دو مانگ زیاترە (ئەمڕۆ، 1٦-8-2014) شەڕ لەنێوان چەکدارانی داعش و پێشمەرگەی کوردستانا دەستی پێ کردوە.
لەو ماوەیەدا خەڵکی کوردستان زیانی گیانیی زۆریان پێ گەیشتوە. تائێستا شەهیدی پێشمەرگە لە 200 نزیک بۆتەوە. شەهید و بێ سەروشوێنی هاووڵاتیانیش بە هەزارانن.
لەڕوی مادییشەوە، تائێستا حوکمەت و خەڵکی کوردستان لە تێچونی شەڕ و خاپور بونی مڵک و ماڵ بە ملیار دۆلار زیانیان پێ گەیشتوە.
شەڕ و گێچەڵی داعش بە خەڵک و پێشمەرگەی کوردستان، کۆمەڵێک هەڵەی میدیایی و سەربازیی کوردی خستە بەر چاوی دنیا.
لەم وتارەدا هەوڵ ئەدەم ئەو هەڵانە دیاری بکەم. بەو هیوایەی لە ئایندەدا بتوانین نەیان هێڵین:
یەکەم: هەڵەکانی میدیای کوردی:
لەناو میدیای کوردی دا بە تەنیا باسی هەڵەی میدیای بینراو ئەکەم، چونکە گەورەترین و کوشندە ترینیانە:
1. بەخشینی زانیاری بە دوژمن:
زۆرینەی کەناڵە تەلەفزیۆنیەکانی کورد لە راپۆرتەکانی بەرەکانی جەنگدا زانیاری ورد ئەدەن لەسەر: جۆری چەکی پێشمەرگە، ژمارەی پێشمەرگە، ناو و ژمارەی یەکەی سەربازی، ناوی بەرپرسی یەکەمی هێزەکە، پیشاندانی شوێنی جێگیربونی هێزەکە، (ئەحداثیات)ـی بنکەی فەرماندەیی شەڕگەکە، سەعاتی سفری هێرش بۆ سەر دوژمن، قۆڵ و ئاراستەی هێرشەکە و ئامانج (الهدف المقصود) لە هێرش.
ئەمانە زانیاریی هەواڵگریی جەنگن، دوژمن بە پارە ئە یانکڕێ. کەچی راگەیاندنی کوردی بە رەنگ و دەنگەوە بە خۆڕایی و لەکاتی زێڕینا ئە یانبەخشێ بە دوژمن.
2. شەڕە حیزب:
تەلەفزیۆنەکانی یەکێتی و پارتی و سێبەرەکانیان دو بەرەی جەنگ یان دروست کرد: بەرەی جەنگی پارتی- داعش، بەرەی جەنگی یەکێتی- داعش.
ئەم تەلەفزیۆنانە، سەرکەوتنێ ئەگەر هەبوایە، راستەخۆ ئەیانکرد بە سەرکەوتنی هێز و مەسولە سەربازییەکانی حیزبەکانیان. شکستیش ئەگەر هەبوایە راستەوخۆ یان نا راستەوخۆ ئەیانخستە ئەستۆی حیزبی بەرامبەر.
3. دروستکردنی پاڵەوانی کاغەزین:
بە درێژایی بەرەیەکی زیاد لە 1000 کیلۆمەتری میدیای کوردی ژمارەیەک پاڵەوانی کاغەزینی دروست کرد. مەبەستم لە پاڵەوانی کاغەزین ئەو سیاسی و فەرماندە زل و مشەخۆرانەیە کە ئەبنە میوانی رەزا قورسی بەرەکانی جەنگ، لەوێ خۆیان پیشانی کامێراکان ئەدەن، هەنێ قسەی زل ئەکەن و هەنێ وێنە بۆ فەیسبوک ئەگرن و، شەو یش شەڕگەکان بەسەر کوڕی رەشوڕوت و بێ پشت و بێ واسیتەدا بە جێ ئەهێڵن و ئەگەڕێنەوە ناو ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئەمانە بەو رەفتارانەیان ورەی پێشمەرگە دائەبەزێنن و بێزاریان ئەکەن.
