بەرپرسی نوسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دەڵێت، کچێکی دیکەی کوردی ئێزدی رزگارکرا، بەوەش ژمارەی رزگارکراوان گەیشتە سێ هەزارو 574 رزگارکراو.
حسێن قائیدی، بەرپرسی نوسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، کچێکی دیکەی ئێزدی بە ناوی (د. ا.)، کە بۆ ماوەی 9 ساڵ لە دەستی داعشدا بو، رزگارکرا.
حسێن قائیدی ئاماژەی بەوە کرد، ئەوانەی تاوەکو ئێستا رزگارکراون ژمارەیان سێ هەزار و 574 کەسە.
وتیشی، تەمەنی کچە رزگارکراوەکە 23 ساڵەو خەڵکی ناوچەیەکی شنگالە. لەکاتی رفاندنیدا، تەمەنی تەنیا 14 ساڵ بوە.
حسێن قائیدی بەبێ ئەوەی ئاماژە بەو شوێنە بکات کە کچەکەی لێ رزگارکراوە، وتی، سێ یان چوار کەسی دیکەش لەو ناوچەیەدا هەن، کە بۆ رزگارکردن دەستنیشانکراون ''ئەگەر توانرا، ئەوانیش رزگار بکرێن، ئەوکات ناوی ئەو وڵاتە ئاشکرا دەکەین."
بەرپرسی نوسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش ئەوەشی خستەڕو، تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق ''بە هیچ شێوەیەک'' بۆ رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی، هاوکاریی نوسینگەکەی نەکردوە.
سەرچاوە/ ئاوێنە