رۆڵی ژنان لە کەرتی ئابووریدا
‎شەهێن نوری


ژنانی ئێمە هەمیشە و بەردەوام هەوڵیانداوە هەنگاوی جدی بنێن لە کارەکانیاندا، ئەوان نەک هەر دەیانەوێت بەشێک بن لە پڕۆژەیەکی گەورە، بەڵکو دەیانەوێت خۆیان خاوەندارێتی لە پڕۆژەکاندا بکەن، بۆ ئەوە کار دەکەن و ژینگەیەکی لەباریشیان رەخساندووە کە ژنانی دیکەش دەرفەتی کاری زیاتریان بۆ بڕەخسێت.

ئەگەر لەو رووەوە تەماشای ئەم بابەتە بکەین، ئەوا دەبینین کە ژنان خاوەنی چەندین كارو پیشە و داهێنانی جۆرا و جۆرن، هەرچەندە زۆربەی كارەكان و ناو و ناوبانگیان ونە بەهۆی دەسەڵات و كەلتورو عەقڵیەتە جۆر بەجۆرەكانەوە كە هۆكاری دواكەوتن و بە رەش و سپی كردنی كۆمەڵگەن.

مرۆڤ وەک تاک لە کۆمەڵگەدا بەهۆی هەوڵ و كاركردنییەوە دەبێتە خاوەن کار و داهاتی خۆی، ئەمە بۆ پیاوان روون و ئاشكرایە و بەئەركی سەرشانی خۆیانی دەزانن هەندێك وابیربكەنەوە كە ژنان نابێ لە ئەركی سەرەكی خۆی كە ماڵ و منداڵە ئەركی تری پێبدرێ، هەندێكی تر لە پیاوان بەجۆرێک سەیری ئەم بارودۆخە دەکەن، كە رێی تێناچێت ژن لە نێوكۆمەڵگەدا، خاوەن پێگە و كاری گەورە بێت جگە لە ئەركە مێینەكەی خۆی كە ماڵەوەیە!. ئەمەیە كارەسات و فیكری ناڕەوا و دواكەوتوویی كۆمەڵگەی دروست كردووە.

ئەگەر بڕوانینە كۆمەڵگەیەكی خاوەن داهاتی گەورە و ژینگەی ئارام و جوانی كۆمەڵگە و رازاوەیی و كار و پیشە گەورەكان، دەبینین لە هەندێك شوێنیدا ژن خاوەن پلە و پێگەی بەرز و ئابووری مەزن و داهاتی گەورەیە، بەڵام ئەگەر بڕوانینە هەندێك كۆمەڵگەی دواكەوتوو و لە نەریت و كەلتوریان بكۆڵینەوە، ئەوا دەبینین ژن تەنها بە ئامێرێكی دروستكردنی منداڵ و كاری ماڵەوە لێی دەڕوانرێ، جگە لەوەی كە دابونەریتێكی ناشیرن دای پۆشیوە لە بەشودانی منداڵ و بە زۆر دروستكردنی خێزان، كە ژن لە كۆیلەیەك زیاتر هیچیتر نییە.

لە كۆمەڵگەی خۆماندا هەردوو جۆری بیروبۆچوونەكەی سەرەوە رەنگ دەداتەوە و لەوەدا خێزانەکان رۆڵی سەرەکی دەبینن لە کردنەوە و داخستنی ژنان و کچانمان بەڕووی دەرەوەی خۆیاندا. ژنان و کچانی ئێمە خەون و خەیاڵی کردەیی گەورەیان هەیە، ئەوان دەیانەوێت لەسەر قاچی خۆیان بووەستن و خۆیان بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن.

پرسە سەرەکییەی ئێمە، قسەیە لەسەر کارکردن و چوونە ناو بزنسی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا، کە ئەمە وەک کارڵ مارکس دەڵێت: ئازادی ژنان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، چونکە تا ژن خاوەن ئابووریی و داهاتی خۆی نەبێت، ناتوانێت بە پلیکانەی ئازادیدا سەرکەوێت.

لە کۆمەڵگەی خۆماندا ئەوەی زۆر ئازار دەرە، ئەوەیە کە بەشێکی زۆری ژنان هێشتا خاوەن سەرمایەی خۆیان نین و ناتوانن ئازاد بن لەوەی کە دەیانەوێت بیکڕن، لەبەر ئەوە باشترین هەنگاو لێشاوی زیاتری ئەوانە بەرەو ناو بازاڕی کار و کارکردن.

ئێستا ژمارەیەکی زۆری ژنان و کچانی ئێمە سەرقاڵی کاری بازرگانیی و ئابوورین، ئەمە جێی دڵخۆشیی و ئومێدە، چونکە ئەوان لەگەڵ خۆیاندا دەرفەتی کاریان بۆ ژمارەیەک کچ و ژنی دیکە رەخساندووە.

بۆیە دەبێت، کاری زیاتر لەسەر رەوینەوەی ئەو بۆچوونە بکرێت کە پێی وایە ژن و کچانی ئێمە لە چوارچێوەی ماڵدا بن و ئەرکی ماڵ جێبەجێ بکەن، چونکە توانایی و لێهاتوویی ژنانی ئێمە بە جۆرێکە کە دەکرێت سوودی زۆریان لێ ببینرێت لە پەرەپێدان و گەسەندنی کەرتی ئابووری لە هەرێمی کوردستان.


كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:03:20:20/12/2021