نێچیرڤان بارزانی: نابێت بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بکرێتە بارمتەی سیاسی



سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی، یەکێتی یادگاریی مام جەلالە و بۆ یەکڕیزی، دەبێت لەسەر بیر و ئاراستەی ئەو کار بکات. لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش گوتی، نابێ مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان بکرێتە بارمتەی سیاسی.
 
لە کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023، لە سلێمانی دەستی بە کارەکانی کرد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد و پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەی لە ئەندامانی یەکێتی کرد و گوتی، "بەوپەڕی رێز و شکۆوە لەم رۆژەدا خوالێشخۆشبوو مام جەلال بەبیردێنینەوە و گیانی شاد و ئاسوودە بێت".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، یەکێتی یادگاریی مام جەلالە و دەبێت لەسەر هەمان گیان و بیر و ئاراستەی ئەو بۆ تەبایی و چارەسەری کێشەکان بەردەوام بێت.
 
نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا گوتی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆڵێکی دیار و سەرەکی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا هەبووە و لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دوو هێزی سەرەکیی دامەزرێنەری ئەزموون و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بوون و رایگەیاند، "ئێستاش یەكێتی لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش یەکێکە لە هێزە کاریگەرەکان".
 
نێچیرڤان بارزانی گوتی، "ئەزموونی کارکردنی پێکەوەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان؛ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و خوالێخۆشبوو جەنابی سەرۆک مام جەلال سەلماندوویەتی کە سەرکەوتن لە یەکڕیزی و هاوبەشی و کاری پێکەوەییدایە".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەردەوامیی گوتارەکەیدا گوتی، "سەرکەوتنی راپەڕین و جێگیرکردنی فیدراڵی بەرهەمی راستەوخۆ و هاوکاریی و تەبایی و برایەتی بووە. ئێستاش بۆ پاراستنی دەستکەوت و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان تاکە رێگە هاوبەشی و پێکەوە کارکردنە لە هەرێمی کوردستان و بەغدا و پێچەوانەکەشی زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت."
 
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، ئاساییە لایەنەکان جیاوازیی بیری سیاسییان هەبێت، بەڵام پێویستە بەرژەوەندییەکی هاوبەش هەموویان کۆبکاتەوە، ئەویش پاراستنی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بێت.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، وێڕای هەموو هەوراز و نشێوی و کەموکوڕییەکان، هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی جوانی لە ناوچەکەدا پیشانداوە و بووە بەهۆی ئەوەی لە عێراق و جیهاندا بە رێزەوە لێی بڕواندرێت.
 
نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا بە گرنگییەوە باسی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرد و گوتی، "هەڵبژاردن وەکو بنەمای سەرەکیی رەوایەتی دەسەڵات و حوکمڕانی بۆ هەرێمی کوردستان پێویستە یەکەم و لەپێشەوە بێ؛ دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەکان کار بکەن بۆ ئەوەی شوباتی داهاتوو هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بەڕێوەبچێت؛ هەرێمێکی کوردستانی بەهێز دەتوانێت رۆڵ و کاریگەری باشتری لە هەموو عێراق هەبێت و بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی بکات".
 
لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "جەخت دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت هەموو کێشە و ناکۆکییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەگوێرەی دەستوور چارەسەر بکات. نابێ بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بکرێتە بارمتەی سیاسی. دەبێت هەموو لایەنەکانی عێراق بزانن دروستکردنی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان خزمەت بە عێراق ناکات".
 
دەقی گوتاری نێچیرڤان بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی:
 
رۆژباش، هەموو لایەکتان بەخێربێن
 
کاک بافڵ ئێستا من بڵێم سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی؟ چونکە گوتت دوای پێنج دەقەی دیکە تۆ سەرۆک نیت، تەواو.
 
رۆژباش؛ هەموو لایەکتان بەخێربێن
 
بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ بەڕێزان، ئامادەبووان و ئەندامانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. خۆشحاڵم لەگەڵ ئێوەی بەڕێزدا ئەمڕۆ بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی کارەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیستمانیی کوردستان دەکەم.
 
پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرە لە تەواوی ئەندامان و جەماوەری یەکێتی دەکەم؛ هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوە و کۆنگرەکەتان دەخوازم. هیوادارم کۆنگرە بۆ دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجامی باش و ئەرێنی لێ بکەوێتەوە. هەر لێرە و لەم رۆژە گرنگەدا، بەوپەڕی رێز و شکۆوە خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال بەبیر دەهێنینەوە، گیانی شاد و یادی هەمیشە بەخێر بێت. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یادگاریی مام جەلالە و دەبێت لەسەر هەمان گیان، بیر و ئاراستەی ئەو بۆ لێکتێگەیشتن، تەبایی و چارەسەری کێشەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، لەسەر ئەو رێچکەیەی مام جەلال بەردەوام بێت.
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆڵ و پێگەیەکی دیار و سەرەکی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستاندا هەیە. یەکێتی لە سەردەمی ئازادیدا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دوو هێزی سەرەکیی بونیاتنەر و دامەزرێنەری ئەزموونی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بوون. ئەوان بە بەشداری و هاوکاریی بەرەی کوردستانی و هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکە، مێژووی نوێیان بۆ گەلی کوردستان نووسییەوە. ئێستاش یەکێتی لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیش یەکێکە لە هێزە سەرەکییەکانی پرۆسەی سیاسی، ئەوەش بەرپرسیاریەتییەکی گەورەی نیشتمانی دەخاتە سەر شانی یەکێتی. ئەوان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستاندا هەموویان پێکەوە ئەرکی پاراستنی یەکڕیزی، تەبایی و کاری هاوبەشیان لەسەرشانە بۆ ئەوەی ماف و دەستکەوتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزن.
 
