هەڵکەوت عەزیز خەڵاتی باشترین پەیامنێری لە عێراق پێدرا




میترۆ,رووداو 

لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی، سەرکردەی سیاسی و پەرلەمانتار، هەڵکەوت عەزیز لەسەر ئاستی عێراق، بە باشترین پەیامنێری ساڵی 2022 هەڵبژێردرا.
 
ئەمڕۆ شەممە 28-1-2023، هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا لەلایەن مەوازین نیووز بە باشترین پەیامنێری ساڵی 2022 دیاریکرا. بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران خەڵاتەکان بەسەر پەیامنێر، بێژەر و چەندین رۆژنامەڤان و کەسایەتیی دیکە دابەشکران.
 
لە رێورەسمەکەدا هەڵکەوت عەزیز قسەی بۆ مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو کرد و گوتی: "سوپاسی  خەڵکی کوردستان دەکەم کە پشتگیری تەواوی من بوون بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە، وەک کوردێک بە ئامادەبوونی کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق، بە جلوبەرگی کوردییەوە دەچمە سەر ستەیج." 

هەڵکەوت عەزیز گوتی، "سوپاسی بەرێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دەکەم کاک (ئاکۆ محەممەد)، پشتیوانی تەواوی من بوون تا ئەم ساتەی خەڵات دەکرێم، سوپاس بۆ هاوکارانم لە رووداو، سوپاسی خێزانەکەم دەکەم، بەتایبەت دایک و باوکم."   
 
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەکرد، "بەراستی زۆر ماندووبووین، لە زۆر شەڕ و رووماڵی ناخۆشدا بەشداریمانکرد، شەڕی داعش و گرووپە چەکدارەکان، رووماڵەکانمان تەنها لە عێراق نەبوو بەڵکو لە سوودان، قەتەر، ئیمارات و سعودیە رووماڵمان کردووە، دوای ئەو هەموو ماندووبوونە دەتوانم بڵێم خۆشحاڵ بووم ئەنجامی بەشێک لەو ماندووبوونە دەبینم و لێرە ئامادەم بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین پەیامنێر لەسەر ئاستی عێراق." 


هەڵكەوت عەزیز بەردەوام لەگەڵ هاوكارانی لە نووسینگەی بەغدا، رووداوەكانی عێراق و دۆخی ژیانی هاووڵاتییان رووماڵ دەكات، مانگی حوزەیرانی 2018 رووماڵێكی بەرفراوانی خۆپێشاندانەكانی خەڵكی بەسرەی كرد.
 
ڤیتییەكانی هەڵكەوت عەزیز سەبارەت دۆزینەوەی 76 رووفاتی ئەنفالكراوانی كورد لە بیابانەكانی سەماوە لە مانگی تەممووزی 2019دا، چیرۆكی ئەو منداڵانەی لەكاتی گولـلەبارانكردندا تووند خۆیان بە باوەشی دایكیانەوە نووساندبوو، بۆ خەڵكی كوردستان زۆر هەستهەژێن بوون. 

هەڵكەوت عەزیز، خەڵكی شاری كەركووكە، لە ساڵی 1989دا لە ئاوارەییدا لە شاری هەولێر لەدایكبووە. بڕوانامەی دیپلۆمی لە بواری دەرهێنان لە بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی كەركووك وەرگرتووە. نزیكەی 10 ساڵە لە بواری میدیادا كاردەكات. لە كەركووک بۆ چەند كەناڵێكی ناوخۆیی و ئاسمانی كاری كردووە بەر لە كاركردنی لە رووداو.
 
خولیای هونەری شانۆیە، وەك ئەكتەر و دەرهێنەر بەشداری چەندین شانۆگەری كردووە.


AM:10:07:29/01/2023




ئه‌م بابه‌ته 660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