4. گوێزانەوەی وێنەی ناشایستە:
لەم هەڵەیەدا تێکڕای تەلەفزیۆنە کوردییەکان بەبێ جیاوازی بەشدارن. هەڵەکەیش ئەم وێنەیە یە:
پەیامنێری کەناڵەکە لەبەر چاوی کامێراکەی راوەستاوە پەیامەکەی بنێرێ، پڕ بە چاوی کامێراکە پێشمەرگەی ئەستێرە بەشان و بێ ئەستێرە و هاووڵاتی خۆبەخش لە دەوری پەیامنێرەکە کۆبونەتەوە، چاویان بڕیوەتە کامێراکە و شانشانێنیانە بۆ ئەوەی لە زومی کامێراکەوە دەرکەون.
ئەم وێنەیە بە دو بارا هەڵەیە: هەم لە باری میدیایی و هەم لە باری سەربازییەوە. بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو هێزەی ئە جەنگێ هێزێکی نا نیزامی بێ سەروبەرە کە، خاڵی لاوازی هەر هێزێکی شەڕکەرە.
5. گوێزانەوەی فەوزای سەربازی:
هەمو کەناڵە کوردییەکان لەم هەڵەیەدا هاوبەشن.
ئەم هەڵەیە سێ جۆرە:
جۆری یەکەم:
گواستنەوەی وێنەی پێشمەرگە و چەک بە دەس، بە جلوجەرگی جۆراوجۆرەوە:
جلی سەربازیی جۆراوجۆر: چوار- پێنج جۆر جلی بەڵەک بەڵەک، تەپلەی سەوز و تەپلەی سور و بێ تەپلە و...هەموان، بێ خودەی سەربازی.
جلی کوردیی جۆراوجۆر: شەرواڵ و کراس، شەرواڵ و چۆغە، شەرواڵ و مراخانی، شەرواڵ و ستارخانی، شەرواڵ و چاکەتی کەتافی دار و بێ کەتافی و؛ رەنگی جۆراوجۆر: خاکی، قاوەیی، شین و...هتد.
جۆری دوەم:
گواستنەوەی سەنگەری پێشمەرگە و پشتی سەنگەر لە کاتی شەڕکردن یان چاودێری کردنی دوژمنا. لەم کاتانەدا پێشمەرگە، بێ سەنگەر و بێ پەناگە و بێ شوێنێکی قابیلی ژیان و ئیسراحەت بە چاو ئەبینرێ: لە سەر چۆک یان سنگ، لەبەر تیشکی پڕۆکێنی خۆرەتاوی کوردستانا خۆی داوە بەسەر گڵ و تەپوتۆزی ساترەکانی بەرگری دا. زۆربەی کات پێشمەرگە بە تۆپەڵ سەنگەریان گرتوە و شانیان لە شانی یەک ئە خشێ!
دوژمن کە ئەم وێنەیە ئە بینێ ئەزانێ بەرەکانی جەنگ لە روی توانای بەشەری و ئیستیحکاماتی سەربازی و شارەزایی سەنگەر گرتنەوە هێندە قایم نین نەتوانرێ بشکێنرێن. ئەمە غیرەت و ئازایەتی ئە داتێ زو زو پەلامارت بدا تا ئەت روخێنێ.
جۆری سێیەم:
پیشاندانی وێنەی پێشمەرگە کە بە تۆپەڵ و گروپی گەورە گەورە، وەستاون یان ئەڕۆن یاخود سەیری سەنگەرەکانی دوژمن ئەکەن.
هەنێ جار کە پەیامنێرێ لێیان ئەپرسێ بۆ وا بە تۆپەڵ وەستاون؟ ئەڵێن: لە مردن نا ترسین... لە دوژمن نا ترسین!
وێنەکانی هەر سێ جۆرەکە خەتەرن. چونکە بەڵگەن بۆ نەبونی شارەزایی سەربازی و نە بونی پلان و تاکتیکی شەڕ بە شێوەی زانستی.
