ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: گۆهدار زێباری بە نادادپەروەرانە دادگایی كراوە



ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەنراوێگدا بڵاوی کردەوە، پێویستە حكومەتی هەرێم كۆتایی بە گرتنی ڕۆژنامەوانان و چالاكوانان بهێنێت، دەشڵێت: ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری بە نادادپەروەرانە دادگایی كراوە .

لە ڕاگەیەنراوەکەیدا ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە: ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری بۆ جاری سێیەم لە دادگای تاوانی هەولێر دادگایی كرایەوە، شەش مانگی دیكەش خرایە سەر سێ ساڵ زیندانیبوونەكەی. بە گوێرەی بڕیارە نوێیەكە، پێشبینی ئەوە دەكرێت لە ١٦ی شوباتی ٢٠٢٤ ئازاد بكرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە بنەڕەتەوە دادگاییكردنەكەی گۆهدار زێباری نادادپەروەرانە بووە، لە كۆتا دادگاییشی تۆمەتی ساختەی بۆ هەڵبەستراوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، نوێنەرانی چەندین كونسڵخانە و ڕێكخراو، ڕێگەیان پێنەدراوە بەشداری دادگایییەكە بكەن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە گرتنی ڕۆژنامەوانان، چالاكان و ئەوانەی ڕەخنە لە حكوومەت دەگرن بهێنێت.

دوێنێ پڕۆسەی دادگایکردنی گۆهدار زێباری لەدادگای هەولێر بەڕێوەچوو تێیدا بە تۆمەتی بەکارهێنانی چەکی بێ مۆڵەت بۆ ماوەی شەش مانگ سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرایەوە.

















سەرچاوە/ ڕۆژنیوز



AM:10:09:03/10/2023




ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