میترۆ، سلێمانی
كهناڵی کوردستان تیڤی ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ وێنەگری کوردستان تیڤی لەماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن چەند دەمامکدارێکەوە لە داقوق کوژراوە.
کوردستان تیڤی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دهست میترۆ كهوتووه تیایدا هاتووە: کاتژمێر سێی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن هەشت چەکداری دەمامکدارەوە هێرشکراوەتە سەر ماڵی (ئەرکان شەریف فەتحوڵا) لەناو ماڵەکەیدا بە بەرچاوی ژن و منداڵەکانیەوە زۆر دڕندانە کوژراوە و بەچەقۆ شەهیدییان کردووە.
هەروەها دەشڵێت: دوای داگیرکردنی کەرکوک و دەوروبەری لەلایەن حەشدی شەعبیەوە (ئەرکان)یش وەک زۆربەی خەڵکی کەرکوک ئاوارەبوو، لە سلێمانی و دوای ماوەیەک ناچاربوو بگەڕێتەوە بۆ سەر وەزیفەکەی خۆی کە بەڕیوەبەری قوتابخانەبوو لە گوندی هەفتەغار.
لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم ڕووداوە و دەیان ڕووداوی تر لەناوچە جێناکۆکەکان دوای داگیرکردنی لەلایەن حەشدی شەعبیەوە، ئەوە دەسەلمێنن ئەم ناوچانە نەک ئارام نین وەک حکومەتی عێراق و هەندێک لە تاقمی کوردی پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن، بەڵکو بە بەرنامە پاکتاوی کورد دەکرێت.
کوردستان تیڤی داوا لە ڕیکخراوە جیهانییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕۆژنامەنوسان دەکات فشار بخەنەسەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی کۆتایی بەداگیرکاری لەناوچە جێناکۆکەکان بهێنێت.
ئەرکان شەریف فەتحوڵا، لەدایکبووی ١٩٦٧ی شارۆچکەی داقوقی سەربە پارێزگای کەرکوکە، دەرچووی کۆلێژی پەروەردەیە و خاوەنی سێ منداڵە و لەساڵی ٢٠٠٤ەوە وەک وێنەگر لەگەڵ کەناڵی کوردستان تیڤی ئۆرگانی فەرمی پارتی کاریکردووە.