تەلەفزیۆنەکانمان لە رێگەی ئەو وێنانەوە بە دنیا یان وت: کورد خاوەنی هێزێکی نا نیزامیی بێ سەروبەرە یە.
6. گوێزانەوەی فەوزای مەدەنی:
هەمو کەناڵە کوردییەکان لەم هەڵەیەدا هاوبەشن:
وێنەکە بریتییە لە وێنەی ئەو خەڵکە سڤیلەی بە جلی مەدەنیی جۆراوجۆر، بە چەکی خۆیانەوە رو ئەکەنە بەرەکانی جەنگ بۆ پشتیوانیی پێشمەرگە.
بە بڕوای من ئەم وێنەیە ورەی پێشمەرگە بەرز ناکاتەوە، دای ئە بەزێنێ. نەرێنییە نەک ئەرێنی، چونکە:
• نیشانەی بونی فەوزایە لە بەرەکانی جەنگ دا؛
• ئەو خۆبەخشانە لە باتی ئەوەی باری شانی پێشمەرگە سوک بکەن، قورسی ئەکەن چونکە: هەم مەشقیان نە دیوە و هونەر و تاکتیکی شەڕ نازانن، هەم ئەبنە هاوبەشیان لەو تەموین و لۆجستیکە لاوازەی لە شەڕەگەکان هەن، هەم رەنگە ببنە هۆی زو روخانی توانای بەرگری، ئەگەر دوژمن لە پڕ هێرشێکی بەهێز و کاریگەر بکاتە سەر خاڵێکی دیاری کراو. چونکە نازانن چۆن خۆیان بپارێزن، چۆن لە تێکڕژانا بەرگری بکەن، چۆن لە کاتی پێویستا بژاردەی کشانەوەی تاکتیکیی جێبەجێ کەن؛
• ناکرێ هێزی نا نیزامی لەگەڵ هێز و یەکە نیزامییەکانا تێکەڵاو کرێن. ناشزانرێ لە شەڕگەیا چۆن رێکخرێن و فەرمانی هێرش و کشانەوە لە کێ وەر گرن.
چۆن ئەم هەڵە کوشندانە نەهێڵین؟
1. ئەو وێنانەی لە ماوەی دو مانگی رابردوا کەناڵەکانی کوردستان گواستویاننەتەوە خەتەرن لە سەر ئاسایشی سەربازی و نیشتمانیی کوردستان. نابێ بهێڵین ئەم دیاردەیە درێژە بکێشێ.
بە بڕوام، تاکە رێگا ئەوەیە پارلەمانی کوردستان قانونێ بۆ پەیامنێری جەنگ دەر بکا. حکومەت یش هەمو دامەزراوە میدیایییەکان/ کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان ناچار بکا، پەیامنێری مەشقدیدەی جەنگ یان هەبێ. هەر دامەزراوەیەک پەیامنێری جەنگی نە بو، رێگەی پێ نە درێ لە کاتی شەڕا (خوا نیشتمانەکەمان و دانیشتوانەکەی لە جەنگی تر بە دور خا) پەیامنێری بگاتە بەرەکانی شەڕ بۆ روماڵ کردن. بەڵام بتوانێ لە کاتی پێویستا وێنە لە دامەزراوەیەکی کە یان پەیامنێرێکی جەنگ، بکڕێ.
2. باشتر وایە دیاردەی چونی مەدەنی، بێ چەک یان بە چەکی خۆیانەوە بۆ بەرەکانی شەڕ، بە نیازی پشتیوانی کردنی پێشمەرگە و شەڕ لە دژی داعش، کۆتایی پێ بهێنرێ و وەزارەتی پێشمەرگە رێگەی کەس نە دا بەو نیازە بچێ بۆ شەڕگەکان.
لە باتی ئەوە با بنکەی مەشق پێکردن بکرێنەوە بۆ راهێنانی خۆبەخشەکان پێش ئەوەی بچن بۆ بەرەی شەڕ. ئەگەر ئەمە لەم هەلومەرجەدا نا کرێ، با خەڵک گروپ دروست کەن و کۆمەک و یارمەتی کۆکەنەوە و بگەیەننە ئەو جێگە و دەزگایانەی بەرپرسیارن لە لۆجستیکی شەڕ.
