كۆميسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق: سێ سیناریۆ بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان هەن



کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، سێ سیناریۆ بۆ یەکلاییکردنەوەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان هەن کە یەکێکیان ئەوەیە دوابخرێت بۆ دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان و کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمى کوردستان و ئەو کاتە ئەو کۆمیسیۆنە سەرپەرشتى هەڵبژاردنەکە بکات.
 
عيماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رۆژی دووشەممە، 2-10-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بۆ یەکلاییکردنەوەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان، چەند سیناریۆیەک هەن، لەوانە؛ هەرێمى کوردستان داوا لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بکات ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوە ببات کە پێویستى بە شەش مانگ ئامادەکارى دەبێت."
 
24ـی ئەیلوولى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق هەموارى مادەى دووى یاسای ئەنجوومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کورستانى بە "نادەستوورى" زانى و بەوەش کارى ئەنجوومەنى پارێزگاکان راگیرا.
 
عیماد جەمیل گوتى، "دووەم سیناریۆ ئەوەیە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دوابخرێت بۆ ئەوەى هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شەش مانگەى کۆمیسیۆن پێویستى پێیەتى".
 
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 25ى شوباتى 2024 بکرێت و لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە سەرپەرشتی بکرێت. 
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق گوتى، "سێیەم سیناریۆ ئەوەیە کە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دوابخرێت بۆ دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تاوەکو لە رێگەى ئەو پەرلەمانەوە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمى کوردستان کارابکرێتەوە بۆ ئەوەى سەرپەرشتى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بکات."
 
لە 30ـی نیسانی 2014 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو. دەبووایە 23ـی حوزەیرانی 2018 هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرایە، بەڵام بەهۆى ناکۆکیی سیاسى ئەو کاتە تێپەڕى و هەڵبژاردن نەکرا؛ بۆیە لە رێگەی هەموارى یاساکەوە تەمەنى ئەنجوومەنەکان درێژکرایەوە.
 
 























سەرچاوە/ ڕووداو



AM:11:08:03/10/2023




ئه‌م بابه‌ته 440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