ئەنفال و بێ ماڵی
سەردار عەزیز
کە لە هەشتاو هەشت بەعس ماڵی مناڵیمی ڕوخاند، من هێشتا تەمەنم پانزە ساڵان بوو. هەست دەکەم پاش ئەوە بۆ هەمیشە بێ ماڵ بووم. هەرچەندە سمود تەنها ٥٠ کیلۆمەتر دوور بوو، بەڵام دونیایەکی تەواو تەواو جیاوازبوو. بێ ماڵی دەردێکی کوشندەیە. هەرچەندە هەندێک بە دۆخێکی شاعیرانەی دەبینن، بەڵام نەمانی سەقامگیریی، یادەوەری، ڕەگ، بەردەوامی، دوبارە، هەموو وەهات لێدەکەن کە ئامادەبونت لە دونیادا پڕ ئاڵۆزی بێت. ئەم بێماڵییە، پاڵنەرم بوو بۆ گەڕان بە دوای ماڵدا لە کتێبەکاندا. بوارێکی ئێجگار بەرفراوان لە بیری مرۆڤایەتی بۆ ئەم پرسە تەرخانکراوە. بەڵام بیرکردنەوە دۆخەکە هێندەی تر خەستتر دەکاتەوە. جەدەلێکی گەورە هەیە لە نێوان هایدگەر و لیڤیناسدا لەمبارەوە. لیڤیناس بڕوای وەهایە، بایەخدانی زۆری هایدگەر بە بوون، گرنگی ئەخلاقی ئەویتری پەراوێزخستوە. بەڵام ئەو میتافۆرەی ساڵانێکی زۆرە لە ئاگایمدا وێنای دەکەم پەیوەندی دار و هەرێزە لای دۆلۆز.
هەست دەکەم پاش ئەنفال وەک هەرێزم لێهات، بە ڕەگێکی کەمەوە بە سەر ڕوی زەوییەوە، بە ئاسانی دەکشێم. بەڵام ڕەگ و قوڵاییم لە هیچ کوێدانیە. لەم دواییانەدا بۆم دەرکەوت لە ڕاستیدا مرۆڤ تەنها دەتوانێت لە یەک جێگا ڕەگ داکوتێت، ئیتر لە هەر کوێی دونیابێت تەنها وەک چەپکێک لە هەرێز وەهایە. هەرێزی دۆلۆز وەک ئامادەبونێکە بۆ بەردەوام گۆڕانکاری لە خوددا. بەڵام ئەمە کورد واتەنی تەنها بە دەم خۆشە.
ڕەنگە ئەمە یەکێک بێت لەو کێشانەی کە لە تەمەنمدا هەرگیز ئینجانەیەکم نەبووە. تەنها ئەمساڵ، ڕۆژێکیان ڕۆشتم لە دوکانی پاکستانییەکە نیوکیلۆ فیسقەم کڕی و لە باخچەکەی پشتەوە چاندم، تەڕە پیازێکی خۆشم لێ بەرهەم هێنا. ئێستا بە نیازم بەشێک لە سەربانی گەراجەکەش بکەمە سەوزە. 
ئایا دواجار نیشتەجێ دەبم؟ پەیوەندییەکی ئەخلاقی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەرونی ئاڵۆز هەیە لە نێوان نیشتەجێبون و ماڵ و گەڕیدەییدا. وەها دیارە ماڵ و ڕەگداریی تەنها لە یەک جێگا دەبێت. لەو شوێنەی کە ئاشنایی، سەقامگیریی، ووردە چیرۆک و ناسراویی و یادەوریی بونیان هەیە.


AM:01:02:14/04/2022