گرنگە خەڵکی کوردستان بزانن بە تەنیا هەر هەڵگرتنی چەک و، چون بۆ بەرەی شەڕ (مەجهودی حەربی) نیە، بەڵکو کەم کردنەوەی مەسرەفی ناو ماڵی خۆشت هەر (مەجهودی حەربی) یە، بۆ نمونە: دەسگرتن بە ئاو و کارەبا و کەمکردنەوەی (بەزغ) و زیادە رۆیی نە کردن لە خواردن و خواردنەوە یش هەر (مەجهودی حەربی) ن. چونکە دەسگرتن بەو پێویستییانەی ژیانەوە باری شانی حوکمەت سوکتر ئەکا و، ئەو پارە زیادەیەی لە پشتیوانی کردنی ئەو کاڵایانەدا سەرفی ئەکا، ئەتوانێ بیدا بە چەک و تفاق و خۆراک بۆ پێشمەرگەی بەرەکانی شەڕ.
دوەم: هەڵە سەربازی و سیاسییەکان:
1. دو (عەقیدە)ـی جیاوازی شەڕ:
لە سەرەتای هاتنی داعشەوە بۆ سنوری کوردستان، یەکێتی و پارتی دو بۆچونی جیاوازیان هەبو: یەکێتی داوای راگەیاندنی شەڕی سەرتاسەریی دژی داعش و پەلاماردانیانی ئە کرد. پارتی یش ئەی وت: ئێمە شەڕ بۆ خۆمان ئەکەین، نەک بۆ خەڵک... داعش هاتوە بۆ دژایەتی مالیکی، ئێمە هەقمان چیە؟
سەبارەت بە کوردستان، ئەمە یەکەمین و گەورە ترین هەڵەی ئەم جەنگە بو.
مەبەستم نیە ببمە قازی و حوکم بدەم ئەم دو بۆچونە کامیان راست بون و کامیان نا راست، مەبەستمە خەتەری دو (عەقیدە) یی جەنگەکە پیشان بدەم.
2. فرە کوێخایی:
دو مانگ بەسەر دەسپێکی جەنگەکەدا تێ پەڕی، هێشتا نە توانراوە میکانیزمێک دا بنرێ بۆ بەخشینی زانیاریی راست و دروستی رۆژانە بە دامەزراوە میدیایییەکان و خەڵکی کوردستان لەسەر شەڕەکانی جەنگەکە لە قۆڵە جیاجیاکانەوە.
بەلاغی حیزبی و بەیاننامە و (تەسریحات)ـی مەسولە حیزبی- سەربازییەکان سەبارەت بە شەڕەکان و سەرکەوتن و شکستەکان، فەوازیەکی خەتەریان دروست کردوە.
لەوانەش خەتەر تر چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەیە کە لە بەرەکانی جەنگ ئەی کەن و، تیا یا زانیاری ورد لەسەر شەڕ و شەڕگەکان ئەدەن بە راگەیاندن.
کەمترین شتێ وەزارەتی پێشمەرگە ئەبێ بیکا، قەدەغەکردنی ئەم جۆرە چاوپێکەوتنانەیە. وەزارەتی پێشمەرگە ئەبێ وتەبێژێک و ناوەندێکی دیاری کراوی هەبێ، رۆژانە چەن جارێ لەوێوە زانیاری بدا بە میدیا. ئەگەر نا، درێژەکێشانی ئەم فەوزا و گەڕەلاوژەیە خەتەرن لە سەر ئاسایشی نیشتمانی.
3. خراپی سیستمی لۆجستیک:
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پارلەمانی کوردستان، ئاری هەرسین، (ئیستیقالە)ـی دا لە ئەندام پارلەمانی. بە گوتەی خۆی: چونکە سیستمی لۆجستیک زۆر داوکەوتوە، ئەیەوێ ببێ بە پێشمەرگە بۆ ئەوەی رۆڵی هەبێ لە چاکردنی سیستمی لۆجستیکدا.
