هیومان رایتس وۆچ داوای لێکۆڵینەوە لەكوشتنی‌ رۆژنامه‌نوس ئەرکان شەریف دەکات



میترۆ
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ راگەیێندراوێکی لەبارەی كوشتنی‌ رۆژنامه‌نوس ئه‌ركان شه‌ریف کامێرامانی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان له‌داقوق بڵاوده‌كاته‌وه‌و بەڕێوەبەری لقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی رێكخراوه‌كه‌ش به‌پێویستی‌ ده‌زانێت كه‌ حکومەتی عێراق به‌بەڵگەی راستەقینە رونیبکاتەوە کە کێ لەکوشتنی ئەو رۆژنامه‌نوسە کوردە بەرپرسە.
 
لەراگەیێندراوەکەی هیومان رایتس وۆچ-دا هاتووە، رۆژی 30ـی تشرینی یەکەم، نزیكه‌ی‌ 6 كه‌سی‌ دەمامکدار بەجلوبەرگی سەربازییەوە چونەته‌ سەر ماڵی رۆژنامه‌نوس ئه‌ركان شه‌ریف لەقه‌زای‌ داقوق‌و بەچەقۆ کوشتویانه‌.
 
هیومان رایتس وۆچ رونیكردۆته‌وه‌ كه‌ لەرۆژی 16ـی تشرینی یەکەمەوە هیچ هێزێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەداقوق نه‌ماوه‌، بۆیە دەبێت بەرپرسانی حکومەتی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەکوشتنی ئەرکان شەریف پێکبهێنن‌و دواتریش ئەنجامەکەی ئاشکرا بکەن.
 
سارا ویتسن، بەڕێوەبەری لقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هیومان رایتس وۆچ، رایگەیاندووه‌، پێویستە حکومەتی عێراق بەبەڵگەی راستەقینە بۆ خەڵکی رونبکاتەوە کە کێ لەکوشتنی ئەو چالاکوانە کوردە بەرپرسە، ئەوەش بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە تەنیا هێزە عێراقییەکان لەو شارۆچکەیەدا هەن.
 
هیومان رایتس وۆچ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ بەوتەی کەسێکی ئاگادار لەروداوەکە لەدەوروبەری کاژێر 1ـی شەو چەکدارەکان هێرشیانکردۆتە سەر ماڵی کامێرامانەکە، سەرەتا ئەو چەکدارانە کارەبای ماڵی ئەرکانیان بڕیووەو دواتر چونەتە ژورەوەو بەلای کەمەوە 10 جار بەچەقۆ لێیانداوەو کوشتوویانە.
 
ئەو کەسە ئاماژە بەوە دەکات کە چەکدارەکان بەتورکمانی قسەیان لەگەڵ یەکدی کردووەو نزیکەی 25 هەزار دۆلارو هەندێک زێڕیشیان لەماڵەکەی بردووە.
 
هیومان رایتس وۆچ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ لەرۆژی 16ـی تشرینی یەکەمەوە حەشدی شەعبی داقوق‌و دەوروبەری کۆنترۆڵکردووەو هێزێکی پۆلیس‌و چەند هێزێکی دیکەی چەکداریش لەناوچەکەدا هەن.


ئاوێنه‌


AM:11:08:04/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