ئــەخـــلاقــی دار
سەردار عەزیز

ئەخلاق وەها دادەنرێت کە خەسڵەتێکی مرۆیی بێت. بەو مانایە، مرۆڤ خۆی، کردوە بەبونەوەری خاوەن ئەخلاق لەدونیادا. ئاینداران هەوڵدەدەن، خاوەندارێتی ئەخلاق قۆرغ بکەن. بەوجۆرە بۆ ئەوەی ئەخلاقت هەبێت دەبێت مرۆڤێکی ئاینداربیت.

 لەسەردەمی مۆدرێندا رەچەڵەکی ئەم دیدە دەگەڕێتەوە بۆ بیرمەندو نوسەری گەورەی روسی فیدۆر دۆستیەڤیسکی. رستە بەناوبانگەکەی کەدەڵێت بەبێ خودا و ژیانی نەمریی هەموو شتێک رەوایە یان رێگەپێدراوە.

رستەیەکە هەمیشە هەوادارانی ئاین، وەک راستییەکی حاشاهەڵنەگر دەیڵێنەوە. گوایە ئەم رستەیە لەڕۆمانی برایانی کارامازۆفدا نووسراوە. وەک زانراوە، دۆستیەڤیسکی نوسەرێکی خاوەن دیدو ئەخلاقی مەسیحییە، نەک تەنها وەک خۆی، بەڵکو لەسەرجەم نووسینەکانیشیدا. ئەم پێکەوە گرێدانەی ئاین و ئەخلاق بەبێ کێشە نەماوەتەوە. دیاریترین رەخنە لەئەم دیدە، لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا لەلایەن سلاڤۆ ژیژاکەوەیە.

بەڕای ژیژاک، مرۆڤ بەگشتی دژ بەئازاردان و کوشتنن، بەڵام ئەوەی دەتوانێت وەهایان لێبکات کە هەست بکەن کەئازاردان و کوشتن پێویستە یان رەوایە یان رێگەپێدراوە جۆرێکە لەئاین. لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر ئاین داڕێژەری ئەخلاق بێت، ئەوا یانی بونیادنەری دونیای مرۆڤە، کە تیایدا سنورڕێژی باشەو خراپەی بۆ دەکات.

 لەهەمانکاتدا رستەکە خۆی هەڵگری جۆرێک لەپۆلنکارییە، کە ئەخلاق و باڵایی دەدات بەئاینداران و هەبونی ئەخلاق لەنائاینانان مەحاڵ دەکات. بەڵام ئەگەر ئاین بتوانێت مرۆڤ بکاتە کەسێکی ئەخلاقی بەهەمانشێوە دەتوانێت بیکاتە کەسێکی تەواو نائەخلاقی. چونکە ئەوە مرۆڤ خۆی نیە کە خاوەنی ئەخلاقە، بەڵکو ئەخلاق بەهایەکی دەرەکییە.

بۆ نمونە زۆرێک لەئەوانەی کەپیرەژنە ئێزیدییەکانیان کوشت، چونکە بەکەڵکی سێکس نەدەهاتن، ئەوانەی کە بەکەڵکی سێکس دەهات کردنیان بەسەبایا، خەڵی گوندە دراوسێکانی ئێزیدیەکان بوون. ئەوەی رێگەی دان کە ئەو کارە بکەن، باوەڕی توندڕەوەیی داعش بوو. بەم پێیە ئەوە ڤێرژنێکی ئاین بوو کەسێکی ئاسایی کردە دڕندەیەک لەدۆخێکی کەمدا.

کەواتە لێکدانەوەکەی ژیژاک زیاتر لەڕەهەندێکی باوەڕی ئاینی دەبینێت، بەڵام دۆستیوڤیسکی تەنها یەک رەهەندی دەبینێت. کاتێک کە دەزانین دۆستیوڤیسکی باوەڕدارەو بانگەشە بۆ دیدی لەئەو جۆرە دەکات، ئەوا دەستوبرد دەبێت ئەو ژینگە سیاسی و فیکرییە ببینین کە تیایدا گەشەی کردووە و بۆچی وەها قسەی وەهایکردووە یان لەزاری پاڵەوانی رۆمانەکەیەوە دەریبڕیوە.

