برایەکی گۆهدار زێباری سەبارەت بە سزادانەوەی گۆهدار زێباری بۆ جاری سێیەم، دهڵێت، سزادانی براکەی شەڕێکی دەروونیە بەرامبەریان دەکرێت و سزاکە یاسایی نییە و بڕیارێکی سیاسییە، دەشڵێت، یەکەمین جارە لە هەرێمی کوردستان کەسێک لەسەر تاپڕ سزا بدرێت کە براکەی منە.
دوای ئەوەی دوێنێ دادگای هەولێر بڕیاریدا بە لە زیندانهێشتنەوەی گۆهدار زێباری، بۆ ماوەی شەش مانگی تر، زیندان زێباری، برای گۆهدار بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووه، "حوکمەکە دیارە سیاسیە و دوورە لە یاسا، بە هیچ شێوەیەک ئەو سزایە یاسایی نیەو سیاسیە و دەستی لە پشتە، ئێمە هیوادارین دادگا یەکەمجار ئازاد ببێت کە دادگا ئازاد بوو ئەو رۆژنامەوانانەش ئازاد دەبن".
دەشڵێت، "ئەوە سێهەمین جارە گۆهدار داگایی دەکرێت، ئەمجارەش لەسەر تۆمەتی بێ بنەما سزا دراوە، پرسیاری چەند پارێزەرو دادوەرمان کردووە تا ئێستا کەس لەسەر چەک زیندانی نەکراوە، ئەگەر یەکێک چەکی پێبووبێت تەنیا کەسەکە غەرامە کراوە، ئەوە یەکەمینجارە کەسێک لەسەر تاپڕ سزابدرێت، لە کاتیکدا تاپڕەکەش هی گۆهدار نەبوو".
گۆهدار زێباری لە 22ی تشرینی یهكهمی 2020 لەگەڵ چەند کەسێک کە دواتر بە زیندانیانی بادینان ناویان دەرکرد، بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" دەستگیرکران و هەریەکەیان بەپێی ماددەی یەکەم لە یاسای ژمارە 21 ی ساڵی 2003 ی پەرلەمان کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ، بە 6 ساڵ زیندانیکردن سزادران. بەڵام پارێزەرەکانیان دەڵێن ئەوان هیچ کارێکیان نەکردبوو کە بە تێکدانی ئاسایش دابنرێت، بەڵکو خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان کردبوو و گروپ چاتێکیان لە سۆشیال میدیا دروستکردبوو.
گۆهدار لە مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سزاکەی بەڕێژەی 60٪ کەمکرایەوە. لەژێر رۆشنایی فهرمانەکەی سەرۆکی هەرێم، بڕیاربوو 16ی سێی 2023 گۆهدار ئازاد بکرێت، بەڵام دواتر لەلایەن دادگای کەتنی هەولێرەوە بە حهوت مانگ حوکمدرا بە تاوانی "گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی".
هەرچەندە وا بڕیاربوو لە مانگی 8ی ئەمساڵدا ئازاد بکرێت، بەڵام بە هۆی ئاڕاستەکردنی تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت جارێکی تر بۆ ماوەی شەش مانگی تر سزا درا، ئەو کات خێزانەکەی رایانگەیاندبوو، تۆمەتی براکەیان سەبارەت بە "تاپڕێکە کە لە باپیریانەوە بۆیان بەجێماوە و کار ناکات".
هەر سەبارەت بە کەیسی گۆهدار زێباری، دیندار زێباری بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندبوو، "لە هەرێمی کوردستان دادگاکان دەسەڵاتی سەربەخۆن و بڕیاری یاسایی خەسڵەتێکی تایبەتمەندە بە جومگەی هەرەمی دادوەری و هیچ لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری دادگا بکات".
بەڵام زێدان زێباری، برای گۆهدار پێی وایە، دەستێوەردان لە دادگاکانی هەرێمدا هەیەو دەڵێت: "تەنها دەڵێین با دادگا ئازاد بێت، بە داخەوە دادگا سەروەر نەبووە و روونە کە دەستێوەردانی حزبی و سیاسی و کەسی لە دادگاکاندا دەکرێت، رقی سیاسی و شەخسیە بەرامبەر گۆهدار و شێروان دەکرێت".
دەشڵێت: "داواکاریمان لە رێکخراو و کۆنسوڵخانەکان هەیە کە ئەو ناعەدالەتیەی بەرامبەر بەو رۆژنامەوان و چالاکوانانە دەکرێت بۆماوەی سێ ساڵە، هەرجارەو بە تۆمەتێک و هەرجارەو یەکێکیان سزا دەدرێت، لە زیندان رێگە نەدراوە کۆنسوڵخانەکان بچن براکەم ببینن وەک کۆنسوڵخانەی هۆڵەندا ئەڵمانیا و بهریتانیا و ئەمریکاش هەوڵیان داوە بچنە ژوورەوە، بەڵام رێگەیان نەدا بچنە ژورەوە و هێزەکان رێگریان کرد، بەڵام وەڵامێکی زۆر باش بوو بۆ رێکخراوو کۆنسوڵخانەکان کە خۆیان دۆخەکە ببینن، داواش دەکەین بە جدی تر ئیش لەسەر کەیسەکان بکەن و بگەیەندرێتە جیهان و ناوەندە نێودەوڵەتیەکان، دەست تێوەردانی کەسی لە دادگاکان نەبێت و دادگاکان ئازاد بن".
دەشڵێت: "ئێمە بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ یاسایین، یاسا لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە".
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت: "لەگەڵ زیندانیانی بادینان و کەس و کاریان شەڕی دەروونی دەکرێت، بۆ ئەوەی چۆک دا بدەین، بەڵام زیندانیانی بادینان هیچیان نەکردووە تا بچێنە لای سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و داوای ئازادی زیندانیانیان لێ بکەین، ئەوان لەسەر بیرو ڕای ئازاد و مافی خەڵک دەستگیر کراون، تاوانیان نەکردووە تا داوا بکەین و داوای لێبوردن لە سەرۆکی هەرێم و حکومەت بکەین".