەر ژن راست نەکاتەوە و پەرە بە زانستی ئاخاوتن نەدات، وشەی «ژن» بە رێزەوە بەکاربهێنرێت نەک وەکو رەمزێک بۆ سووکایەتی و بەکەمزانین، جگە لە لێکدانەوەکان بۆ وشەکانی ژن، ئافرەت و مێینە و تەوزیفکردنی ژن لە زۆربەی نوکتەکاندا.

بزووتنەوەکانی ژنان، کە هێشتا سنووری تیۆریان تێنەپەڕاندووە، بە دژایەتیکردنی پیاو، هەستێکی نەرێنی بە ژنبوونیان لە ژناندا تۆخکردوەتەوە، هێندەی قسە لە وێنە گەورەکە دەکەن، قسە لە وردەکارییەکانی ناو وێنە گەورەکە ناکەن و هەوڵی چارەسەری بدەن. ئەوان باش و ئەو مۆدێلە لە ئاخاوتنی پیاوانە کە ژنی سووککردووە دەبینن، تەنانەت ئەو ئاڕاستە ئیرۆتیکییە ناشیرینە لە شاکارە ئەدەبیەکاندا، و تەوزیفکردنی «ژن» وەک هێمایەک بۆ چێژ و وەسفکردنی جەستەی وەک ئەوەی ئاژەڵ بێت.

ئەم ئاخاوتنە پیاوانەیە کە مەبەست لێی سووککردنی ژن و لە قاڵبدان و وەستاندنێتی، ئەنیشتاین دەڵێ: «ژنێک دوای کۆمەڵ کەوتبێت، دوورتر لەوەی کۆمەڵ بۆی دەچێت ناڕوات. وەلێ ژنێک کە بەتەنیا دەڕوات، دەگاتە شوێنێک هێشتا کەس پێی نەگەیشتووە.» ئیتر پرسیارەکە ئەوە نییە من دەمەوێ بە کوێ بگەم، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە تۆ کە بە ئامرازی زمانیش رێزم لێناگری، بۆچی دەتەوێ بموەستێنیت؟

AM:03:33:12/04/2021