بەڕێزان...
 
ئەزموونی پێکەوە کارکردنی پارتی و یەکێتی و هاوکاری و برایەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و خوالێخۆشبوو جەنابی سەرۆک مام جەلال سەلماندوویەتی کە سەرکەوتن لە یەکڕیزی و هاوبەشی و کاری پێکەوەییدایە. سەرکەوتنی راپەڕین، جێگیرکردنی فیدراڵی و زۆرێک لە مافەکانی گەلی کوردستان لە دەستووری عێراقدا، ئاوەدانی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی راستەوخۆی ئەو هاوکاری و تەبایی و برایەتییە بووە.
 
ئێستاش بۆ تێپەڕاندنی هەموو سەختییەکان و چارەسەرکردنی کێسەکان؛ بۆ پاراستنی دەستکەوت و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، تاکە رێگەیەکمان لەبەردەمدایە، ئەویش بەردەوامی و درێژەدانە بە هاوکاری، یەکتر قبووڵکردن، هاوبەشی و کاری پێکەوەیی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، لێرە و لە بەغدا. هێز و مانەوەی هەموومان لە یەکڕیزی و تەباییدایە. پێچەوانەکەشی زیان و لاوازیی هەرێمی کوردستانە.
 
ئەم قۆناخە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان ئەوە دەخوازێت کە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان، هەرچی ناکۆکییان هەیە بەلاوەی بنێن، هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەن و هەموومان پێکەوە یەکهەڵوێست، یەکدەنگ و بەهێز لە بەغدا بین. دەبێ ئەوە ئامانجی هاوبەش و کۆکەرەوەی هەموومان بێت. ئاساییە لایەنەکان رکابەری سیاسی و جیاوازییان لە بیروبۆچوونی سیاسیدا هەبێت، بەڵام پێویستە بەرژەوەندییەکی هاوبەش، هەموومان بۆ ئامانجێکی هاوبەش کۆبکاتەوە کە پاراستنی ئەزموون، ماف و دەستکەوتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە.
 
هەرێمی کوردستان کاتێک بەهێزە کە لایەنە سیاسییەکان یەکڕیز و تەبا بن و دامەزراوەکانی سەربەخۆ و پارێزراو و رێزلێگیراو بن؛ هەروەها کاتێك دەستوەردانی حیزبی و سیاسی لە کاروباری دامەزراوەکان، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکاندا نەبێت. هەرێمی کوردستان کاتێک بەهێزە کە لایەنە سیاسییەکان بەرژەوەندیی باڵای گەل و وڵات بخەنە پێش هەموو بەرژەوەندییەکی دیکەوە؛کە ململانێی حیزبی و سیاسی نەبێتە مەترسی و هەڕەشە لەسەر قەوارەی سیاسی و دەستووری هەرێمی کوردستان.
 
ئامادەبووانی بەڕێز...
 
هەرێمی کوردستان لە راپەڕینەوە تاوەکو ئێستا وێڕای هەموو هەوراز و نشێوی و کەموکووڕییەکان، ئەزموونێکی جوانی لە ناوچەکەدا پیشانداوە کە بووەتە مایەی سەرنج و رێزلێنانی جیهان و عێراق. دیموکراسی، ئازادییەکان، مافەکانی مرۆڤ، ئازادی رادەربڕین، ئازادی رۆژنامەڤانی، پێکەوەژیان، یەکتر قبووڵکردن، لێبووردەیی، فرەیی ئایینی و نەتەوەیی، هەموو ئەوانە ئەو سیما و بنەما و بەها هاوبەشانەن کە هەرێمی کوردستان بە جیهانی پێشکەوتووی مرۆڤایەتی دەبەستنەوە و بوونەتە مایەی رێز و شانازی گەلی کوردستان.
 
ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەبێ بۆ هەمیشە دەست بە بنەما و بەها باڵاکانی مرۆڤایەتییەوە بگرین و بیانپارێزین؛ دەبێ هێز و لایەنە سیاسییەکان و دەسەڵات و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کار بۆ بەهێزکردنیان بکەن و بیانکەنە بنەمایەکی سەرەکیی بیر و کردار و کار و ژیانی سیاسی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیمان.
 
هەڵبژاردن وەکو بنەمای سەرەکی رەوایەتی دەسەڵات و حوکمڕانی بۆ هەرێمی کوردستان پێویستە یەکەم و هەر لەپێشەوەبێت. دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەکان کار بکەن بۆ ئەوەی شوباتی داهاتوو دەنگدانێکی سەرکەوتوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. هەرێمێکی کوردستانی بەهێز دەتوانێت رۆڵ و ئامادەیی و کاریگەریی باشتر لە بەغدا و لەسەر ئاستی هەموو عێراق هەبێت؛ دەتوانێت باشتر بەرگری لە دەستکەوتەکان و مافە دەستوورییەکانی بکات؛ دەتوانێ جێگەیەکی باشتر و بەهێزتر لە ناوچەکە و جیهاندا بگرێت. بۆیە بە پلەی یەکەم ئەرکی پارتی و یەکێتییە لەگەڵ هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کار بۆ سەرخستنی هەڵبژاردن بکەن.



















سەرچاوە/ ڕووداو



PM:01:11:27/09/2023




ئه‌م بابه‌ته 444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