بەرگرییەك لە حەمەسەعید حەسەن
عەلی مستەفا


چەند هاوڕێیەكم لە فەیسبوك وەكو گلەیی، یان وەكو ناڕەزایی لە دەربڕینێكی حەمەسەعید حەسەن چەند پۆستێكیان بڵاوكردەوە، كە ئەو هاوڕێیانە پێیان وابو ئەو نوسینەی شاعیر و نوسەر جۆرێك لە (نارۆشنبیری) و (بێ‌ ئەدەبی) و (ناشیرینی)یە. لە كۆمێنتی ئەو چەند هاوڕێیەدا چەندان كەس جوێن دەدەن و سوكایەتی بە حەمەسەعید حەسەن دەكەن و دواتر چەند پەیجێكیش بۆ وروژاندنی سۆزی ئاینی فوی پێدادەكەن و زۆرێك لەو جنێو تەشهیرانە بڵاودەكەنەوە كە بەو نوسەرە دەكرێت. تاكو كار گەشتۆتە ئەوەی كادێری پێشكەوتو و مەكتەب سیاسی ئیسلامیەكانیش هاتونەتە سەرخەت و جوێن و سوكایەتی ئەو خەڵكە سادەیە دوبارە دەكەنەوە و تەبەنی دەكەن.

من رەنگە لەگەڵ ئەو دەربڕینەی حەمەسەعید حەسەندا نەبم. بەڵام لە سێ‌ لایەنەوە هەوڵدەدەم ئەو بابەتە شیبكەمەوە: ماف، دەربڕینەكە، جوێن و سوكایەتی.

ئایا حەمەسەعید حەسەن مافی خۆی نییە لەسەر ئاین یان لەسەر داعش چۆن رایەكی هەیە و چۆن دەریدەبڕێت؟ مافی رادەربڕین و شیكردنەوەی هەر بابەتێك دەبێت پارێزراوبێت و فەراهەمبێت و هەمومان بۆ خۆمان و بۆ هەر كەسێكی دیكە بەرگری لێبكەین. بۆیە نوسەر مافی خۆیەتی چۆن رای خۆی دەردەبڕێت. دواتر ئایا دەربڕینەكەی حەمەسەعید حەسەن را و بۆچونە، یان سوكایەتیە؟ حەمەسەعید حەسەن بە محەمەد پێغەمبەر دەڵێت: (پەیامبەری داعش). ئایا ئەم دەربڕینە چەندە سوكایەتی و جوێنە؟ 
ئێمە لەو لۆجیكەوە سەیری بابەتەكە دەكەین كە هەر كەسێك و كۆمەڵە و گەلێك خۆی بەچی وەسفكرد و خۆی دایە پاڵ چی و چ كەسێك، ئەوا كەس ناتوانێت لەوە بێبەرییان بكات. واتە ئەگەر كەس و گروپێك وتیان ئێمە ماركسین، ئەوا ئێمە ناتوانین بیانكەین بە نەتەوەیی یان ئاینی. ئەگەر لوڕەكان یان شەبەك و شنگالییەكان وتیان ئێمە كوردین، ئیتر كەس ناتوانێت بڵێت ئەوان كورد نین. هەروەها سۆفی و شیعە و عەلەوییەكان دەڵێن ئێمە پێغەمبەرمان محەمەدە، كەواتە سونە و سەلەفییەكان ناتوانن بڵێن كە محەمەد پێغەمبەری ئەوان نییە. بەهەمان شێوە قاعیدە و بۆكۆحەرام و تاڵیبان و داعش وەكو گروپی تیرۆریستی دەڵێن كە ئێمە پێغەمبەرمان محەمەد و تەنانەت پێیانوایە كە خەڵكانی تر فەرمان و ئامۆژگاری و سونەتەكانی ئەو جێبەجێناكەن و ئەوان كار بۆ جێبەجێكردنی دەكەن. بۆیە كەس ناتوانێت بڵێت محەمەد پێغەمبەری ئەوان نییە.

بەپێی ئەم لۆجیكە ئێمە پێمانوایە وەكچۆن محەمەد پێغەمبەری سۆفی و سەلەفی و شیعە و سوننەیە، پێغەمبەری قاعیدە و تاڵیبان و بۆكۆحەرام و داعشیشە. وەكو چۆن پێغەمبەری عەرەبە بەهەمان شێوە پێغەمبەری بەشێكی زۆری كورد و فارس و تورك و هتد...یە. واتە ئەو دەربڕینەی حەمەسەعید حەسەن سوكایەتی و جوێن نیە و ئەو كەسانەش بە سوكایەتی و جوێنی دەبینن با رێگەی دادگا بگرنەبەر و داوای لەسەر تۆماربكەن.

لەبەرامبەردا ئیسلامییەكان، بە كادێری سادەیانەوە، بۆ كادێری پێشكەوتو و تەنانەت پلەدار و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و وەزیریان، بەڕاست و چەپدا جوێن و سوكایەتی و ئیهانە بۆ ئەو نوسەرە دەنێرن بڵاودەكەنەوە. ئەم كارەی ئیسلامییەكان لە پۆستەكانی خۆیان و پەیجەكاندا بەناوی خۆیانەوە و بێپەردە بڵاویدەكەنەوە بە بەرگری دەزانن. (عەبدولسەتار مەجید) ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی و وەزیری كشتوكاڵی ئەم كابینەی حكومەت نمونەی ئەو جوێندەرانەیە و لە پۆستێكدا بە جوێنی (دەك روت رەشبێت) و (وەڕینی سەگ و تانجی) هتد سوكایەتیەكانی ریزدەكات. ئەم كارەی ئیسلامییەكان دەیكەن هەر ئەوە نییە سوكایەتی جوێنبێت، بەڵكو ئیرهابی كەسایەتی و ئیرهابی فیكرییە. واتە دەربڕین و وەڵامی ئیسلامییەكان كە هیچ گومانی تێدانییە جوێن و سوكایەتی و ئیرهابی مەعنەوی و تەنانەت كەسایەتی و جەستەیی و كۆمەڵایەتی ئەو كەسەیە و پێویستە بە زوترین كات لەسەر ئەم كارانە بدرێنە داداگا.

لەبەرامبەردا، دەبو ئیسلامییەكان دور لە جوێن و سوكایەتی وەڵامی ئەو دێڕەی حەمەسەعید حەسەنیان بدایەتەوە، بەتایبەت كادێرە حیزبی و رۆشنبیرەكانیان. یان زۆر بەسادەیی ئەوەیان بكردایەتە كەیسێك و بیاندایەتە دادگا ئەگەر بە جوێن و سوكایەتی دەبینن.

لەپەیجی(عەلی مستەفا) وەرگیراوە

AM:06:46:03/01/2015