کامەیە عورفی سیاسی؟
په‌یمان عیزه‌دین

عورف لە قانوندا بریتیە لە کۆمەڵێک بنەمای نەنوسراو کە لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەدا پەیڕەو دەکرێ و جۆرێک لە پابەندی بەکۆمەڵ بۆ جێبەجێکردنیان دێتە ئارا وبەردەوامیی ئەبێت بۆ نەوە دوای نەوە.

 ئەگەر شتێکیش هەبێ بە ناوی عورفی سیاسی ،ئەوا ئەو بنەما و ڕەفتارە سیاسیانە ئەگرێتەوە کە پارت و دامەزراوە سیاسیەکان لەدەرەوەی قانون پەیڕەوی ئەکەن ، واتا بۆ ئەوەی ئێمە ڕەفتار یا هەڵوێست یا قسەیەکی سیاسی بخەینە خانەی عورفی سیاسیەوە ئەبێ ئەو رەفتارە چەندین جار دوبارە بوبێتەوە و جۆرێک لە ڕەزامەندی سیاسی یا کۆدەنگی یا بێدەنگی لەسەر بوبێت.

لێرەوە ئەگەر رەفتار و هەڵسوکەوت و پێگەی سەرۆکی هەرێم سەرنج بدەین و بزانین چی بۆتە عورفی سیاسی ،ئەوا دەزانین کە تایبەتکردنی ئەو پۆستە بە بارزانیەکان بۆتە عورفی سیاسی ،چونکە لەو کاتەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێم هەیە هی بارزانیەکانە ، جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان لە خول و نیوێکی پەرلەمانیدا هیچ حیزبێکی تر زاتی نەکردوە داوای ئەو پۆستە بکات و کۆدەنگی هەبوە لەسەر موڵکایەتی بارزانیەکان بۆ ئەو پۆستە.

هەر لەناو ئەو پۆستەدا کە لەسەرەتاوە بارزانی باوک و ئێستاش بارزانی برازا پڕیانکردۆتەوە ، بەردەوام ئەوان وەک سەرۆک و جێگری پارتی رەفتاریان کردوە ، هیچ کات کۆکەرەوەی هەموو هێزە سیاسیەکان و پارێزەری یەکڕیزی نەبون . کە ئەگەر عورفێکی سیاسی هەبێ ئەمەیانە نەک ئەوەی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان  وتی. 

بەوپێیەی کە لەزۆربەی حاڵەتەکاندا عورف  دوای زۆر دوبارەبونەوەی ئەبێت بە قانون ، لە دەرەنجامدا قسەی سەرۆکی هەرێم گوڵ دەکا و دوای تێپەربونی دەیان ساڵ لە بێدەنگی حیزبەکان و بە مەرجەع ناسینی بارزانی  ، هەر بە عورفی سیاسیش بێ ، پارتی ئەبێتە تاکە حیزبێک حسابی بۆ بکرێت ،بەرگرتن بەمە تەنیا بە وتار و دروشمەکانی بانگەشەی بەر لە هەڵبژاردن نابن.

AM:01:34:29/09/2021