هەر کەس سەرەتایی ترین زانیاری لەسەر زانستەکانی جەنگ هەبێ، ئەزانێ سیستمی دواکەوتوی لۆجستیک نیوەی دۆڕانە.
4. نزمیی رۆحیەتی نیشتمانیی شەڕ:
ئەگەر چی شەڕی سەپێنراوی داعش بە سەر خەڵکی کوردستانی باشورا هەستی ئینتیمای نیشتمانی و نەتەوەیی خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستانی باش زاخاو دایەوە و لە نزمایییەوە بردی بۆ کەشکەلانی فەلەک، بەڵام بە کردەوە دەرکەوت ئەم رۆحیەتە هێشتا لە شەڕگەکان و لە لای حیزبەکانی خاوەنی هێزی چەکدار، لاوازە.
من لە رێگەی تۆڕەکانی سۆسیال میدیاوە چەن فیلمێکی ڤیدیۆییم دیوە، پێشمەرگەکانی حیزبێک لە حیزبەکانی کوردستان وێنەی هەڵاتنی پێشمەرگەکانی حیزبەکەی کەیان گرتوە و بە دەم وێنە گرتنەوە جنێو بە لایەنەکەی تر ئەدەن، کە چۆن بێ هەماهەنگی و پرس، لایەنەکەی کە لە شەڕدا بەجێ ئەهێڵن و ڕا ئەکەن.
جێگەی داخێکی زۆر و خەتەرێکی گەورەیشە کە لەم جەنگە دا، جارێکی تر دیاردەی شەڕە پەڕۆ لە بەرەکانی جەنگ لە نێوان پارتی و یەکێتی دا سەری هەڵدایەوە: ئامێرە جوڵاوەکانی شەڕ ئاڵای حیزبیان لێ درا و بران بۆ شەڕ!
5. خاڵەکانی (1 و 4) بەڵگەن بۆ ئەوە کە پارتی و یەکێتی نەخشەی هاوبەشیان نیە بۆ شەڕ. وەزارەتی پێشمەرگە لە چاو یەکێتی و پارتی دا، هێزی چەکداری کەمترە، چەکەکانیشی لە چەکی پێشمەرگەکانی حیزبەکان دواکەوتو ترە.
6. نە شارەزایی لە جۆرە جیاجیاکانی شەڕ دا:
لە رێگەی ئەو وێنانەوە کە تەلەفزیۆنەکان لە ماوەی ئەو دو مانگە دا بۆیان گواستینەوە، ئەتوانین (ئیستینتاج) بکەین کە پێشمەرگەی کوردستان نە شەڕی بەرەیی ئەزانێ نە پارتیزانی و نە شەڕی ناو شار.
دیارە شەڕی پارتیزانی ئیشی سپای نیزامی نیە. دو شەڕەکەی تر کاری سپای نیزامین.
کەواتە دەرکەوت هێزی پێشمەرگە نە شارەزای شەڕی نیزامییە و نە نا نیزامی.
ئەم رەخنەیە بە هیچ جۆرێ لەو قارەمانەتی و گیانبازییانەی پێشمەرگەی کوردستان کەم نا کاتەوە کە لە ماوەی دو مانگی رابردوا نواندویانە و سەدانیان گیانیان بەخشیوە بە خاك و خەڵکی کوردستان.
ئەم رەخنانەی من بۆ ئەوەیە پێشمەرگەی کوردستان بگاتە ئاستێ لە شارەزایی کە، بە کەمترین قوربانی، گەورە ترین سەرکەوتن بە دەس بهێنێ. چونکە خوێنی رۆڵەکانی گەل گرانە، هەرزان نیە.
لە دو مانگا بەخشینی گیانی نزیکەی 200 پێشمەرگە و زیاتر لە 3000 هاووڵاتی، نرخێکی ئێجگار ئێجگار گەورەیە لە چاو هێز و توانای ئەو دوژمنەدا کە دەرگای پێ گرتوین. ئەبێ ئەم حاڵەتە پێچەوانە بکەینەوە.