روس لەپەراوێزی ئەوروپادان. ئەم پێگە جیوپۆلەتیکییە، دۆخێکی برینداری بۆ دروستکردوون، بۆیە رەوتی بەرەو ئەوروپی و رەوتی پێچەوانەکەی سەردەمێکی زۆرە لەئەدەب و بیری روسیدا بونیان هەیە. رۆمانی کوڕو باوکی تۆرگینف بۆ نمونە، یەکێکە لەو دەقانەی کە ئەم ململانێییەی بەزەقی تیادا بەرجەستە بووە.

 بەم پێیە دۆستیوڤیسکی لەمیانەی ململانێیەکی فیکریی سیاسیدا ئەم دیدەی دەربڕیوە. کەواتە گرێدانی ئەخلاق بەئاین و بینینی ئەوروپا وەک سەرزەمینی بێ ئاین، هەوڵێکە بۆ بێئەخلاقکردنی ئەوروپا. ئێمە دەزانین لەسەفەرنامەکەی ئەودا بۆ ئەوروپا ئەم دیدە زۆر باشتر بەرجەستەبوە. ئەمەشە وەها دەکات کە کیسنجەر خوێندنەوەی دۆستەیوڤیسکی بەگرنگ بزانێت بۆ تێگەیشتن لەپوتین.

هەمومان دەزانین کە چەندێک ئەم دیدە لە ناو خەڵکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بڵاوە. بەڵام هەمومان باش دەزانین کەئەم دەربڕینە هیچ پەیوەندی بەواقیعەوە نیە، ئەوەندەی پڕوپاگەندەی ململانێی شارستانیەتەکانە. بەڵام با لەڕوانگەیەکی ترەوە لەم پرسە بنواڕین. چەند ساڵێک لەمەوپێش دارستانناسی ئەڵمانی پیتەر ڤۆڵبین کتێبێکی بەزمانی ئەڵمانی نووسی لەژێر ناونیشانی ژیانی نهێنی دارەکان: چۆن دار هەست دەکات، پەیوەندی دەکات. The Hidden Life of Trees: What They Feel, How They Communicate – Discoveries from a Secret World کتێبەکە یەکێکە لەئەو کتێبانە کەخێرا بوو بەدیاریدە.

دیارە کتێبەکە پڕاوپڕ زانستیە بەڵام بۆ هەموان نوسراوە. سەرباری ئەوەش لەکاتی خوێندنەوەیدا پێویستت بە فەرهەنگی زمانییە بۆ تێگەیشتن لەکۆمەڵێک زاراوەی زانستی تایبەت. لەکاتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا، روداوی داربڕینی سوپای تورکیا لەکوردستان رووداوی زاڵی ئەو رۆژانە بوو.

ئەگەرچی پێویستت بە خوێندنەوەی کتێبێکی وەهانیە بۆ ئەوەی لەدڕندەیی سوپای تورک و سەرانی دادو گەشەپێدان تێبگەیت، بەڵام کتێبەکە هێندەی تر، ئەو ئازارە بەسوێ دەکات. بەپێی پیتەر دار ژیانێکی کۆمەڵایەتی دەژی.

ژیانی کۆمەڵایەتی بەئەو مانایەی کە دار تەنها لەپێناو خۆیدا ناژی و خەمی خۆی ناخوات بەڵکو بەردەوام لە پەیوەندی و هاریکاریدایە لەگەڵ دارەکانی تردا لەپێناو هاوکاری و گەیاندنی پەیام و خواردن و ئاگادارکردنەوە لەمەترسی.

دارەکان لەڕێگای ریشەکانیانەوە، لەڕێگای دەردانی بۆنی تایبەتەوە، لەڕێگای ئەو کەڕووە زۆرانەی کە خاکی ناو دارستانی تەنیوە کۆمەڵگایەکی چڕ پێکەوە دروستدەکەن. کاتێک دارێک نەخۆش دەکەوێت، یان ئازار دەدرێت هاوکاری دەکەن، خۆراکی بۆ دەنێرن. دار پەیوەستە بەخاکیەوە، کاتێک دارێک دەگوێزرێتەوە بۆ جێگایەکی تر، ئەوا هەرگیز وەک سەرەتا بەو خاکەوە پەیوەست نابێت، بۆیە ئەو دارانەی کە بە گەورەیی لەجێگایەکی تر دەنێژرێن هەرگیز زۆر ناژین.

هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە دار وەک مرۆڤ، زۆرجار بگرە زیاتریش، بونەوەری ئەخلاقین. دار خەم دەخوات، هاوکاری دەکات، پەیام دەگەیەنێت، گۆڕینەوە دەکات. هەموو ئەمانە بنەمای ئەخلاقن. بەم پێیە ئەخلاق نەک هەر ئاینی نیە، بەڵکو تەنانەت خەسڵەتێکی تاقانەی مرۆڤیش نییە

مرۆڤ کاتێک دەیەوێت دار بڕوێنێت بەبێ تێگەیشتن لە سروشتی دار وەک خۆی، تێگەیشتنی مرۆڤانە بەسەر داردا دەچەسپێنت. بۆ نمونە مرۆڤ دەیەوێت ماوە لە نێوان دارەکاندا زیاتر بێت هەتا باشتر گەشە بکەن. بەڵام دار لە سروشتی خۆیدا بەوجۆرە نیە. دار حەز دەکات داری جیاوازیش لە دەوری بێت چونکە هەر دارێک بە جۆرێک پێداویستی خۆی دابین دەکات، ئەوکاتە لەبری کێبڕکێ گۆڕینەوە لە نێوانیاندا دروست دەبێت.

دار بەگشتی حەزناکەن تەنها بن. داری تەنها زۆر ناژی. دار حەزی لەدارستانە. کەواتە ئەوە هەر مرۆڤ نیە بونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، دارو ئاژەڵیش کۆمەڵایەتین. لە ناو کۆمەڵگای داریشدا داری وەها هەیە کە حەزی بەتێکەڵی و کۆمەڵایەتی بوون نیە، (گەرمیانی واتەنی لارە) بەڵام خۆشبەختانە ناتوانێت کاریگەری نێگەتیف لەسەر سیستەمەکە دروست بکات.

هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە دار وەک مرۆڤ، زۆرجار بگرە زیاتریش، بونەوەری ئەخلاقین. دار خەم دەخوات، هاوکاری دەکات، پەیام دەگەیەنێت، گۆڕینەوە دەکات. هەموو ئەمانە بنەمای ئەخلاقن. بەم پێیە ئەخلاق نەک هەر ئاینی نیە، بەڵکو تەنانەت خەسڵەتێکی تاقانەی مرۆڤیش نیە. ئەم زانیاریانە دەرخەری ئەوەن کە چۆن ئاینداران لەهەوڵی ئەوەدان کەئەخلاق قۆرغبکەن بۆ ئەوەی لە رێگایەوە مرۆڤ کۆنترۆڵ بکەن.

داهێنانی گوناه و توانای لێبوردن ئەو بنەمایانەن کە نیتچە وەک ئامرازی کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ لەلای ئاینەوە بەکاردەهێنرێن. بەڵام چیدی مرۆڤ هێندە چاوبەستراوو توقیونیە. ئەمرۆ کاتێک سوپای خەلیفە دارستانەکانی کوردستان دەبڕن و دەیدزن، بەهۆی تێکەڵی دین بەسیاسەت لەتورکیای ئەمڕۆ، خەڵکانێکی زۆر نەک هەر بێدەنگن، بەڵکو رەوایی پێدەدەن. دیسانەوە بەڵگەیەکی ترە کەدین دژ بەئەخلاقە. بڕینەوەی دارستانەکانی کوردستان لەمیانەی بەرنامەیەکی بەرفراوانی پارتی دادو گەشەپێدانی ئیسلامیدایە، دژ بەمرۆڤ و سروشت و ئاژەڵ و سەرتاپا ژینگە.

ئەمە خۆی لە کەمکردنەوەی ئاوی رووبارەکان و کوشتنی ژینگەی مرۆیی و ئاژەڵی ملیونان مرۆڤ و ئاژەڵدا خۆی دەبینێتەوە. لەبڕین و دزینی دارستانەکان و بڕینی قوتی خەڵکی رەسەنی ئەو جێگایانە. ئاین کاتێک پلەبەندی لەنێوان بوونەوەرەکاندا دروستدەکات و مرۆڤ دەکاتە بونەوەری باڵاو هەموو ئەوانی تر دەبێت بۆی مسەخەربن، لەهەمانکاتدا لەنێوان مرۆڤەکاندا پلەبەندی دروست دەکات، هەرگیز ناتوانێت ببێتە بنەمای ئەخلاقی مرۆیی. بەڵام دەبێت ئەوە لەبیر نەکەین کەئاین هەمیشە رۆڵی دووەمی هەیە، نەک رۆڵی سەرەکی.

-hawlati

AM:02:50:19/06/2021