7. چەکی نیشانە شکێن (قەناس):
ژمارەیەکی زۆر لە ریزی چەکدارانی داعشا چەکی نیشانە شکێن زۆر بە کارامەیی بەکارئەهێنن. ئەم راستییە هەم لە راپۆرتە وێنەیییەکانی کەناڵە کوردییەکانا رەنگی داوەتەوە، هەم لە ژمارەی قوربانییەکانی پێشمەرگە و، هەم لەو گرتە ڤیدیۆیییانە یشدا کە لێرە و لەوێ پێشمەرگەکان گرتویانن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کانا بڵاویان کردونەتەوە.
ئەمە شەرحی یەکێک لەو گرتە ڤیدیۆیییانەیە کە بە ناونیشانی: "پێشمەرگە بە داعش را ئەبوێرێ" لە فەیسبوکا بڵاو کراوەتەوە. گومان ئەکەم لە جەلەولا گیرا بێ:
دو پێشمەرگە لە ژورێکان، لایەکی کراوەیە. یەکێکیان وێنەکەی گرتوە و ئەوی تریان ئەوەیە کە ئەیەوێ بە داعشەکە رابوێرێ. هەمو قەڵافەتی لە وێنەکەدا ئەبینرێ. ئەم پێشمەرگەیە پارچەیەک پەڕۆی رەش ئەکا بە سەر لولەی تفەنگەکەیەوە و بە ئاستەم و بە خێرایی پەڕۆکە پیشانی چەکدارەکەی داعش ئەدا. پیشان دان و فڕینی پارچە پەڕۆکە بە لولەی تفەنگی پێشمەرگەکەوە، بە فیشەکی چەکدارەکەی داعش، لە یەک چاوتروکانا رو ئەدەن.
بە داخەوە، دەرکەوت پێشمەرگە ئەو توانایەی لە بەکار هێنانی تفەنگی نیشانە شکێنا نیە. ئەمە یەکێکە لە خەلەلە گەورەکانی پێشمەرگەی کوردستان.
8. نە بون یان لاوازیی دیسپلینی سەربازی:
ژمارەیەک چیرۆکی ناخۆشم لە لایە (کاتی وتنیان نیە) کە لە زاری دو ئەفسەری بەرەی جەنگی دو حیزبی جیاواز وەرم گرتون، بەڵگەن لە سەر نە بونی دیسپلینی سەربازی و جیاکاری لە نێوان پێشمەرگەیەک و یەکێکی ترا، لە سەر بناغەی پێوەندی خوێن و سۆز لەگەڵ لێپرسراوی یەکەمی شەڕگەکە.
چۆن ئەم کەموکوڕییە کوشندانە نەهێڵین؟
ئەمانەی خوارەوە تاکە رێگەن بۆ دڵنیایی بەخشین بە خەڵکی کوردستان کە سەروماڵ و وڵات و کەرامەتیان پارێزراو ئەبن:
1. دروستکردنی سپایەکی نیزامی- نیشتمانی، دور لە هەژمونی هیچ حیزبێ. وەلا و ئینتیمای تەنیا بۆ خاک و خەڵکی کوردستان بێ.
2. دروستکردنی لەسەر بناغەی (تطوع) یان (تجنید إجباری) یاخود (تطوع- تجنید) بێ.
3. بە ژمارە کەم و بە چەک و شارەزایی و پسپۆڕی لە ریزی سپا پێشکەوتوەکانی دنیا بێ.
4. تەبعەن، ئەبێ لە سایەی حوکمێکی دیمۆکراسیی راستەقینە دا بێ، تا دەس لە سیاسەتی ناوخۆ وەر نە دا و، ئەرکی هەوەڵ و ئاخری بریتی بێ لە: پاراستنی سنورەکانی کوردستان لە دەسدرێژی و تەماحی بێگانە و، رو بە رو بونەوەی کارەساتە سروشتییەکان.
له (سبهی )وه